سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە نێوان ئەزموونی باوك و بەریتانیادا

12:09 - 2022-06-25
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
550 خوێندراوەتەوە

سیاسەت و كاری حزبی و دەوڵەتداری، ئەوەندەی ئەزمون و لێزانینە، هێندە دروشم و قسەی باق و بریق نییە، سەركردە عیراقییەكان بە هەموویان هێندەی «مام جەلال» جوڵە و لێزانین و شارەزاییان نەبوو بۆ كاری سیاسی لە عیراقدا، بەمانایەكی دیكە دەبێت بپرسم بۆچی ئێستا بەتەواوی سەركردە عیراقییەكان هێندەی مام جەلالیان پێناكرێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە سەركردە عیراقییەكان لێزان و خاوەن ئەزمون نین لە كاری سیاسی و دەوڵەتداریدا.

دەركەوتنی تاڵەبانییەكی نوێ لە بەغدا
ئێستا تاڵەبانییەكی نوێ بەناوی «بافڵ جەلال تاڵەبانی» سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا دەركەوتووە و هێزە سیاسییەكانی عیراق و عیراقییەكان هیوا و ئومێدێكی گەورەیان پێیەتی كە ئەم گەنجە بتوانێت كاریگەری لەسەر پرۆسە سیاسییەكەی عیراق دابنێت، ئەمەش بە پلەی یەكەم بۆ ئەو كاریگەرییە رۆحییەی باوكی دەگەڕێتەوە كە بەسەر تاڵەبانی كوڕەوە جێیهێشتووە.

كاتێك سەرۆك بافڵ لەگەڵ عیراقییەكان كۆدەبێتەوە، بە ویست و حەزی ئامادەبوان بێت یان نا، رۆحی تاڵەبانی باوك دێتە ناو كۆبوونەوەكانەوە و بۆ هەمیشە بوونی خۆی پیشان دەدات

ئەم تاڵەبانییە نوێیە دەیەوێت بڵێت: عیراق ناچێتەوە سەر سكە و مەداری سیاسی خۆی تاكو تەواوی هێزە سیاسییەكانی كوردستان و عیراقیش نەچینەوە سەر شاڕێگا و هەمان ئەو فەلسەفە و دیدگایانەی تاڵەبانی باوك بۆ عیراق هەیبووە، ئەم تاڵەبانییە نوێیە دەیەوێت بە تەریبوونی هەردوو ئەزموونی «بریتانیا» و هاوكات وەك «ئەزمون وەرگرتن لە باوكیشی»، جارێكی دیكە عیراق لەهەر چەقبەستوویی و كێشە و قەیرانێك رزگار بكات.
ئەزموونی بریتانیا
بافڵ جەلال تاڵەبانی بەشێكی زۆری تەمەنی لە بریتانیادا بەسەر بردووە و ئەزموونی ئەم وڵاتە ئەوروپییەی هەیە كە بڕیارەكانی بۆ تەواوی جیهان گرنگە، سیاسەتی بریتانیش سیاسەتێكی سەركەوتوو بووە لەدوای هەردوو جەنگی یەكەمی جیهانی و دووەمی جیهانییەوە، ئێستاش ئەم وڵاتە یەكێكە لە وڵاتە كاریگەر و بەهێزەكانی جیهان و هەمیشە بە یەكێك لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا دانراوە، پێش چوونەدەرەوەشی لە یەكێتی ئەوروپا، خاوەن بڕیارە قورس و یەكلاكەرەوەكانی ئەو یەكێتییە بووە، بۆیە لە كاتێكا ئەمریكا دەیویست بریتانیا لە یەكێتییەكە بچێتە دەرەوە، بەپێچەوانەوە وڵاتانی ناو یەكێتییەكە دەیانویست ‌وەك وڵاتێكی بەهێز لەناو یەكێتییەكەدا بمێنێتەوە و ئەم بلۆكە لە دیواری یەكێتییەكە دەرنەهێنرێت نەوەك ئەم یەكێتییە هەڵبوەشێتەوە، بۆیە ئەم ئەزمونە بۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگە و دەزانێت چۆن بەكاری بهێنێت لەسەر ساحەی سیاسی عیراق.
كاركردن بە دیدی بریتانی بۆ سیاسەت و دەوڵەتداری، هەنگاوێكی باشە و ئەم دیدە كاركردنە لەسەر بەهێزكردنی تەواوی جومگەكانی وڵات لە هەموو رووەكانەوە نەك تەنها لە یەك لایەن و گۆشەوە، لەم روانگەیەوە ئەم ئەزمونە بۆ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیش ئاسۆیەكی باشە هەنگاوەكانی لە عیراقی داهاتوودا پێ بنێت.
لەنێوان ئەزموونی باوك و بریتانیادا
رەنگە ئەوە چانسێكی باش بێت بۆ كەسێكی گەنج هەم ئەزموونی وڵاتێكی گەورەی وەك بریتانیای هەبێت و هەم كوڕی پیاوێكی گەورە و بەناوبانگی وەك «مام جەلال تاڵەبانی» بێت كە نەك تەنها یەكێتی و كورد و عیراقییەكان وەك كاریزمایەك باسی دەكەن، تەنانەت وڵاتانی جیهانیش رۆڵ و پێگەی ئەم سەركردەیە لە بیرناكەن، هەر ئەم چانسەش شایستەیی دەدات بافڵ جەلال تاڵەبانی بكاتە سەرۆكی حزبێكی گەورەی وەك یەكێتی، لەسەر ئاستی عیراقیش وا لە عیراقییەكان دەكات گەشبین بن جارێكی دیكە عیراق بەرەو ئارامی و ئاسایش بڕواتەوە و شوێن پەنجەی ئەم گەنجە بە پرۆسە سیاسییەكەی عیراقەوە دەربكەوێت.
نیشتنەوەی بازی ئەم چانسە بەسەر شانی كوڕە گەورەكەی تاڵەبانی باوكەوە، وایكرد بتوانێت وتاری یەكێتی لە ئاست كوردستان و عیراق و دەرەوەشدا یەك بخات، ئێستا ئەم چانسە بووەتە ناسنامە و شوناس، ئەگەر بافڵ جەلال تاڵەبانی تەنها جوڵەی بێ وشەیشی هەبێت لە سەر ئاستی كوردستان و عیراق، ئەوا ئەم شوناسە دەوڵەمەندە كاریگەرە لە بری سەرۆك بافڵ دێتە قسە و پەیامی خۆی دەبێت، پەیامێك لە تەمەنی گەنجێتی خۆی گەورەتر و كاریگەرتر دەبێت و خاوەن هێزی گۆڕانكاری و چارەسەری ناكۆكییەكانیش دەبێت.
تارمایی تاڵەبانی باوك
كاتێك سەرۆك بافڵ لەگەڵ عیراقییەكان كۆدەبێتەوە، بە ویست و حەزی ئامادەبوان بێت یان نا، رۆحی تاڵەبانی باوك دێتە ناو كۆبوونەوەكانەوە و بۆ هەمیشە بوونی خۆی پیشان دەدات، تارمایی تاڵەبانی باوك پێش سەرۆك بافڵ و لەگەڵ پێگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دێتە دوان و پەیامی دەبێت بۆ عیراقییەكان، عیراقییەكانیش كۆكن لەسەر ئەوەی ئەم رۆحە هەمیشە وجودی هەیە و لەژێر سایە و ئیرشاداتەكانیدا هێزە سیاسییەكان دەتوانن پێكەوە كار بكەن و عیراق بگێڕنەوە سەردەم و سەرۆكایەتی مام جەلال.
تارمایی تاڵەبانی تارماییەكی نەمر و پیرۆزە بەلای هەموو هێزە سیاسییەكانی عیراقەوە، لەلایەكی دیكەشەوە كاركردنی سەرۆك بافڵ بە ئاراستە و فەلسەفە و جوانییەكانی ئەم تارماییە، دووبارە و چەندانبارە بەنەمری هێشتنەوەی ئەم تارماییە و بەرز راگرتن و بڕیاردانەوەی سیاسی ئەم رۆحەیە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هەرێم و عیراقیش.
پێشوازی عیراقییەكان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی
لەگەڵ دەركەوتنی ئەم سەرۆكە گەنجە لەسەر ساحەی سیاسی عیراق و كۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە بەغدا، دەستبەجێ هێزە سیاسییەكانی عیراق لە رێگەی دیدارە چڕوپڕەكانیانەوە لەگەڵیدا، جوڵەكانیان قبوڵكرد و  بە ئومێد و هیواوە لێی دەڕوانن، ئەو پێشوازییەی هێزە سیاسییەكانی عیراق لە سەرۆكی یەكێتی كردیان لە زۆر سەركردە و كەسایەتی دیكەی عیراق نەكراوە، ئەمەش راستەوخۆ ئەو كاریگەریەیە كە هەم ئەزموونی بریتانیا و هەم رۆحی تاڵەبانی باوك لەم گەنجەدا كۆبووەتەوە و لە سێبەری ئەو كاریگەرییەوە كەسایەتی و پێگەی ئەم گەنجە پیشانی عیراقییەكان دەدات.
 كەواتە
كاتێك سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا دەردەكەوێت، ئەوە تەنها گەنجێك نییە بە پۆشاكێكی سادەی خۆنەویستانەوە پێشوازی لێ دەكرێت و پێشوازیش لە زۆرێكی سەركردە عیراقییەكان دەكات لە ماڵی مام لە بەغدا، بەڵكو ئەوە هەم تارمایی مام جەلالە لە پشتییەوە و هەم ئەزموونی بریتانیا و هەم پێگەی یەكێتیشە كە پاڵپشتن بۆ ئەم گەنجە دەركەوتووەی تاڵەبانییەكان لە بەغدا و بەردەوامیدان بە سیاسەتە حەكیمانەكەی مام جەلال.

وتارەکانی نوسەر