لە باسی مووچەدا، زانیاری بێ سەرچاوە دەدەن

09:58 - 2025-06-03
هیوا محەمەد
168 خوێندراوەتەوە

یەکێک دەڵێت قبووڵی ناکەین چیتر وابێت، یەکێکی تر دەڵێت خەمتان نەبێت ئیتر وانابێت، ئەمە لەماوەی چەند ساڵی رابردووەوە دەیان جار وتراوەتەوە و تا ئێستاش دۆخەکە نەگۆڕاوە و هەر وەک خۆیەتی، کەچی ئەم خەڵکەی ئێمە وەک رانەمەڕ سەرمان کردووە بە پاشەڵی یەکدا و مل دەنێین.
لە وتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا بە بۆنەی یۆبێلی زێڕینی دامەزراندنی یەکێتییەوە، کە رۆژی 1-6 لە یاریگای سلێمانی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە مووچە، وتی کە ئێمە هەر وەک پێشتریش کردومانە، بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە لەگەڵ بەغدا و ئەگەر پێویست بکات خۆشم دەچم بۆ ئەوێ و لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و بەرپرسانی تر باسی دەکەین تا رێگە چارەی بۆ بدۆزینەوە.
ئەمە وتەیەکی ئارامی دیپلۆماسییانەیە، جیاوازیی زۆرە لەگەڵ ئەوەی بڵێیت ئەگەر مووچەکە نەنێرن قبووڵی ناکەین!. فەرموو ئەوە دوای هەڕەشەکە وەستانیان و هیچیش نەکرا کە بۆنی قبووڵنەکردنی لێبێت.
زمانی دیپلۆماسیی سیاسییەکان، میللەتێک بەرەو ئارامی دەبات، پێچەوانەکەشی بەرەو هەڵدێر و ماڵوێرانی دەبات. 
هەرکات لێدوانێکی گڕدار دەبیستین لەلایەن هەندێک لە بەرپرسە سیاسیی و حکومییەکانی هەرێمەوە، ئیتر چاوەڕوانی ئەوە دەکەین بەغدا ئاڕاستەی بگۆڕێت و بە بیانوویەک مووچە دوابخات یان رای بگرێت.
لەکاتێکدا سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، چووە ئەمریکا بۆ واژۆکردنی چەند رێککەوتننامەیەکی دەرهێنانی نەوت و غاز لەگەڵ چەند کۆمپانیاییەکی ئەمریکی، هاوکات لە هەرێمەوە بە زمانی زبر و هەڕەشە بەرامبەر بەغدا باسی مووچە و کێشەکانی کرا، ئەمەش وایکرد وەزیری دارای عیراق داخی دیزە بە گۆزە بڕێژێت و مووچە رابگرێت و نەڵێت ئەمە کاردانەوەی ئەو رێککەوتنە و ئەو زمانە زبرەی ئێوەیە، بەڵکو دەڵێت گوایە هەرێم بودجەی خۆی بۆ حەوت مانگی داهاتووی مووچە وەرگرتووە!
ئێمەی میللەت هەموومان پسپۆڕی ئابووریی نین، هەمووشمان فەرمانبەری وەزارەتی دارایی هەرێم و فەرمانگەکانی سەر بەو نین، نازانین ئەم پارەیە چۆن هات و چی لێهات؟ نازانین وەک وتیان، زیاتر لە 400 ملیاری مووچەی ساڵی رابردوو نێردرا؟ ئەی چی لێهات؟ بۆچی مووچەی مانگێک فەوتا؟

 

 هەندێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، وتیان مووچە لەمەودوا بەبێ دواکەوتن دەدرێت، ئەم لێداوانانە پشتی بە چ سەرچاوەیەک بەستبوو؟ ئێستا کە وانییە چی دەڵێن؟ بێ زانیاریین یان حەزیان لە خۆدەرخستنە؟!

 

ئەگەر وەزارەتی دارایی عیراق  و وەزیرەکەی، دڵنیان لەوەی ئەو بڕە پارەیەی ساڵی پار و مووچەی حەوت مانگی داهاتووشیان ناردووە، ئەی بۆچی ناردیان؟ لەکاتێکدا ئەوان مانگانە زانیارییەکانیان دەچێتە بەردەست و دوای وردبینی ئەوجار پارەی مووچە دەنێرن؟ ئەگەر وایان کردووە کێ تاوانبارە و کێ لە یاساکە لایداوە؟ یان ئەگەر دەزانن کە حکومەتی هەرێم لەم بارەوە ناشەفافە، بۆچی رێکاری سکاڵا ناگرنە بەر لای دادگای باڵای فیدراڵی؟ 
هەرچی حکومەتی هەرێمیشە، ئەگەر دەزانن ئەوەی وەزیری دارایی عیراق دەیڵێت و دەیکات نایاساییە و بە دیوێکی تردا بە سیاسیکردنی کارتی مووچەدانە، با بچن لای ئەو دادگا باڵایە سکاڵا تۆمار بکەن، نەک لێرە و لەوێ لێدوانی جیاواز لەیەک و هەڕەشە ئامێز بدەن و ریسەکە بکەنەوە بە خوری.
ئەوان، واتا نەیارەکانی هەرێم، شەقامی عیراقیی بەوە دەجووڵێنن، گوایە هەرێم داهاتە نانەوتییەکانی دەروازە سنوورییەکان ناگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، دەی ئەگەر راستە، دەبێت هەرێم وەڵامی هەبێت بۆچی نایگەڕێنێتەوە؟ یان بۆچی هەژماری ناکات بۆ تەواوکردنی مووچە؟ ئەگەر وانییە بۆچی بە یاسا و بەڵگە بەدرۆیان ناخەنەوە؟ ئایا ئەمە کاری وەزارەتەکان و لایەنی پەیوەندیداری ئابووریی و یاسایی نییە لە هەرێم؟ ئەی دەکرێت ئەم بوختان و درۆ و هەواڵە جیاجیایانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مێشکی خەڵک تێک بدات؟
هەفتەیەک لەمەوبەر هەندێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، وتیان مووچە لەمەودوا بەبێ دواکەوتن دەدرێت، ئەم لێداوانانە پشتی بە چ سەرچاوەیەک بەستبوو؟ ئێستا کە وانییە چی دەڵێن؟ بێ زانیاریین یان حەزیان لە خۆدەرخستنە؟!

سەیرکەن، ئەوە باوک و دایکی ئێمەن بەو جۆرە دەچن بۆ وەرگرتنی مووچە دواکەوتووەکەیان

وتارەکانی نوسەر