یەک سەرکردایەتی و یەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان

12:44 - 2025-05-26
د. نەوزاد عەلی ئەحمەد
57 خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی ساغکردنەوە و نووسینەوەی مێژووی دروستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ماوەیەکە هەڵوەستە لەسەر کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئۆرجیناڵ دەکەم، تا ئێستا تەنیا لەسەر دەستپێکی یەکێتیی لەسەر خاکی کوردستاندا وەستاوم، هەفتەی رابردوو لێرە وتارێکم بڵاوکردۆتەوە. پاریش هەر دیسان لە رێگەی بڵاوکردنەوەی چەند بابەتێکدا لام لەو بابەتە کردەوە. من ئەو قۆناغەم ناوناوە «قۆناغی برادۆست». ئەمڕۆ هەر پەیوەند بەو قۆناغە بەڵگەنامەیەکی دیکە دەخەمەڕوو:

بڕیار لەسەر کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ی.ن،ک
تەنیا مانگێک بوو مام جەلال گەیشتبووە خاکی باشووری کوردستان، بۆ رێکخستن و دابەشکردن و پۆلێنکردنی کاروبارەکان بڕیاردەدرێت کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بکرێت. کۆبوونەوەی سەرکردەکان لە ناوچەی برادۆست دەستیپێکرد. نوێنەرانی هەر سێ باڵەکە «کۆمەڵە، بزووتنەوە، خەتی گشتی» ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبن. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان و ئەو بڕیارانەی دران، نەوشیروان مستەفا لەشێوەی راپۆرتێکدا نامەیەکی بۆ د.کەمال فوئاد «فەرید» ناردووە، لە نامەکەدا وردەکارییەکانی تێدا باسکردووە. دوای ئەمە لقی ئەوروپای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیار دەدات کۆبوونەوەی خۆی گرێ بدات. ئەوانیش لە «بڵاوکراوەی ناوخۆ»ی لقەکەیاندا وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکەیان بۆ ئەندامان خستۆتەڕوو. بڵاوکراوەکە بریتییە لە سێ لاپەڕەی قەبارە ئەی فۆڕ و بەئیمزای لیژنەی کارگێڕ رۆژی 26/11/1977 بڵاوکراوەتەوە. راپۆرتەکە بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە و بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی گرنگ بۆ ئەوانەی مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی و  مێژووی حزبی کوردی لە ئەوروپا دەنووسنەوە.
دوای نووسینی دەستەواژەی «سڵاوێکی شۆڕشگێرانە»، راپۆرتەکە بەم شێوەیە دەست پێدەکات، پێویستە پێشتر ئەوە بنووسم، دەقی ناوەڕۆکی بڵاوکراوەکەم وەک خۆی نووسیوەتەوە و دەستکاریی زمان و رێنووسەکەم نەکردووە. راپۆرتەکە بۆ ئەندامانی یەکێتییە و بەم شێوەیە دەستپێدەکات: 
״هەڤاڵانی تێکۆشەر بە پێویستی ئەزانین کە لەم خاڵانەی خوارەوە ئاگادارتان بکەین.
یەکەم:
لە ئەنجامی گەڕانەوەی هەڤاڵ مام جەلال و هەڤاڵەکانی بۆ کوردستان وە لەبەر پێویستی دیاری کردنی نەخشەی لەبار و پلانی گونجاو بۆ ئەم قۆناغەی، کە شۆڕشە نوێکەی خەڵکی چەوساوەی کوردستانی پیا تێپەڕ ئەبێ، وە بۆ زیاتر گەشەپێدانی و چەسپاندنی هێڵی سیاسی راست و دروست وە دابەش کردنی ئیش و کار و دووان لەو مەترسییانەی کە بەرەنگاری شۆڕشەکەمان دەبێتەوە و خۆئامادەکردن بۆی، چۆنیەتی پووچ کردنەوەیان لە پیلانەکانی فاشستی بغداد و، امپریالیزمی ئەمریکی و ایران و کۆنەپەرستی کورد و ناوچەکە و ئەلقە لە گوێکانی امپریالیزم لە نمونەی سەرکردایەتی ناوەخت بۆ ئەم مەبەستانە هەڤاڵانی ووڵات لە هەر سێ پیلەکە (کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان و بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان و پیلە گشتییە دیموکراتیە شۆڕشگێڕەکەی ی. ن. ک) زۆربەی هەڤاڵە پێش کەوتوەکانی ئەم پیلانە ئامادەبوون لەو شوێنەی هەڤاڵ مام جەلال - ی لێ بوو لە ٢٠/٨- وە کۆبونەوەیەکی فراوانیان پێک هێنا بۆ لێدوان لەسەر ئەو مەسەلانەی سەرەوە و کۆبونەوەکە (١٢) رۆژی خایان وە گەلێک بڕیاری بە سودیان وەرگرت و زۆر سەرکەوتوبون وە هەرە گرنگەکانیان ئەمانەی خوارەوە بوو.
١)- سەرکردایەتی دەرەوە و ناوەوەی ووڵات کران بە یەک بەناوی لیژنەی سەرکردایەتی یەکێتی ی نیشتمانی ی کوردستان وە بەم جۆرەی خوارەوە پێک هات: (٦) هەڤاڵانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان+ (٦) هەڤاڵ لە بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان+ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر+ هەڤاڵ مام جەلال وەک هێڵی گشتی+ شێخ حسین لە بادینان کە کۆیان (٢١) کەسە وەئەشتوانرێ لە پاشەڕۆژدا کە لێ ی زیاد بکرێ بە تایبەتی گەر هەر هەڤاڵێکی بادینی لێهاتوو شۆڕشگێڕ هەبێ و گونجاو بێ بکرێت بە ئەندامی لیژنەی سەرکردایەتی.
٢)- بڕیاردرا کە پێشمەرگەی کوردستان هەمووی بەناوی (ی. ن. ک) وە کاربکەن واتە ناوی نەنرێ ئەم پێشمەرگەیە هی کۆمەڵەیە ئەوی تر هی بزوتنەوەیە.
٣)- کوردستان کرا بە (٨) هەرێمەوە لە رووی سەربازی یەوە – هەر هەرێمە دوو هەڤاڵ بەرپرسیار ئەبن لێپرسراوی سەربازی – لێپرسراوی یەکەم ئەبێ- لێپرسراوی سیاسی لێپرسراوی دووەم ئەبێ وە بە هەردوولایان تەنسیقی ئیش و کار ئەکەن و بڕیار ئەدەن. وەلەسەر (٤) هەڤاڵی کۆمەڵە لێپرسراوی سەربازیەوە، (٤) هەڤاڵی بزوتنەوەشیان لەگەڵدا ئەبێ کە لێپرسراوی سیاسی ئەبن، هەروەها (٤) هەڤاڵی بزوتنەوە لێپرسراوی سەربازیەوە، چوار هەڤاڵی کۆمەڵەش لێپرسراوی سیاسییە لەگەڵیاندا.
٤)- هێزێکی گەڕۆک کە لە (١٥٠) کەس پێک بێت، کە یەکێک لە هەڤاڵانی لیژنەی سەرکردایەتی سەرپەرشتی ئەکات بۆ هەموو کوردستان لە هەر شوێنێک پێویستیان پێ بوو.
٥)- دروشمی (کوردستان یان نەمان) بەرزکراوەتەوە ئەوەش دروشمی ئێستامانە.
٦)- بڕیاردرا کە رۆژی ١/٦/١٩٧٦ رۆژی گەڕانەوەی هەڤاڵان ابراهیم عەزۆ و هاوڕێ یەکانی بۆ کوردستان بکرێت بە یەکەم رۆژی دەست پێکردنەوەی شۆڕشی نوێمان.
٧)- ناوی هێزی پێشمەرگە بە (هێزی پێشمەرگەی کوردستان) نرا.
٨)- لە ئەنجامی کۆبونەوەدا لیژنەی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد بۆ ئەنجام دانی ئەو بڕیارانە و ئیش و کاری شۆڕش و رێکخستنی (ی. ن. ک) تا کۆبونەوەیەکی یان کۆنگرە. وە (٥) هەڤاڵ کە دووانیان لە هەڤاڵانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان وە دووانی تریان لە هەڤاڵانی بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستان و هەڤاڵ مام جەلالیش وەک سکرتێری گشتی کە هێڵە گشتی یەکەیە، ئەمانە و لەگەڵ زۆر بڕیاری گرنگ و بە سوودی تردا وەرگیرا کۆبونەوەکە لە ٢/٩/٧٧ کۆتایی هات.

 

بڵاوکراوەکەی لقی ئەوروپای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەر چوار تەوەر دابەشکراوە و بریتییە لە بەڵگەنامەیەکی گرنگ بۆ ئەوانەی مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی و  مێژووی حزبی کوردی لە ئەوروپا دەنووسنەوە

 

دووەم: 
خاڵی دووەمی ئەم بڵاوکراوەیە تەرخانکراوە، بۆ شەهیدکردنی ئەو مەفرەزەیەی، کە لە سوریا بەرەو باشووری کوردستان بەرێکەوتوون، بە مەبەستی گواستنەوەی چەک و بەشداریکردن لە شۆڕشی نوێدا و لەسەر سنوور شەهیدیان دەکەن. شەهیدەکانیش بریتین لە: «ملازم؛ حەسەن ئەبوبەکر خۆشناو، باهیر ئەحمەد، نەجات نوری، کەمال محەمەد حسێن، عەلی کوێخا عومەر، خدر ئەحمەد چەکولان». 
سێهەم:
بە پێی یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنفرانس ئەبوایە هەموو هەڤاڵان مەوادیان بنوسیایە بۆ رۆژنامەی شرارە، یان دەنگی یەکێتیی تا ئێستا هەڤاڵانی کۆمێتەیش هیچیان نەنوسیوە و هاوکاریان نەکردووین نەخوازە هەڤاڵانی خوارەوەی ریزەکانی خوارەوەیش.
بۆیە بە زوویی ئەم کارە ئەنجام بدەن و هانی هەڤاڵان بدەن، کە شت بنوسن بۆ شرارە، یان دەنگی یەکێتیی، وە تەنها قسە و پێشنیازی بەجێ کاری نابێ ئەگەر ئیش و خۆماندوکردنی لە دواوە نەبێ، بۆیە رەخنەتان لێ ئەگرین لەم بارەیەوە.
چوارەم:
لیژنەی کارگێڕ لە دووای کۆنفرانسی دووهەمەوە جگە لە ئەنجام دانی ئیش و کاری رۆژانە بەم کارانەی خوارەوەش هەستاوە:
١- دەرکردنی بلاغی ختامی کۆنفرانس.
٢- دابەش کردنی ئیش و کار و ئاگادارکردنی هەڤاڵان.
٣- چاپ کردنی بڵاوکراوەکان.
٤- دەرچونی سپارک – ١- (٣) ژمارەش بەڕێوەیە.
٥- دەرکردنی بەیاننامەیەک لەسەر ئەو تاوانە گەورە خیانەتکاریەکەی سەرکردایەتی ناوەخت.
٦- دەرکردنی بڵاوکراوەیەکی ناوخۆ بۆ ریزەکانی رێکخستن.
٧- دەرکردنی بانگەوازیەک بۆ دکتۆرەکان بۆئەوەی بگەڕێنەوە ووڵات.
٨- پەیوەندی کردن و بەستن لەگەڵ هەندێ رێکخراودا (جەبهەی میللی، مجاهدین، وەحدەی قاعدە).
٩- بڕیاردرا کە بەیانی رۆژی ٢١/١٢/٩٧٧ کۆبونەوەی لقی ئەوروپا لە ئەمستردام بکرێت وە ئەبێ هەموو هەڤاڵان لەو رۆژەدا لە بەیانیەوە لەوێ بن واتە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١/١٢/٩٧٧ لە ئەمستردام بن. بۆیە دەبێ هەموو هەڤاڵان لە کات و شوێنی دیاری کراو ئامادەبن وە پەیوەندی بە هەڤاڵ ئازاد خۆشناوەوە بکەن بۆ ئەو مەبەستە.
ئیتر بۆ پێشەوە لەژێر ئاڵای یەکێتی ی ماندا 
بۆ سەرخستنی شۆڕش و هێنانەدی ئامانجەکانمان״  

رێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
بەم شێوەیە راپۆرتەکە تەواو دەبێت، ئەوەی لەهەمووان گرنگترە رێکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و بڕیاردراوە، نابێت هەر باڵە و هێزی پێشمەرگەی خۆی هەبێت، یەک هێز هەیە، ئەویش هێزی پێشمەرگەی کوردستانە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەی لیژنەی کارگێڕدا هەڵوەستە لەسەر راگەیاندن و ژیانی رۆژنامەگەریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراوە، پەیوەندیی و گۆڕینەوەی بیروڕا لەگەڵ هێز و حزبەکانی دیکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە. ئەوەی زۆر گرنگە کۆمیتەی سەرکردایەتی ناوەوە و دەرەوەی وڵات نەماوە و یەک سەرکردایەتی لەژێر ناوی «لیژنەی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان» سەرکردایەتی یەکێتیی کردووە، کە نوێنەری هەردوو باڵەکە و نوێنەری هێڵی گشتیشی تێدا بووە.

وتارەکانی نوسەر