لوتكەی وڵاتانی عەرەب لە بەغدا لەسایەی چەندین ئاڵنگاریی گەورە بەڕێوەچوو كە رووبەرووی وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆتەوە، هەر لە پەرەسەندنی شەڕی غەززەو ململانێی عەرەب ئیسرائیل و گۆڕانكارییەكانی سوریا و شەڕ لە سودان و یەمەن و لیبیا، عیراقیش لای خۆیەوە بە میوانداریكردنی ئەم لوتكەیە، دەیەوێت جارێكی تر رۆڵی میحوەری خۆی بگێڕێتەوە لە ناوچەكە، هەوڵی راكێشانی وەبەرهێنانی عەرەبیش دەدات بۆ ناو عیراق.
چوارەم جارە لە عیراق رێكدەخرێت
لوتكەی 34هەمین وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، كە لەناوچەی سەوز بەڕێوەچوو، چوارەم لوتکەیە کە لە عیراق بەرێوەچووە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك كەسایەتی جیهانی وەكو میوان بەشداربوون تێیدا، لە نموونەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و پیدرۆ سانشیری سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا و ئەحمەد ئەبولغێتی ئەمینداری كۆمككاری عەرەب و جاسم محەمەد بدێوی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و حسێن ئیبراهیم ئەمینداری گشتی رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی و مەحمود عەلی یوسفی سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەفریقیا و لویجی دی مایۆی نێردەی تایبەتی یەكێتی ئەوروپا، بەڵام زۆرێك سەرۆك و سەركردەی عەرەبیش ئامادەی نەبوون.
لوتكەكە كە د.عەبدولەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق وتەی دەستپێكی پێشكەش كرد تێیدا، ئاماژەی بەوەكرد لە بارودۆخێكی ئاڵۆز و پڕ لە ئاڵنگاری ترسناك و قورسدا بەڕێوەدەچێت، لوتكەكەش دوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی سەركردەكانی عەرەب هات كە لە مارسی رابردوودا بەستراو، تێیدا بەشداربووان رێكەوتن لەسەر پلانێك بۆ بوونیادنانەوەی غەززە، لە وەڵامێكی پێشنیازەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆچپێكردنی دانیشتوانی غەززەو دەستگرتنی واشنتۆن بەسەر ئەو ناوچەیەدا.
عیراق گرنگی زۆری دا بەم لووتكەیە و سودانی سەرۆك وەزیرانیش لە نووسینێكی خۆیدا لە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت وتی: ئێمە تەنها عیراق بونیادنانێینەوە بەڵكو بەشداردەبین لە دووبارە نەخشاندنەوەی سیمای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێگەی سیاسەتێكی هاوسەنگی دەرەوەو دەستپێشخەری بۆ پرۆژەی گەشەپێدان و شەراكەتی ستراتیژییەوە.
لوتكەی وڵاتانی عەرەب لە بەغدا لەسایەی چەندین ئاڵنگاری گەورە بەڕێوەچوو كە رووبەرووی وڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆتەوە
سەركردە بەشدار و سەركردە غائیبەكان
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئاماژەی بەوەكرد نیوەی سەركردەكانی عەرەب ئامادەی لوتكەی بەغدا دەبن، ئەوەش ئاساییەو لە لوتكەكانی تریشدا روویداوە، ئامادەنەبوونی ئەو سەركردانەش لە گرنگی لوتكەكە كەم ناكاتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدا دێت، حكومەتی عیراق داوەتنامەی ئاراستەی هەموو سەركردەی وڵاتانی عەرەبی كردبوو، بەڵام زۆرێكیان ئامادەی بەشداریكردن نەبوون و نوێنەرییان نارد بۆ لوتكەكە.
ئەو سەرۆك و سەركردانەی بەشدار بوون، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، مەحمود عەباسی سەرۆكی فەلەستین و رەشاد عەلیمی سەرۆكی یەمەن- دانیشتووی سعودیە، حەسەن شێخ مەحمودی سەرۆكی سۆماڵ، نواف سەلامی سەرۆك وەزیرانی لوبنانیش لەبری سەرۆك جۆزیف عەون بەشدار بوو.
ئەو سەرۆكانەی بەشدار نەبوون و نوێنەریان نارد، عەبدولەتیف زیانی وەزیری دەرەوەی بەحرین لە بری میری ئەو وڵاتە، عەبدولقادر حسێن وەزیری دەرەوەی جیبوتی لەبری سەرۆكی ئەو وڵاتە، ئیبراهیم جابر ئەندامی ئەنجومەنی سیادەی سودان لەبری سەرۆكی سودان، مەنسور بن زاید ئال نهەیان جێگری سەرۆك وەزیران لەبری میری ئیمارات، شای سعودیە بەشداری نەكرد و لەبری خۆی عادل جوبەیری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە بەشدار بوو، عەبدوڵڵا عەلی وەزیری دەرەوەی كوێت لەبری میری كوێت، محەمەدی شەشەمی شای مەغریبیش بەشدارنەبوو ناسر بو ریتەی وەزیری دەرەوەی سەرۆكایەتی وەفدی مەغریبی كرد، هەیسەم بن تاریقی سوڵتانی عوممانیش بەشداری نەكرد و لەبری خۆی شەهاب بن تاریق ئال سەعیدی جێگیری سەرۆك وەزیرانی نارد، هەروەها ئەحمەد شەرعی سەرۆكی سوریا بەشدار نەبوو لەبری خۆی ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە بەشداری كرد، عەبدوڵای دووەمی شای ئوردنیش لەبری خۆی جەعفەر حەسانی سەرۆك وەزیرانی نارد بۆ لوتكەكە، عەبدولمەجید تەبوونی سەرۆكی جەزائیریش بەهەمان شێوە بەشداری نەكرد و لەبری خۆی ئەحمەد عەتافی وەزیری دەرەوەی نارد.
لای خۆیەوە قەیس سەعیدی سەرۆكی تونسیش بەشداری نەكرد و محەمەد عەلی ئەلهادی وەزیری دەرەوەی نارد بۆ لوتكەكە، ئەمەش سێهەم جارە سەرۆكی تونس بەشداری لوتكەكانی عەرەب نەكات، جوزور ئەلقەمەر موبای محەمەدی وەزیری دەرەوەی لەبری سەرۆك نارد و لیبیا و موریتانیاش، نەك سەرۆك بەڵكو هیچ نوێنەرێكیان نەنارد.
دۆسێیە گرنگەكانی لوتكەی عەرەب
لوتكەی عەرەب لەبەغدا، چەند كۆبوونەوەیەكی تێدا كرا، كۆبوونەوەی یەكەم لەسەر ئاستی سەرۆك و شا و سەركردەی وڵاتانی عەرەبی و دووەم بۆ گفتوگۆبوو لەبارەی دۆسێی ئابووری و گەشەپێدان و سێهەمیش سەبارەت بە میكانیزمی هاریكاری سێینەی نێوان سەرۆكی وڵاتانی عیراق و میسر و ئەردەن بوو.
عیراق لە لوتكەكەدا 18 راسپاردەی خستەڕوو، كە یەكێكیان پێشنیازێك بوو بۆ دامەزراندنی سندوقێكی عەرەبی بۆ بونیادنانەوەی غەززەو لوبنان، كە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی رەزامەندییان لەسەر پێنج راسپاردەی دا، كە پەیوەندییان بە هاریكاری ئەمنی و شەڕی دژ بە تیرۆر و مادەی هۆشبەر بوو، راسپاردەكانی تریش زیاتر ئابووری بوون.
لەدۆسێی گرنگەكانی تری لوتكەكە، دۆسێی كاری هاوبەشی عەرەب هەبوو، لە سەرووی هەموویانەوە سەبارەت بە مەسەلەی فەڵەستین و ململانێی عەرەب-ئیسرائیل و ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب و شەڕی دژ بە تیرۆر ، كاراكردنەوەی راسپاردەی ئاشتەوایی عەرەبی و تاوتوێكردنی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل لە غەززە، ئەمە چ جای پاڵپشتی لە لوبنان كرا و هەروەها گۆڕانكارییەكانی سوریاش یەكێك لە دۆسێیە گرنگەكانی لوتكەكە بوو، لە پاڵ پاڵپشتیكردن لە پرۆسەی ئاشتی لە سودان و هەوڵی چارەسەركردنی شەڕو ململانێ لە لیبیا و یەمەن، چەند دۆسێی و كێشەیەكی تری ناو وڵاتانی عەرەبی.
دۆسێی ئەتۆمی ئێران و دانوستانەكانی تاران و واشنتۆنیش یەكێكی ترە لەو دۆسێیانەی لە لوتكەكەدا گفتوگۆی لەبارەوە كرا و هەموان پاڵپشتییان لەو دانوستانانە كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیەی نێوان ئێران و ئەمریكا.
عیراق چی دەوێت لە لوتكەی عەرەب
عیراق لە پێش لوتكەكەش داوای كرد راگەیاندنێكی كۆتایی هەبێت بەناوی راگەیاندنی بەغداو تێیدا داوای راگرتنی شەڕ لەغەززە بكرێت و هەموو دەروازەكانیش بەرووی هاووڵاتیانی غەززە بكرێتەوە، بەمەبەستی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بەو ناوچەیە، هەروەها جەختیش لەسەر یەكڕیزی خاكی سوریا بكرێتەوە.
عیراق هەروەها زۆرترین هەوڵی دا، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەرانی وڵاتانی عەرەبی هان بدات كە بێن بۆ عیراق و وەبەرهێنانی تێدا بكەن بەمەبەستی بونیادنانەوەی ژێر خانی ئابووری لە عیراق.
لە كۆتاییدا لەگەڵ ئەوەی لوتكەی عەرەب لەبەغدا و پێشتریش لوتكەكانی تری سەركردەكانی عەرەب چەندین دۆسێی و كێشەی تایبەت بە ناوچەی عەرەبییان تاوتوێكردووەو بەڵێنی چارەسەرییان داوە، بەڵام زۆرجار بڕیار و بەڵینەكان تەنها لەسەر كاغەز ماونەتەوەو كێشەی نێوان خودی وڵاتانی عەرەبیش هۆكار بووە بۆ جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی لوتكەكانی عەرەب.