لەم نووسینەدا دیسان لەسەر قۆناغی «برادۆست» لە دەستێکی خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەوەستم. ئەمجارە دەست بۆ بابەتێکی هەستیار دەبەم، کە یەکێتیی لە خاڵی سەرەتای خۆسازدانەوەدایە بۆ جۆشدانی خەباتی سیاسی و راگەیاندن و پێشمەرگانەدا، نامەیەک بە دەستخەتی سەدام حسێن بە سەرکردایەتیی یەکێتی دەگات و داوای گفتوگۆ دەکات. ئەوکاتە کۆمەڵێک سەرکردە و کادری یەکێتی لەناوچەکە بوون «مەبەستم گوندەکانی ناوچەی برادۆستە» دوای گۆڕینەوەی بیروڕا و قسە و باسێکی زۆر، بڕیاردەدەن وەڵامی ئەو نامەیە بە ئەرێنی بدەنەوە.
بڕیارماندا بەپیر ئەو داخوازییەی عیراقەوە بچین
پەیامی عیراق بۆ گفتوگۆ لەرێگەی شێخ محەمەدی شێخ رەشیدی لۆلان دەگات و مام جەلال بەمشێوەیە باس لەو رووداوە دەکات: «ئیمە لەناوچەی سێ سنوور بوین، واتا لەناوچەی برادۆست، لەوێ سەرماندا لەحاجی شێخ محەمەدی کوڕی شێخ رەشیدی لۆلان، لە دێیەکەی خۆیان لە لۆلان بوو، ئەوسا ئەو دێیە ئاوەدان بوو، چاومان پێکەوت و دوای چاکوچۆنی و دەنگوباس، خۆی باسی ئەوەی کرد، کە حکومەت رای سپاردووە ئەوان ئامادەی گفتوگۆن لەگەڵ ئێمە، ئێمەش مۆڵەتمان لێخواست تا لەناو خۆماندا باسی لێبکەین. ئێمە کۆبوونەوەیەکمان کرد بەگشتی دەنگ هەموو برادەرانی سەرکردایەتی کە لەوێ بوون، رەزامەندیان دەربڕی، لەو برادەرانەی، لەبیرمە کە لەوێ بەشداربوون، جگە لە من و نەوشیروان، عەلی عەسکەری، سالار عەزیز، مولازم عومەر، رەسوڵ مامەند و چەند برادەرێکی تر بوون، بڕیارماندا بچین بەپیر ئەو داخوازییەی حکومەتی عێراقەوە و بزانین چی دەبێت؟ گوتم: ئەگەر ئەوان سەدام حسێنیان داناوە، ئەوا ئێمە عەلی عەسکەری دەنێرین، ئەگەر قائیدی فەیلەقی کوردستانیان داناوە، ئەوا ئێمە ملازم عومەر دەنێرین، کە وەڵام هاتەوە گوتیان سەدام حسێن راسپێردراوە، بۆیە ئێمەش بڕیارماندا عەلی عەسکەری بنێرین. عەلی عەسکەری لەگەڵ شێخ محەمەدی لۆلان رۆیشتن- مام جەلال، دیداری تەمەن، بەشی دووەم، ئامادەکردنی: سەڵاح رەشید، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ ٢٠١٧، ل٨٠».
گفتوگۆ سەری نەگرت
کەسێکی تر، کە لەناو دۆخەکەدابوو، هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا بەشداربوو، ئەویش نەوشیروان مستەفا-یە، بە زانیاری تر ئەم باسە دەوڵەمەند دەکات و دەڵێت: «سەرکردایەتی عیراقی کاغەزێکی سپی بێ سەرناو و بێ ئیمزا بەمەرەکەبێکی سەوز بەخەتی سەدام حسێن ناردبوو... نەوشیروان مستەفا، لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، چاپی دووەم، سلێمانی مایسی ١٩٩٧، ل١٨٠»، وەک لە کتێبی ناوبراودا هاتووە، لەنامەکەدا چەندان خاڵ وەک دەسپێکردنی گفتوگۆ نووسراوە. دوای زنجیرەیەک کۆبونەوەی سەرکردایەتی و کادرانی یەکێتی، ئەوانیش لە کاغەزێکی بێ سەرناو و ئیمزا بەچەند خاڵێک لەسەر گفتوگۆ رازیبوون، نامە بە بەغدا دەگات. دوای ئەمە عەلی عەسکەری لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٧٧ لە لۆلان-ەوە بەهالیکۆپتەر بۆ کەرکوک بردراوە و پاشان چۆتە بەغدا، دوای سێ رۆژ مانەوە و بینینی چەند سەرکردەیەکی بەعس لەناویاندا سەدام حسێن، عەلی عەسکەری بۆ ناوچەی برادۆست دەگەڕێتەوە. دەرکەوت بەعس لە پێگەی هێزەوە ئەو نامەیەی ناردووە و بە خاڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رازی نەبووە و ئەم گفتوگۆیە سەری نەگرت.
کاریگەریی خراپی هەبوو
نەوشیروان مستەفا مانگی نیسانی ١٩٧٧، مام جەلال بەهۆی کۆمەڵێک کاروباری حزبی گەڕانەوەی درەنگ کەوت و ئەو مانگی تەمووزی ١٩٧٧ بۆ کوردستان گەڕانەوە. ئەوکاتە هێشتا چەند سەرکردەیەکی یەکێتی لە دەرەوەی وڵات بوون و ئیعتبار بۆ بۆچوونەکانیان دادەنرا، لەوانەش کەمال فوئاد، عومەر مستەفا، فوئاد مەعسوم، عومەر شێخمووس، عادل موراد، شازاد سائیب و .. تاد. ئەوانە زۆربەیان سەرنجیان لەسەر ئەو گفتوگۆیە هەبوو. بۆ نموونە ئەمە بۆچوونی عومەر مستەفا «عومەر دەبابە»یە. «ئەو گفتوگۆیەی لەو دواییەدا هەڤاڵان لە وڵات لەگەڵ حکومەتیان کردبوو تأثیرێکی خراپی کردووەتە سەر لایەکانی (تجمع)ی عیراقی و ئەو لایەنە عیراقییانەش، کە لە تجمع دا نین لەو رووەوە کە پرسیان پێ نەکراوە و گوایە نیشانەی ئەوەشە کە ئێمە وازمان لە (اسقاطی حوکم) هێنابێت. بەڵام کاربەدەستانی ئەو وڵاتەی کە من لێی دەژیم، ئەو هەنگاوەمانیان زۆر لا باش و پیرۆز بوو وە مەدحیان کردین، ئەگەرچی رەنگە ئەوانیش لەدڵی خۆیاندا پێیان خۆش نەبووبێت... نامەی عومەر مستەفا (عومەر دەبابە) بۆ عومەر شێخمووس، رۆژی ٣/٢/١٩٧٨، لەندەن»، بەڵام لەخاڵێکی تری نامەکەیدا دان بەوەدا دەنێت، کە سوریا «ئەو وڵاتەی کە دەبابە-ی لێدەژیا، فشارێکی زۆریان لەسەر بووە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ عێراق. لەم نامەیەدا ئاماژە بە «تجمع» کراوە، واتە «تجمع وطني عراقي-توع»، کە ئەوکاتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو تەجەموعەدا ئەندام بوو، هەموو ئەندامانی ئەو تەجەموعە دروشمی رووخانی رژێمی بەعس-ی بەغدایان بەرزکردبووەوە.
نابوایە عەلی عەسکەری بۆ لای سەدام بنێرن
بۆ باشتر تێگەیشتن لەدۆخی ناو سەرکردایەتی یەکێتی، بەتایبەتیش ئەوانەی لە دەرەوە خەریکی خەبات و تێکۆشان بوون، ئاماژە بەنامەیەکی د. فوئاد مەعسوم دەدەم. نامەکە پێنج لاپەڕەیە و وەک لە پەرەگرافی دووەمدا هاتووە و نووسراوە: «من لێرەدا حەز دەکەم رەئی خۆم و کاک عادل مرادتان بۆ بنووسم». کەواتە ئەم نامەیە بە ئاگاداری عادل موراد نووسراوە. نامەکە زۆربەی تەرخانکراوە، بۆ ئەو گفتۆگۆیە، ئەو لەباری شکڵی و مەوزوعییەوە شرۆڤەی بۆ کاتی گفتۆگۆیەکە کردووە. ئەمە دەستپێکی نامەکەیە: «ماوەیەکە میری هەوڵ ئەدا پەیوەندی لەگەڵ برادەران بکا لە رێگای هێندێ عەلاقاتی شخصی وە هەر جار برادەرانی وڵات دەیان گوت: وەڵامیان نادەینەوە. لەناکاو مام بۆ «قیادة العمل الوطني في التجمع العراقي» هات باسی چونی کاک علی عەسکەری ئەکا بۆ بەغدا و کە ٣ سعات صدامی دیوە، بەراستی مفاجئە بوو بۆمان، وە برادەرانیش وەنەبوو لە نامەیەک حقیقەتی موقفمان بۆ بنوسن، خلفیاتی ئەم مەسەلەیە چیە؟ هەر ئەوەندە دەڵێن: لە نامەکەی تجمع هەموو شت هەیە.. نامەی د. فوئاد بۆ فەرید و هۆمەر، پاریس ١٦/١٢/١٩٧٧». فوئاد واتە د. فوئاد مەعسوم. فەرید واتە د. کەمال فوئاد. هۆمەر واتە عومەر شێخمووس.
لەباری شکڵییەوە د. فوئاد ئەم سەرنجەی لەسەر شێوەی گفتوگۆیەکە نووسیوە: «چۆن یەکێکی وەک علی عسکری بەو سرعەتە یەکسەر دەنێردرێتە لای صدام، دەبا یەکێتی یەکێکی تری بناردرابا. بەڵکو نەدەبا راستەوخۆ کەس بنێرن، دەبێ لایەکی سێیەم هەبێ ...... ئەو لایەش یا سۆڤیەت یا جهەتێکی عەرەبی، تا نرخ بدرێ بە مفاوەضاتەکە و هەر لە عەینی کاتیشدا ئەو لای سێیەمە ضمان بێ»، ئەمە و لەباری مەوزوعییەوە بەمجۆرە شیکاریی بۆ کردووە: «یەکیەتی لەوەتەی دروست بوە دروشمی روخانی رژێمی هەڵگرتوە، هەر لە بەیانی یەکەمیەوە تا ئەو دواییەیە، ئەمەش لە ئەنجامی تحلیلی علمی رژێم، کە ممکن نیە بە هیچ جۆرێ بڕوای بێ بە دیموکراتیەت و مافی کوردیش بدا لە عراق». ئەو دەڵێت: «یەکێتی بەرپابوو.. بۆ شۆڕشی چەکدار، شۆڕشی چەکداریش بۆ هێنانەدی پێنج نوقتەکەیە لە بەیانی یەکەمدا هاتوە: اسقاط، ائتلاف.. هتد». د. فوئاد مەعسوم لە دەرهاویشتەی سەرکەوتنی گفتۆگۆ ترساوە، وەک دەردەکەوێت باوەڕی بە پەیمان و قسەکانی رژێم نەبووە: «ئەو رژێمەی بەغدا بە هیچ جۆرێ واناکا جەماوەری کوردستان لە ژیانێکی سەربەستی دا بژین، واتە ئەو خەڵکە هەردەم هەست بە غەدری رژێم ئەکەن، چاو لەو کەسانە دەگێڕن دفاعیان لێ ئەکات.. ئەو جارە لەگەڵ رژێمی بەعث بگەینەوە یەک، یەک بە یەک تصفیەمان دەکا، هەر لە مام جەلالەوە بگرە تا ئەو پێشمەرگەی ماڵی سوتاوە و ناچار چەکی هەڵگرتوە». ئینجا دێتەسەر مەرجەعبوونی مام جەلال و بوونی ئەو گفتوگۆیە زیان لە کەسێتی مام جەلال دەدات: «ئەو مفاوضاتە بچتە سەر ضربەکی زۆر گەورەی کوشندەیە لە مام جەلال. جارێکی تر کەس بە قسەی ناکا و گوێی ناداتێ، وە بەراستی سمعەی مام جەلال و مانەوەی لە سەرەوەی بزوتنەوەی کورد سودی زۆری هەیە لەم مرحلەیەدا کە نە پارتێکی پێشرەو هەیە، نە زعیمێکی شعبی هەیە خەڵکی لە دەورە کۆببنەوە». سەرەڕای ئەو سەرنجانە، لەکۆتاییدا دەنووسێت: «ئیمە دژی مفاوەزات نین».
دەرئەنجام
لەکۆی هەموو قسەکاندا دەگەینە ئەم ئەنجامانە:
- بەعس لەئەوجی هێز و پێگەکەیدا داوای گفتوگۆی کردووە.
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتای خۆسازدان و دەسپێکردنەوەی خەباتی پێشمەرگانەدا بووە.
- کەواتە بەعس ئەگەر حیسابێکی وردیشی سەبارەت بە هێزی مرۆیی، هێزی پێشمەرگە لەبەردەست نەبێت، ئەوە حیسابێکی وردی بۆ سەرکردەکانی شۆڕشی نوێ کردووە؛ وەک؛ مام جەلال، عەلی عەسکەری.. تا. «ان ماضي العلاقة مع جلال و ماضی علی عسکری یتیحان فرصا جدیة لبناء علاقات من شانها خدمة شعبنا العراقي بعربە و اکرادە. لەکەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، ل١٨١»
- داخوازییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاساییکردنەوەی ناوچەکان و دەستهەڵگرتنی بەعس بووە لە تەهجیر و تەرحیل.
- بەعس بەتایبەتیش سەدام حسێن بە ئاشکرا بە عەلی عەسکەری وتووە؛ ئێمە دەست لە تەرحیل و تەهجیر هەڵناگرین.
- کورت و پوخت بەعس داوای کردووە دەست لە خەباتی چەکداریی هەڵبگرن و پێکەوە خزمەت بە بیناکردنەوەی
عێراق بکەن.