داعش بردییەوە یان دۆڕاندی؟

11:11 - 2025-05-25
هیوا محەمەد
117 خوێندراوەتەوە

لە گەرمەی شەڕی داعشدا، لە وتارێکمدا وتم: دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دواجار بچنە گفتوگۆ و دانوستاندنەوە لەگەڵ داعش، ئەوکات زۆرێک وتیان چۆن شتی وا دەبێت؟ ئەوانە بە تیرۆریست ناسێندراون، چۆن دەچنە دانوستاندنەوە لەگەڵیان؟
لای خۆشم وەڵامدانەوەیەکی باوەڕهێنەری راستەوخۆ ئاسان نەبوو، بەڵام بەپێ ئەوەی سیاسەتی ئەمریکام دەزانی بەرامبەر بزاوتەکان، لەوەی ئەمڕۆ دوژمنە و سبەی دۆستە یان بە پێچەوانەوە، ئەزموونی ئەو هاوپەیمانی و برایەتی و دۆستییەی بنلادن و رێکخراوە توندڕەوە ئیسلامییەکانی ئەفغانستانم هەبوو لەگەڵ ئەمریکا لە زەمانی جەنگی ئەنفغانستان کە لەژێر دەستی سوپای سووری یەکێتیی سوڤیەتی ئەوکاتدا بوو، دواتریش هەر بنلادن بوو بۆ مێژوو ئەمریکای هەژاند لە 11 ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 دا واتا لێی هەڵگەڕایەوە. 
لێرە و لەوێش هەندێک شرۆڤەکارانی جیهانی، هەمان بۆچوونیان دەخستەڕوو، من پێموابوو کە بڵابوونەوەی داعش تەنها وەک هێزی بکوژ و ببڕی چەکداریی نەبوو، بەڵکو وەک بیرێکی توندڕەروییش بە جهاندا بڵاوببوونەوە و تەنها بە زەبری سەربازیی لەناو ناچن و هەندێک وڵاتیان لە پشتە، دەکرێت لە رێگەی ئەوانەوە رابگیرێن.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعش، ناڕوونییەک هەبوو لە سیاسەتی هەندێک لە وڵاتانی ئیقلیمی و کەنداویش، سەبارەت بە داعش، جۆ بایدن ئەوکات جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو، لە ئەڵمانیاوە دەچوو بۆ تورکیا، لە فڕۆکەخانە لێیان پرسی بۆچی بە ئاشکرا تورکیا رێگە دەدات هەزاران کەس لە وڵاتەکەیەوە بچنە ناو سوریا و پەیوەندی بکەن بە داعشەوە، لە وەڵامدا وتی (تورکیا راستەوخۆ هاوکارییان دەکات).
هێنانەوەی ئەم نموونەیە، بۆ ئەوەیە کە بگەنە ئەو باوەڕەی کە داعش خۆی تەنها نەبوو، دوای ئەوەش کە نەیانتوانی وەک هێز، دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن و توندڕەوییەکی مەزهەبی سوننە، باڵ بکێشێت بەسەر ناوچەکەدا، ئیتر کەوتنە پاشەکشێ و زۆر رێکخراوی دیکەشیان لەژێر ناوی جیاوازدا دروستکرد و خۆیان خزاندە ناوی.
ئەوانەی لەناو سوریادا بڵاوبووبوونەوە و لەگەڵ کوردەکانی رۆژئاوا بەشەڕ دەهاتن و بە ئاشکرا سەر بە تورکیا بوون و تیایاندا هەیە ئێستاش هەندێک ناوەندی تورکیا هاوکارییان دەکات، پاشماوەی ئەوانەن کە لەژێر دروشمی ئاشکرای داعش هاتنەدەر و بەناوی ترەوە خۆیان خستۆتەڕوو.
با نموونەیەکی خۆیی وەربگرین: زۆرێک لەسەرکردە سیاسییەکانی کورد لەم هەرێمەی خۆمان، سەرەتا لەناو پارتیدا بوون، دواتر تێپەڕیون بە دروستکردنی کۆمەڵەی رەنجدەران و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چەند باڵێکییەوە، تا یەکخستنی، هەندێکیشیان حزبی سەربەخۆیان دروستکردووە، بەڵام وەک سەرەتای دەستپێکی کاری سیاسی لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا چاویان هەڵهێناوە، ئیتر جێگەی سەرسوڕمان نییە کەسێکی سیاسی لەناو حزبێکی بورژوازی یان نەتەوەییەوە چووبێتە ناو حزبێکی کۆمۆنیستی کە پێچەوانەی ئاراستەی فکریی یەکن.
ئەوەی بەلای سەرانی داعش و ئەو وڵاتانەوە گرنگ بوو چەند ئامانجێک بوو، لەوانە نەهێشتنی هەژموونی شیعە لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە سوریا و عیراق.
نەیانتوانی لە عیراق براوە بن، هۆکاریش زۆرن، بەڵام توانییان لە سوریادا براوەی یەکەم بن، رێگەشیان پێدرا و چرای سەوزیان بۆ هەڵکرا، چونکە سوریا ببووە ناوەندی خۆسازدان و دژایەتی کردنی ئیسرائیل لەسەر دەستی ئێران.
ئێستا سەرانی داعشی ئەوکات، هەڵگرانی هەمان بیری توندڕەویی و شمشێری مل پەڕاندن، لەناو حکومەتە نوێیەکەی سوریادا جێگەیان بۆتەوە، کەواتە ئەوان بە شێوازێکی تری خەبات و بەردەوامیدان، گەیشتنە دەسەڵات و جیهانیش لە سەروویانەوە ئەمریکا، پێشوازی لێکردن و دانیان نا بە حکومەتەکەیاندا و پێشوازیشی کرد لە محەمەد جۆلانی ناو داعش و ئەحمەد شەرعی ئێستا، بەمەش دەتوانین بڵێین داعش تا ئێستا براوەی یەکەمە لە سوریا و ئەوەی کە دەستیان دایە لە کوشتن و بڕین و زەبروزەنگ و توندڕەویی مەزهەبی، بە گۆڕینی شێوازی خەباتەکەیان گەیشتنە دەسەڵات! 
ئێستا ئەو وڵاتانەی کە ئەم تاقمەیان بە تیروریست ناوزەد دەکرد و بەدوایاندا دەگەڕان، پەستا پەستا وەفدەکانیان دەنێرن بۆ لایان و دوای پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێکردنیان لەوەی رژێمی ئەسەد و ( هەژموونی ئێرانیان) لە ناوچەکە نەهێشت، ئامادەییش دەردەبڕن کە هاوکارییان دەکەن، چونکە ئەمان ئێستا ( دوور لە زەمانی داعشییان) دەبنە دروستکەری ناوچەیەکی ئارام بۆ ئیسرائیل و خۆشیان ئەوەی دەیانەوێت لە داهاتوودا بە لەسەرخۆیی بۆ جێبەجێکردنی، هەنگاو دەنێن. 

وتارەکانی نوسەر