شێری ماڵەوە و دەستەمۆی دەرەوە

11:03 - 2025-01-16
ژیار حسێن
185 خوێندراوەتەوە

بەشێکیان بە تەواوەتی دژی ئەوەن حزبە سەرەکییەکان شوێنکەوتەی وڵاتێک بن، بەڵام ئەمڕۆ خۆیان وێنەیان دادەنرێت لەگەڵ وەزیرەکانی دراوسێمان

حزبەکان لەسەر ئاستی جیهان، بە مۆدێلێکی پێشکەوتوو هەنگاو دەنێن، هەوڵەکانیان لە خزمەت کۆمەڵگەدایە، تیمێکن بۆ سەرخستنی دیموکراسی و نەهێشتنی دیکتاتۆری و دەسەڵاتی تاکڕەوی. حزبی ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا وەک پێکهاتەیەکی شەرعی و گرنگ ناسێندراون کە رۆڵی گرنگیان هەیە لە رەخنەگرتن لە سیاسەتی دەسەڵاتداران و هەڵە زەق و باوەکانیان دەکەنە شاڕێی دروستبوونی خۆیان.
 هەرێمی کوردستانیش سیستمی فرە حزبییە و لەگەڵ دروستبوونی هەر کەلێنێکی سیاسی لەنێوان خەڵک دەسەڵات، راستەوخۆ ئۆپۆزسیۆنێکی تازە لەدایکبووە، لە هەڵبژادندا بەشدارییان هەبووە و توانیویانە دەنگی ناڕازی بەلای خۆیاندا پەلکێش بکەن. 
ئەوەی جێگەی سەرنجی خەڵکە، هەموو حزبەکانی بەرەی ناڕازی نەیانتوانیوە تەنانەت کەمێکیش لە داواکانی خەڵک بەدیبێنن، بەڵکو زۆرینە دڵنیا بوونەتەوە لەوەی کە بوون بە پاشکۆ یان سێبەری لایەنێکی دیاریکراو، نموونەش زۆرە بۆ سەلماندنی ئەو راستییە. 
ساڵانێک بەر لە ئێستا ئۆپۆزسیۆنی وەها لەژێر ناونیشانی قەبەدا دروستبوون کە بووبوونە جێگەی متمانەی خەڵک، بەڵام دواتر، ئەو دەنگەی بەدەستیان هێنا لە ماوەیەکی کەمدا لەدەستیاندا، چونکە لەگەڵ چوونیان بۆ ناو دەسەڵات، گەندەڵییەکان تۆختر بوونەوە و بارودۆخی هاووڵاتییانیش خراپتر بوو. 
لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێک هەواڵ، سۆشیاڵ میدیایان تەنی، کە کۆمەڵێک بەرپرسی دیاری هەرێمەکەمان لەگەڵ وڵاتێکی درواسێ، کۆبوونەوەیان کردووە، لە رووی لۆجیکەوە کارێکی هەڵە نییە، کاتێک سەرۆکی پارتێک پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەهێز بکات، لەپێناوی خزمەتکردن بە هاووڵاتییانی سنوورەکەی، ئەوەی جێگەی داخە بەشێکیان بە تەواوەتی دژی ئەوەن حزبە سیاسییە دیارەکان پاشکۆی هیچ وڵاتێک بن، بەڵام ئەمڕۆ خۆیان وێنەیان دادەنرێت لەگەڵ وەزیرەکانی دراوسێمان، ئەوە هیچ قسەیەک هەڵناگرێت ئەوە نەبێت کە کورد گوتەنی “ شێری ماڵەوە و رێوی دەرەوەن“، هەندێک لەو سیاسییانە، بە دروشمی گەورە خەڵک لە پێش دەسەڵاتەوە دادەنێین، کەچی ئێستا دەنگی خەڵکیان کردووە بە پلیکانە لەپێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان، لەکاتێکدا پێویستە نوێنەرایەتیی راستەقینەی بەرژەوەندی و بەهاکانی سەرجەم چین و توێژەکان بن و هەوڵ بدەن لە رێگەی دانانی پڕۆگرام و پرۆژەی ستراتیجەوە ئەگەر پێیانوایە گەندەڵی هەیە راستی بکەنەوە و کە چوونە ناو حکومڕانییەوە دەنگی خەڵک ئازایانە بگەیەنن و ئەو جێگەیە هەڵبژێرن وەکو چارەسەر کە بە دروستی سارێژی برینەکانی خەڵک دەکات، خۆ ئەگەر پێچەوانەکەی راست بێت، ئەوا دەکەونە بەر لێشاوی سزادانی خەڵک لە هەڵبژاردندا، چونکە ئێستا زۆر روونە خەڵکی هەرێمی کوردستان لەوە چاو کراوەترە کە بە دروشمی جۆراوجۆر بکەوێتە هەڵەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانی باشترکردنی بژێوی ژیانیان و رەخساندنی زیاتری هەلی کارن لە ناوچەکانیان لە سەرجەم پارتە سیاسییەکان بێ جیاوازی.

وتارەکانی نوسەر