پەشمەک

10:40 - 2022-06-26
ڤینۆس فایەق
636 خوێندراوەتەوە

59

گەشتەکانم بۆ ئەمریکا

چوارەم: کۆشکی سپی لە واشنتۆن

هەرچەندە جۆ بایدن رای وایە کە کۆشکی سپی ئەو جێگەیە نییە تیایدا فێر بن مامەڵە لەگەڵ قەیرانە جیهانییەکان و هاوسەنگیی هێز، شەڕ و ئاشتی و داهاتووی ئابووریی نەوەی داهاتوودا بکرێ، بەڵام بۆ من یەکێک لەو جێگەیانە بوو کە زۆر پەرۆش بووم بیبینم، لە باوەڕمەوە کە هیچ جێگەیەکی تر لە جیهاندا وەکو کۆشکی سپیی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە واشنتۆن هەستەوەر و گرنگتر نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین کەس ئازادانە لە چواردەوری دەسووڕێنەوە و وێنە دەگرن و دەکەوێتە سەر شەقامی بەناوبانگی پنسلڤانیا لە واشنتۆن، لە هەرێمی کۆلۆمبیا. ئەو کۆشکە کە لێوەی سیاسەتی هەموو دونیا بەڕێوە دەچێت و لەسەر ئاستی سیاسیی جیهان گرنگترین بڕیارەکانی دنیا و چارەنووسی زۆر گەلی وەکو کوردی تیادا دەردرێت، ئەوەی کە بەلامەوە زۆر ناوازە و سەرنجڕاکێش بوو، جێگەیەکی گەشتیاریی جیهانییە، ساڵانە ملیۆنەها کەس سەردانی دەکەن، بە پێچەوانەی کۆشکی سەرۆکایەتییەکانی تر بەتایبەت لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە نزیکبوونەوە لێیانەوە ژیانت دەخاتە مەترسیی راپێچکردن و لێپێچینەوە و دوور نییە زیندانیش بکرێی. بە پێی گێڕانەوەکان ئەو کۆشکە سەرەتا ناوی (ماڵی سەرۆک) بووە، دوای ئەوە ناوی نراوە (کۆشکی سەرۆکایەتی). کۆشکی سپی ناوەکەی لە سەدەی حەڤدەوە بۆ ماوەتەوە، کاتێک خانووەکانی دەوروبەری هەموو بە خشتی سوور دروستکراون و ئەو بەتەنها لە ناویاندا رەنگەکەی سپی بووە، پێیان گوتوە «کۆشکە سپیەکە».  
ئێمە کە گەیشتینە بەردەم کۆشکەکە، سەدان گەشتیاری تر لە چواردەوری کۆشکەکە دەسووڕانەوە و وێنەیان دەگرت و دانیشتبوون و تەنانەت لە باخەکانی چواردەوری کۆشکەکە زۆریان راکشا بوون. 2014 کە من لەوێ بووم، لە دەرەوەی کۆشکەکە وێنەگرتن رێگەپێدراو بوو، بەڵام چل ساڵی رەبەق بوو لەناو ژوورەکانی کۆشکەکەدا رێگەپێدراو نەبوو کەس وێنە بگرێ، ساڵی دوای ئەوە، 2015، کە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، میشال ئۆباما، لە گرتە ڤیدیۆییەکی کورتدا، ئەو پارچە وەرەقەیەی دڕاند، کە لەسەری نووسرابوو «وێنەگرتن و هۆکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغەن» و لەو کاتەوە بۆ هەموو کەس هەیە کە سەردانی ژوورەکانی ناوەوەی کۆشکی سپی بکات و وێنە بگرێت. کە کۆشکەکەم بەجێهێشت، زیادڕەوی ناکەم گەر بڵێم هەستمکرد سەردانی بینایەکم کرد، ئاسایی وەکو هەموو بیناکانی تر، نەک جێگەیەک کە کۆنترۆڵی سیاسەتی هەموو جیهان دەکات. لەبەر ئەوە نا گرنگیی نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەی هێندە ئاساییان کردۆتەوە لای خەڵک، کە کەس سڵ لەوە نەکاتەوە بیر لە سەردانکردنی بکاتەوە. لەوێوە بەرەو جێگەیەکی تری گەشتیاری بەڕێکەوتم، کە پەیوەندیی بە کۆشکی سپییەوە هەیە، ئەویش مۆنومێنتی واشینتۆنە، بەرزترین «ئۆبلیسک - مسلة« هەتا ئێستا بیناکرابێت، دەکەوێتە نێوان بینای کۆنگرێسی ئەمریکی و ئۆبلیسکی لینکۆڵنەوە. ئەم مۆنومێنتە بۆ یادەوریی یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا کە جۆرج واشنتۆن بووە دروستکراوە، کە سەرپەرشتیی بیناکردنی کۆشکی سپیی کرد و تیایشیدا نەژیا و جۆن ئادامز کە دووەم سەرۆک بووە تیایدا ژیاوە.‪‬
ماویەتی

وتارەکانی نوسەر