زامنکردنی ماف و رێگری لە پێشێلکاریی یاسا

10:23 - 2024-02-21
ژیار حسێن
318 خوێندراوەتەوە

دوا بەدوای بەستنی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و متمانە بەخشین بە هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتییەکەی مام، دەمەزەردکردنەوەی یەکێتی بە بەرگێکی نوێ و دانانی پەیڕەوێکی حزبی تۆکمە، یەکێتی خستۆتەوە سەر شاڕێگەی خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک و بۆتە زامنی دەستەبەرکردنی ماف بۆ خاوەن ماف و بەربەست لە پێشێلکارییەکان سەروەریی یاسا لە دەڤەری سەوزدا.
بۆیە لەپاڵ رێکخستنەوەی ناوخۆیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەستنی کۆنفرانس بۆ چەند مەکتەب و بۆردێکی حزب و سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، لە ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە، یەکێتی بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان و رێگرتن لە کاری مافیایی و سەرانە وەرگرتن لە بازرگانانی لەبیر نەچوو، بەدەستێکی ئاسنین هەوڵی رێگری لەو ‌حاڵەتە داوە.
 بەکارنەهێنانی پلە و پۆست بۆ کاری نایاسایی
لە رابردوودا پیشەوەران و بازرگانەکان گیریان خواردبوو بە دەست هەندێ کەسی لەیاسادەرچوو و سەرانەسێن و گێچەڵپێکەر و دانانی باجی زۆرەوە، کە ئەمەش رێگربوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیجی و مایەی بەجێهێشتنی کاریگەریی خراپ بوو لە بەردەم رەخساندنی هەلی کاردا، بە ژیری و هۆشیارییەوە لە رێگەی نووسراوێکەوە کە بە دیاریکراوی لە (15/8/2022)دا بڕیاری لێدراوە، تێیدا ئاگاداری سەرجەم بەرپرسانی حزبی، رێکخراوەیی، حکومی و سەربازی کردەوە، کە پێویستە بەدووربن لە بەکارهێنانی پلە و پۆستەکانیان بۆ وەرگرت و داگیرکردنی زەویوزار و موڵکی گشتی، بەپێچەوانەوە بەدەرلەوەی کە دەخرێنە بەردەمی یاسا، سزایەکی توندی حزبی و رێکخراوەییش دەدرێن بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
ئەوە ئاماژەیەکی ئەرێنییە کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گوێی هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرەیدا دا کە  ئێوە ئاسوودە بن، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەر شتێک کە زیان بە مافی ئێوە بگەیەنێت بێدەنگ نابێ و هەڵوێستی خۆی دەبێت، دوای سەدان هەوڵی پەنهان و چاککردنی بەشێکی گرفتەکان، لەو رووەشەوە دوای ئاشکرابوونی هۆکاری تەقەکردن لە بازرگانێکی شاری سلێمانی بەمەبەستی وەرگرتنی باج و سەرانە، دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی کەسی پشت ئەو تاوانەی دەرکرد کە پۆستی حزبی و سەربازیشی هەبوو.

 

یەکێتی بە بەرگێکی نوێ و دانانی پەیڕەوێکی حزبیی تۆکمەوە کەوتۆتە سەر شاڕێگەی خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک، هەروەها بۆتە زامنی دەستەبەرکردنی ماف بۆ خاوەن ماف و بەربەست لە پێشێلکاریی یاسا 

 

چاوپۆشی نەکردن لە هیچ کەسێک
هێزە ئەمنییەکانیش فەرمانی دادگایان جێبەجێکرد و دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەو کەسەشدا  گیرا‌ کە لە بنەڕەتدا مافی خەڵک بوو و بە ناحەق داگیر کرابوو، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە کردار دەستیپێکرد و ئەوەی سەلماند بۆ پارێزگاری لە سەر و ماڵی هاووڵاتیان سەرکردایەتی یەکێتی تەنها قسە ناکات، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە بێگومان نواندنی ئەو رێوشوێنانە دەقاودەق دەگەڕێتەوە بۆ فەرهەنگی سەنگینی سەرۆک مام جەلال  کە چەندین جار چاوپۆشی نەکردووە لە هیچ کەسێک و بە تایبەتیش کادرەکانی حزبەکەی خۆی لە بەرامبەر داگیرکاریی و قۆرغکاریدا.
 هەڵبەتە ئەم کردارە لە پاڵ پێشوازیی لەلایەن هاووڵاتیانەوە، دەستخۆشی چەندان حزبی سیاسی دیکەی لێ کەوتەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ بڕیارەکەی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی  دووپاتکردەوە لەپێناوی بەرقەراربوونی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، خەڵکیش لەمەودوا دڵنیاتر دەبنەوە لە پارێزراویی ماڵەکانیان و بەدیهاتنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە، جێی ئاماژەشە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا سەرۆک بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا کە «تەنانەت چاوپۆشی لە کوڕەکانی مام جەلالیش ناکرێت ئەگەر کارێکی هەڵە بکەن، بۆیە کێش خۆی تاقی بکاتەوە زەرەرێکی گەورە دەکات».

وتارەکانی نوسەر