جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
یۆبیلی زێڕینی (ی.ن.ک) و یادی پەنجا ساڵەی ئەم هێزە گەورە و نیشتمانییە، تەنها یادێکی حزبی و تایبەت نیە بە یەکێتی و هەڤاڵ و ئەندامەکانی، بەڵکو یادی یەکێتی، بەدەر لەبازنە حیزبیەكەى، وەك قەوارەیەكى نیشتیمانی و نەتەوەیى سەیربکەین و پاراستن و گەشەكردنیشى ببێتە ئەركێكى نیشتمانیى و نەتەوەیى، چونکە یەکێتی، بۆ (کوردو نیشتمان و کوردستانە).سەربارى ئەوەى مێژووى پڕە لەدەسكەوتى گەورەو شانازی مێژوویی، بەڵام پێمان وایە زۆر دەسكەوت و ئەرکی گەورەتر ماون كەلەئایندەی نزیک و دووردا هەر لەسەر دەستى یەكێتى دێتەدی.
حزبی سەروەریەکانی رابردوو بین، یان حزبی دەسکەوتەکانی ئایندە؟
پێوستە هەموومان خۆمان رووبەڕووی ئەو پرسیارەی سەرەوە و پرسیارەکانی تریش بکەینەوە: کە ئایا ئێمە دەمانەوێت هەمیشە شانازییەکانی مێژوو بگێڕینەوەو تەنها روومان لەڕابردوو بێت؟ یان دەمانەوێت سەرمایەی پڕ سەروەری مێژووییمان بکەینە پردی بەستنەوە بەئایندەمانەوە؟ هەمیشە یادی (ی.ن.ک) بکەینە گێڕانەوەی داستانە گەورەکان، یان قسە لەوە بکەین بەرنامەو پلانمان چییە بۆ ئێستا و ئایندە؟ ئایا سەرمایەی پڕشانازی یەکێتی و مێژووەکەی دەکەینە دەستمایە بۆ تەواوکردنی ئەرکە گەورە و ستراتیژییەکانمان؟ ئێمە بەردەوام ئەو دەسکەوتانە بژمێرین کە لە پێشوودا بەدەستهاتوون، یان دەبێت چاومان لە بردنەوەی دەسکەوتەکانی ئێستا و ئایندەبێت؟ چۆن بتوانین وەبەرهێنان لەو مێژووە پرشنگدارەی (ی.ن.ک) بکەین هەتا بە کەمترین زەرەر و شکستەوە هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی پڕ دەسکەوت بنێین؟
ئامانجی راستەقینەی یەکێتی، ئەوەیە نامانەوێت بەشێکبین لە مێژوو، بەڵکو ئامانجمانە بەشێکبین لە هێزی دروستکردنی مێژوو، (شانازی و دەسکەوتەکانی رابردومان، خەزێنەی ئەزموونێکی دەوڵەمەند و سەرمایەیەکی گەورە و بەنرخن کە دڵۆپ دڵۆپ بەخوێن و خەبات بەدەستمان هێناون، بەڵام روومان لە ئایندەیە و تاودانەوە و رێکخستنەوەی ژیانی حزبیمان، بۆ ئەوەیە دەسکەوتەکانی ئایندە مسۆگەر بکەین و بەهیمەت و هەڵمەتی یەکێتیانە، پێشمەرگەی ئەو ئایندەیە دەبین).
دوای پەنجا ساڵ، یەکێتی نیشتمانی بۆچی؟
پێویستە یەکێتی نیشتمانی بۆچی؟، پرسیاری جەوهەری هەموو قۆناغە جیاجیاکانی خەباتمان بێت.
ئێستا کە هەلومەرجی نوێ لەعیراق و هەرێم و ناوچەکەو جیهان بەگشتی هاتوەتە ئاراوە، گۆڕانکاری و نوێبوونەوە بانگمان دەکات و لە دەرگامان دەدات، ئێمە چۆن یەکێتی توانادارتر بکەین، کە ئاڵنگاریی و مەترسییەکان بگۆڕین بۆ دەرفەت و چانس و دەسکەوت؟ چۆن سیاسەت و روانگەکانی یەکێتی تەوزیف بکەین لە قۆناغی ئایندەدا؟ چۆن وەبەرهێنان لە هێزی یەکێتیدا بکەین بۆ ئەوەی ئێستامان لە رابردوو باشتربێت و لە داهاتووش کوردو کوردایەتی و کوردستان و یەکێتی دڵنیا و سەرفرازبن؟ یەک بۆچی و دەیان ئەرک و سەدان وەڵام و بەرپرسیاری زیاتر.
لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە (یەکێتیی نیشتمانی بۆچی؟) یەکێتیەکان، پاڵپشت بەڕێباز و کلتوری سەرۆک مام جەلال و بەڕابەرایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەهەڵسەنگاندن و روونکردنەوەی هەلومەرجی ئێستامان لەم قۆناغە نوێیەی خەباتدا، وەڵامی پرسیاری یەکێتیی نیشتمانی بۆچی دەدەنەوە.
یۆبیلی زێڕین، دەکەینە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی و دەرفەتی بەخۆداچوونەوە، هەتا یەکێتی هەر پێشڕەوی کوردایەتی و حزبی کۆمەڵانی خەڵک بێت، بەدیدگایەکی نوێوە هەنگاو بەرەو ئایندەیەکی گەشتر دەنێین لەڕووی چۆنایەتی و چەندایەتیەوە.
دروود بۆ رۆحی بەرزی شەهیدانی کوردستان، سڵاو لە رۆحی سەرۆک مام جەلال و هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر، سڵاو لە ماندوونەناسان و تێکۆشەرانی خەباتی پەنجا ساڵەی یەکێتی، ئێوەش هەرشاد و سەرکەوتوو سەرفرازبن.