پاراستن و بەهێزکردنی دیموکراسی، بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی ئابووری، بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتوری، هەموو ئەمانە بەشێکن لە ئامانجە گەورەکانی یەکێتی
یادی یۆبێلی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە پەنجا ساڵ خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی لەپێناو ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی نەتەوەی کورد کردووە، ئەمە تەنها یادگاریی نییە، بەڵکو هێمایەکی گەورەیە بۆ دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی ئەم حزبە دێرینەی کوردستان، لەو ماوە درێژەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک یەکێک لە حزبە کاریگەر و بەهێز و دیارەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، رۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگی گێڕاوە لە بەرگریکردنی شوناسی نەتەوەیی و دامەزراندن و پاراستنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
بە ئیرادەیەکی پۆڵایین
پەنجا ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کوردستان و گەلەکەمان لە ژێر زوڵم و چەوسانەوەی رژێمە داپڵۆسێنەرەکانی عیراقدا دەیناڵاند، ئەو دەمەی دەنگی کورد لە دنیادا بێدەنگ کرابوو، لەو کاتەدا مام جەلال، ئەو سەرکردە نەمر و مەزنە، بە ئیرادەیەکی پۆڵاین و دووربینییەوە لەگەڵ هاوڕێکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانییان دامەزراند.
دامەزراندنی یەکێتی، تەنها دروستکردنی حزبێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دووبارە لەدایکبوونەوەی هیوا و ئومێدبوو لە دڵی گەلی کورد و بانگەوازبوو بۆ شۆڕش و بەرخودان دژ بە ستەم و چەوساندنەوە، دەستپێکردنەوەی خەبات بوو لەپێناو چەسپاندنی ئازادی و یەکسانی و گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین. لەم پەنجا ساڵەدا، یەکێتی قوتابخانەیەکی گەورە و فراوان بووە، کە تێیدا چەندین نەوە بە خۆشەویستی نیشتمان و بەرگریکردن لە خاک و نەتەوە، پەروەردە و گۆشکراون.
خەرمانی دەستکەوتەکان
ئەمڕۆ کە سەیری ئەو رێگایە دەکەین کە یەکێتی لەم پەنجا ساڵەدا پێیدا رۆیشتووە، دەبینین کە چەند دەستکەوتی گەورەی هەبووە، هەر لە دامەزراندنی هێزی پێشمەرگە و سەرهەڵدانەوەی شۆڕش و بەشداریی لە راپەڕین و رزگارکردنی شارەکانی کوردستان، هەتا دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و دواتریش سەنگەری خەباتی نەتەوەیی لە بەغدا، بۆ زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلەکەمان لە چوارچێوەی عیراقێکی فیدڕاڵدا.
لە بواری زانست و خوێندەوارییدا، یەکێتی لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە لەوە باش تێگەشتبوو کە زانست و خوێندەواری، چەکێکی کاریگەرن بۆ ئازادبوونی نەتەوەکان، هەربۆیە یەکێتی هەمیشە بایەخی تایبەتی بە پەرەپێدانی خوێندن و فێرکردن داوە، لە دامەزراندنی قوتابخانەکانەوە هەتا دامەزراندنی زانکۆ و پەیمانگاکان، سیاسەتێکی نەگۆڕی یەکێتی بووە بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پێگەیاندنی کادری ئەکادیمی و زانستی لێهاتوو و بەتوانا. چونکە یەکێتی هەمیشە زانستی وەک کلیلی سەرکەوتن و پێشکەوتن بینیوە.
سەرکردایەتیی نوێ
ئێستاش، یەکێتی لە ژێر سایەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و لەژێر دروشمی «یەک سەرۆک، یەک هەڵوێست، یەک سیاسەت»دا، لە کەمترین ماوەدا کە توانی خۆی وەک رابەرێکی شایستەی بەڕێوەبردنی یەکێتی بسەلمێنێت کە هاوشێوەی مام جەلال، سەنگەری بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستانی کردووەتە خەمی یەکەمی حزبەکە و لەو پێناوەشدا شەو و رۆژ بە بێ وچان لە هەوڵی بەدیهێنانی ماف و پێداویستییەکانیاندایە، ئەو بە دانایی و دووربینی و لێهاتووییەوە، ناوخۆی یەکێتی تۆکمەتر و بەهێزتر کردووە و حزبەکەی کردووەتە ژمارەیەکی کاریگەر لە هاوکێشە ناوخۆیی و ئیقلیمییەکاندا.
راستەڕێیەکی دروست و گونجاو
سیاسەت و کارکردنی سەرۆک بافڵ، دەریخستووە کە شایستەی ئەو متمانە و دڵنیاییەیە کە گەل و کادرەکانی یەکێتی پێیان بەخشیوە، ئەو بە رێکخستنەوەی ناوەوەی حزب، بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان و وڵاتانی دەوروبەر و رۆژئاواش، بە گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، ئەو راستییە دووپات دەکاتەوە کە سەرۆک بافڵ لەسەر راستەڕێیەکی دروست و گونجاوە.
هاوکات لەگەڵ یادی یۆبێلی زێرێندا، دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە باشترین دۆخی خۆیدایە، چونکە ئێستا لە هەمووکات زیاتر لەناوخۆی خۆیدا پتەو و یەکگرتووە، ئەوەش ئەوەندەی تر هێز و کاریگەریی بە سەنگ و پێگەی حزبەکە بەخشیووە، ئەم یەکگرتووییە لە سەرکردایەتییەوە تا بنکە جەماوەرییەکەی بۆ کارکردن بە یەک ئاڕاستە و یەک سیاسەتی روون، هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی نوێی یەکێتی.
بەرەو ئامانج
ئەمڕۆ پاش پەنجا ساڵ، هێشتا یەکێتی ئەرکی گەورەی ماوە، پاراستن و بەهێزکردنی دیموکراسی، بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ، چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، پەرەپێدانی ئابووری، بەهێزکردنی ناسنامەی کەلتوری، هەموو ئەمانە بەشێکن لەو ئامانجە گەورانەی کە یەکێتی لە پێناویاندا دامەزراوە.
پێویستە ئامادە بین بۆ ئەو پێداویستی و ئاڵنگارییانەی کە لەپێشمانەوەن، تا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆڵی خۆی لە بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و پێشکەوتوودا بگێڕێت، بۆ ئەوەش پێویستە هەموو کادر و ئەندامانی یەکێتی پاڵپشت و پشتیوانی سیاسەتی کارکردنی سەرۆک بافڵ بن، بۆ ئەوەی بتوانێت یەکێتی بەرەنگاری گرفت و قەیرانەکان ببێتەوە و بەردەوام بێت لە خزمەتکردنی گەلی کوردستان، کە ئێستا گەلەکەمان و ناوچەکە بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکمان ئەوەیە کە میراتی ئەو پەنجا ساڵە بپارێزین و لە یۆبێلی زێڕیندا پەیمان نوێ دەکەینەوە کە وەک هەمیشە لە سەنگەری بەرگریکردن لە مافەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بین.