چەند پێشنیازێک لە یوبێلی زێڕینی ی.ن.ک-دا

09:58 - 2025-06-01
ژیار حسێن
205 خوێندراوەتەوە

کورد لە نائومێدییەکی زۆر و بێهیوابووندا بوو کە شۆڕشی ئەیلول هەرەسی هێنا، بارودۆخێکی ئیقلیمی و دەروونیی خراپیش باڵی بەسەر ئەم میللەتەدا کێشابوو، کە مام جەلال بە کەمتر لە سێ مانگ دوای ئەم نسکۆیە، هاوشێوەی باڵندەی قەقنەس لە خۆڵەمێشییەوە گیانی کردەوە بەبەر شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەکەماندا و کوردی لە بێهیوایی رزگار کرد بەوەی یەکێتی دامەزراند کە ئێستا یادی یوبیلی زێڕینی خۆی دەکاتەوە.

هێزێکی سیاسیی کاریگەر
یەکێتی کە هێزێکی سیاسیی کاریگەرە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، باوەڕپێکراوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە، خاوەنی یەک بڕیارە، یەک هەڵوێست و یەک سەرکردەی کاریگەری هەیە، خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شەهید و قوربانیدانە لەپێناوی گەلەکەیدا، ئەوکات لەسەر دەستی کۆمەڵێک لاو دووبارە لە سوریاوە جاڕی شۆڕشی دایەوە، لەپێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەیدا، لەڕێگەی خەباتی چەکداری و مەدەنییەوە دژی زوڵم و زۆرداری وەستایەوە، دواتریش یەکەم سەرۆک کۆماری عیراقی بۆ خۆی یەکلاکردەوە کە یار و نەیاری لەسەر یەک مێز کۆدەکردەوە. هەر ئەم حزبە خەمی خەڵکی کردووە بە کێشەی سەرەکیی خۆی و سەرکردە لاوەکەی ئێستای ئامادەیی تێدایە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەبێ دابڕان، کۆبوونەوە لەگەڵ توێژە جیاوازەکاندا بکات، تا بگاتە ئەنجامێک بۆ چارەسەری کێشەکانیان، ئەمانە و زۆر شتی تریش کە ئێستا یەکێتی و سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەنجامیان دەدات.

لەپێناوی باشتربوون و  بەهێزتربوونی یەکێتیدا
وێڕای ئەوەی لایەنگران، دەنگدەران و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان رازین لە جووڵە سیاسییەکانی یەکێتی، بەڵام رەخنەشیان لێی هەیە، لەپێناوی باشتربوون و بەهێزتربوونی ئەم حزبەدا، هەوڵدەدەم چەند پێشنیازێک بخەمەڕوو، بە ئومێدی ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت بۆ دوای یوبێلی زێڕین، کە ئەمانەی خوارەوەن: 
-1 لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمدا، پێویستە یەکێتی جەخت لەوە بکاتەوە ئەو وەزارەتە گرنگانە وەربگرێت کە خزمەتی خەڵک دەکەن، هەروەها دووربن لە چوونە ژێر باری حکومەتێک کە توانای خزمەتکردنی خەڵکی نەبێت.
-2 وێڕای ئەو ئابڵۆقە داراییە ناڕەوایەی خراوەتە سەری، هەوڵی جددی بدات لەسەر داهاتی پارێزگای سلێمانی خزمەتگوزارییەکان تەواو بکات، لە نموونەی رێگەی خەلەکان - دوکان، کە زۆر جار خەڵکەکەی خۆپیشاندان دەکەن و ئەوەش کاریگەریی لەسەر حزبەکە و دەروونی دەنگدەرانی دەبێت.
-3 بەهۆی پەیوەندییە باشەکەیەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا، یەکێتی هەوڵ بدات کێشەی مووچەی فەرمانبەران بنەبڕ بکات، هەرچەندە هەوڵەکانی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی روونە لەو رووەوە لەلای خەڵک، بەڵام ئەو مەسەلەیە پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی زیاترە بە ئاراستەی لێکتێگەشتن لەگەڵ بەغدا.
-4 لە پۆستەکانی ناو حکومەتدا، کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا دابنێت، دوور بێت لە رەچاوکردنی خزمایەتی و مەحوسبییەت و تەنها لەسەر تواناکانیان بڕیار بدات، چونکە لە کۆتاییدا هەموو وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، نمایندەی سیاسەتی یەکێتی دەکەن لە شوێنەکانیان، باشی و کەمتەرخەمییان لە ئەرکدا لەسەر حزبەکە حساب دەکرێت.
-5 پەیوەندییەکی باش لەگەڵ دەنگدەرانی لە ناوچە جیاوازەکاندا دروست بکات، تا ئەو بیرکردنەوەیە لەلایان بڕەوێتەوە، کە تەنها کاری پێیانە بۆ دەنگدان و دواتر پشتگوێیان دەخات.
-6 بە ستایلێکی نوێ و سەردەمییانە رێکخستنەکان، کاروباری حزبی و رێکخراوەیی کۆنتڕۆڵ بکاتەوە و پەرەی زیاتریان پێ بدات.
-7 لەگەڵ ئەو وڵاتانەی پەیڕەوی سۆسیال دیموکرات دەکەن، پەیوەندییەکی باشی هەبێت و ساڵانە چەند کادرێکی حزبەکە بنێرێت بۆ دەرەوەی وڵات بۆ شارەزابوون لە فەلسەفەی کاری حزبی و رێکخراوەیی، لەپێناوی زیاتر برەودان بە تواناکانیان و بەرەوپێشچوونیان لە کارەکانیاندا.
رەنگە بابەتی زیاتر هەبێت و من هەستم پێ نەکردبێت لێرەدا بیانخەمەڕوو، بەڵام حاشاهەڵنەگرە کە هێزی سیاسی پێویستە بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بێت و هەوڵبدات خۆی لەگەڵیاندا بگونجێنێت.

وتارەکانی نوسەر