سەنتەرەکە بۆ بەشی تاقیگە هیچ کارمەندێکی میلاکی نییە، بەڵکو تەنها خۆبەخشەکان کارەکانی هاووڵاتیان رایی دەکەن
(1922/1/18) رێکەوتی کردنەوەی «سەنتەری مەمک»ە لە قەزای رانیەو سەنتەرەکە بەرەو سێ ساڵی تەمەنی دەڕوات، بەلام تاکو ئێستا نەتوانراوە بەشێک لە کەموکورتییەکانی ئەو سەنتەرە چارەسەر بکرێت.
تاکە سەنتەری هاوکاریکردنی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک
سەنتەری مەمک، لەسەر ئاستی ئیدارەی راپەڕین، تاکە سەنتەرە کە هاوکاری تووشبوانی شێرپەنجەی مەمکی سنوورەکە دەکات، هەر لە پشکنینی سەرەتایی، تاکو دەگاتە ئاستی وەرگرتنی نموونە لە گرێیەکە، وێڕای ئەوەی هیچ داتایەک بەردەست نییە لە سەنتەرەکە تا بەرچاومان روون بێتەوە، لەسەر ژمارەی تووشبوان بەو نەخۆشییە، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی سەنتەرەکە، لەوەوە دەستپێدەکات کاتێک ئافرەتێک گومان دەکات کە نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمکی تێدا دەرکەوتووە، سەردانی سەنتەری مەمک دەکات لە رانیە، لە قۆناغی یەکەمدا لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە پشکنینی بە دەست بۆ ئەنجام دەدرێت، قۆناغی دووەمیش دەنێردرێت بۆ سۆنەر، قۆناغی سێیەمی دیاریکردن ئەنجامدانی “مامۆگرافی“ە، لە قۆناغی پێش کۆتاییدا، سامپڵێک لە گرێکە بە ئامێرێکی تایبەت وەردەگیرێت.
تاکو ئێرە هیچ گرفتێک لە پڕۆسەکەدا نییەو ئەمانە لەناو سەنتەرەکە بەردەستن، بۆ قۆناغی کۆتایی و ئەنجامدانی پشکنینی گرێکە تا دڵنیاببینەوە کە شێرپەنجەییە یاخود ئاسایی، پێویستە خانمەکە سەردانی سلێمانی یاخود هەولێر بکات، دواتر راستەوخۆ دەبێتە نەخۆشی ئەوان و سەردانی سەنتەری رانیە ناکاتەوە، کە ئەمە گرفتێکەو دەبێتە رێگر لە دەستکەوتنی داتایەکی راستەقینەی ژمارەی توشبووان.
بەشی تاقیگە کارمەندی میلاکی نییە
یەکێکی تر لە گرفتەکان ئەوەیە، ئەم سەنتەرە بۆ بەشی تاقیگە هیچ کارمەندێکی میلاکی نییە، بەڵکو تەنها خۆبەخشەکان کارەکانی هاووڵاتیان رایی دەکەن، و لە بەشێکی وەکو مامۆگرافی تەنها (1) کارمەندی میلاکی هەیەو لە بەرامبەردا (4) خۆبەخشی بۆ دانراوە بۆ ئەنجامدانی کارەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە ئێستا بەهۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم خزمەتی خۆبەخشان لە بەرچاو ناگرێت، سەرجەم کارمەندانی خۆبەخش لە سەنتەرەکە بایکۆتیان کردووە و هیچ کارێک ئەنجام نادەن، ئەمەش رێگرییەکە لەبەردەم تووشبوانی ئەم سنوورە و ئەرکەکەیان زیاتر قورس دەکات، ئەمانە کۆمەڵێک کێشەی سەرەکین کە پێویستە چارەسەر بکرێن، ئەوەش سەرەڕای بوونی چەندین گرفتی ئیداری تر لە سەنتەرەکەدا.
ئەرکی ئیدارەی خۆجێی ناوچەکەیە
پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رێگەی ئیدارەی خۆجێی ناوچەکەوە چارەسەری کێشەکانی سەنتەرەکە بکات، بە جۆرێک بتوانێت سەرجەم ئامێرەکان دابین بکات، بۆ ئەوەی پێویست نەکات نەخۆش سەردانی شارەکانی سلێمانی و هەولێر بکات، تاکو ئێمەش ببینە خاوەنی داتایەکی راستەقینەی تووشبوان، بۆ ئەوەی بتوانین لەم رێگەیەوە هاووڵاتیانی سنوورەکەمان ئاگاداربکەینەوە لە رێگاکانی خۆپاراستن، چارەسەرێکی تریش دامەزراندنی کۆمەڵێک کارمەندی میلاکە چ بەشێوەی هەمیشەیی یاخود گرێبەست، تاکو بتوانرێت کارەکان بێ کێشە بڕوات و خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەکە بکرێت، یانیش دەتوانرێت خۆبەخشان بڕێک هاوکاری وەربگرن لەلایەن ئیدارەی گشتی یەکێتی، وەکو هاندانێک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی سەرشانیان، هەموو ئەمانەش بە ناردنی لیژنەیەک دەکرێت لەلایەن نوسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، تاکو کێشە و گرفتەکان روونتر بن و بیر لە چارەسەر بکرێتەوە بۆیان.
*پەرستاری زانکۆ