کادر ئەو کەسەیە شارەزاییەکی دیار و بەرچاوی هەیە سەبارەت بە کاری (سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکری و ئابوری)، سەرکردەیەکی لێزانە لە رێکخستنی چین و توێژەکان و بە یەکتر بەستنەوەیان و جێبەجێکردنی جۆرەها چالاکی رێکخستن و رێکخراوەیی.
سەرکردەیەکی ناسراوە بە توانایەکی فراوانەوە بۆ رابەریکردنی خەڵک و بەگەڕخستن و کارلێکردنیان.
کادر داینەمۆی چالاکییە حزبییەکانە (بە رۆیشتن بەرەو ئامانج رووە و ئەو ویستەی کە گەرەکە بەپێی شێوازێکی دیاریکراو).
سیفاتەکانی کادری
رێکخستن و حزبی:
-1 پێکهاتە سەرەکییەکانی چالاکی حزبی هەزم کردبێت و درک بە ئامانجە گشتی و تایبەتییەکان بەرێت و لانیکەم پێنج ساڵ کاری رێکخستنی حزبی کردبێت.
-2 باکگراوندێکی باشی هەبێت لەبارەی هۆشیاری (سیاسی-ئابووری-کۆمەڵایەتی).
-3 لە قووڵایی دەروونیەوە بڕوای بە گرنگیی رێکخستن لە چالاکی سیاسیدا هەبێت.
-4 خاوەن مێشکێکی کراوە بێت، هەستی بەپیرەوەچوونی نوێکارییەکان بەهێز بێت.
-5 توانای بەرگەگرتن و هەزم کردنی رووداوەکانی تێدا بەدیبکرێت.
-6 بوێرانە بۆچوونەکانی خۆی لە کۆبوونەوە حزبییەکان دەربڕێ، رتووشی کارە دزێوەکان و هەڵەکانی ناو رێکخستن و حزب نەکات.
-7 لەکاتی تەنگژە و ئاستەگەکاندا، توانای بڕیاردانی هەبێت.
-8 بەردوام بخوێنێتەوە و مێشکی بە زانیاری و بابەتی مەیدانیی رێکخستنی حزبی تەیار بکات.
-9 بڕوای بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و رەخنەی بنیاتنەر هەبێت.
-10 دەبێت دەست و دەم و داوێن پاک بێت.
رێکخستن: هزر و سیاسەت و رێکخستن، سێکوچکەی کاری حزبی و رێکخراوەییە. لینین دەڵێت: سیاسەت و رێکخستن، دوو رووی یەک دیاردەن کە ئەویش دیاردەی کاری حزبییە. ئینگلس دەڵێت: هیچ حزبێکی سیاسی ناتوانێت بەبێ رێکخستن بوونی هەبێت. رێکخستن، پێگەی سەرەکیی چالاکیی حزبی و تاقیگەی فکر و سیاسەتە.
چالاکی حزبی و رێکخراوەییش پێکدێت لە: کاری فکری و سیاسی و کاری رێکخستن، کە کادر رۆڵی باڵا و کارا و سەرەکیی تێدا دەگێرێت و داینەمۆ و هەڵسوڕێنەری کایە و کار و چالاکییە حزبییەکانە بە پشتبەستن بە فکرێکی پێشکەوتووخواز و شوناسێکی روون و سیاسەتێکی حەکیمانە.