یەکێتی و 50 ساڵ خەبات

09:51 - 2025-05-28
ساڵح عوسمان
157 خوێندراوەتەوە

ئێستا یەکێتی تەمەنی خەبات و تێکۆشانی بووە بە 50 ساڵ، 16 ساڵ خەباتی شاخ و34 ساڵ خەباتی شار. ئەم مێژووە پڕلە شانازییە کە لە رۆژی 1/6 یادی یۆبیلی زێڕینی دەگێڕین، یادی لەداکبوونێکە کە ژان و بەرەژانی لە رۆژگارێکی سەختی پڕ لە نائومێدیی ئەوکاتی کوردستاندا، دێوەزمەی هەرەس نەیتوانی لەباری بەرێت، یەکێتییەکی بەژن زراڤ لەدایکبوو کە وەکو داربەڕوو رەگی خۆی لە خاک گیرکرد و بە قووڵایی دۆڵ و شیوەکانی کوردستان رەگی داکوتا و بەقەد باڵای قەندیل باڵای دەکرد، بە بیری پێشکەوتنخوازی، ئارەقی تێکۆشانی رەنجدەرانی بیر و بازوو، بیری سەدان و هەزاران تێکۆشەری رووناک کردەوە و بە بازووی سەدان و هەزاران جووتیار و کرێکار و گوندنشین و تێکۆشەری دەستەبژێری رۆشنبیر، وەکو لاولاو لە قەد و باڵای چیا سەرکەشەکانی کوردستان ئاڵان. بە رێبازێکی نوێ، مەشخەڵی دەستی پێشمەرگەی سەرەتایی و هەرێمەکان، لە ساڵیادی یەکەمیدا چەخماخە و بڵێسەی شۆڕشی نوێ پەیامی کۆڵنەدان و بەرخودانی بە گوێی دوژمندادا لە بۆتەی شۆڕشێکی نوێی نیمچە بەرەییدا خورپەی خستە ناو دڵی داگیرکەر و بە تۆماری داستان لەدوای داستان خەونی گڵاوی کوردقڕانی لەگۆڕنا.

 

یەکێتی ئەندازیاریی  لێهاتووی راپەڕین و سەرقافڵەی خەباتی رزگاریی و دامەزراوە نیشتمانییەکان و یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی کوردستان بوو


ئەندازیاری راپەڕین و سەرقافڵەی خەباتی رزگاری
یەکێتی لە 17 ساڵی تەمەنی سەرەتای لاویدا وەک خوێندکارێکی دەرچووی خوێندنگەی کوردایەتی و زانکۆی کوردستان یان نەمان، بووبە ئەندازیارێکی زیرەک و لێهاتووی راپەڕین و سەرقافڵەی خەباتی رزگاریی نیشتمانی و دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتمانی و یەکەمین پەرلەمان و حکومەتی کوردستان، یەکەمین رۆژنامەی دەنگی ئازاد و یەکەمین تەلەفزیۆنی دەنگ و رەنگی گەلی کوردستان، یەکەمین فێرگەی ئەکادیمی سەربازی قەڵاچوالان، یەکەمین جاڕی فیدڕاڵی بۆ هەرێمی کوردستان، دەیان یەکەمین، لەسەر دەستی ئەندازیاری بیری نوێی یەکێتی دامەزران، لە قۆناغی رزگاری وڵات لە دەستی دیکتاتۆری چەندین ساڵە، یەکەمین سەرۆک کۆماری کورد سەرۆک مام جەلال رابەری شۆڕشی نوێ، بوو بە رابەری عیراقی نوێی دیموکراتی و دەستووری نوێی پڕ لە مافی کورد و لە موڕافەعەی سەلماندنی مێژوو و سنوور و کوردستانی بوونی کەرکوک، پارێزەر و مافپەروەرەکەی یەکێتی بوو.

مێژووی زێڕینی پەنجا ساڵە
ئێستا و ئەمڕۆی یەکێتی، کە زادەی مێژووی زێڕینی پەنجا ساڵەیە، ئێستا کە یەکێتی یەکێتییەکی باڵابەرزی سەرو سیما کامڵی پەنجا ساڵە، قاڵبووی دەیان و سەدان داستان و نەخشانی پڕ لە دەستکەوتی نیشتمانییە، ئەمڕۆ یەکێتی خاوەن شووناس و دید و رووئیایەکی کامڵی نوێیە، کە لەگەڵ سەردەمی خەباتی خۆیدا خۆی سازداوە، بە پێشڕەوی سەرۆکێکی خاوەن بڕیار و کردار و یەک هەڵوێستی ورد و وریا لە هەنگاو نان، لە گۆڕەپانی کایەی سیاسیی و نیشتمانی لە هەرێم و لە بەغدا، هەمیشە خاوەن پێگەی سەنگینی خۆیەتی و هاوتای خەباتی شێلگیرانە خەبات دەکات بۆ بەدیهێنانی خەون و خولیای شەهیدان و تێکۆشەرانی، کە گەیشتنە بە دوا لووتکەی بەدیهێنانی تەواوی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەیی و کوردایەتییەکەی، هەروەها خەباتکردنی بەردوامی بێوچان بۆ دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین.

 

ئەمڕۆ یەکێتی خاوەن شووناس و دید و رووئیایەکی کامڵی نوێیە، کە لەگەڵ سەردەمی خەباتی خۆیدا خۆی سازداوە



شانازیکردن بە مێژووی یەکێتی
هەربۆیە لە یادی یۆبیلی زێڕینی یەکێتی، هەموو یەکێتییەک لەهەر شوێن و لەهەر پێگە و جێگەیک بێ، شانازی بەم مێژووە زێڕینەوە دەکات و بە دڵ و لە ناو دڵ یادی دەکاتەوە و هەریەکەمان شاناز و شادمانین بە بەشداریمان لە پیت و دێڕێکی ئەم مێژووە گەورە و پیرۆزو باڵابەرزە پەنجا ساڵەییەدا.
دروود و سڵاو بۆ رۆحی پاکی شەهیدان، چەپکە گوڵی یاد بۆ سەرمەزاری پیرۆزی دیار و نادیاریان، سڵاو لە رۆحی رەوانشادی مام جەلال، مامۆستای کوردایەتی و بیری نوێ و شۆڕشی نوێ و رابەری رۆحی هەمیشە بەرز و شەکاوە بێ ئاڵای بەرز و سەوزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

 

وتارەکانی نوسەر