پرسی ژینگە و ژینگەپارێزیی، بابەتێک نیيە راستەوخۆ بە نووسین، یان بە خوێندنەوە و فێرکردن کاری لەسەر بکرێت و دواتر هەر تاکێکی کۆمەڵگە چەند بیخوێنێتەوە، یان توێژینەوەی لەسەر بکات، ئەوا ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوەی بەرامبەر ژینگە و ژینگەپارێزیی زیاتر و فراوانتر ببێ، بۆیە خەمخۆری هەر تاکێک بەرامبەر بە ژینگە هیچ پەیوەندی بەو ئاراستەیەوە نییە کە ئەو کەسەی لەو بازنەیەدا بێت، ئەوا ژینگەدۆست و ژینگەپارێزە. هیچ پەیوەندیشی بە تەمەن و ئاستی خوێندن و رۆشنبیرییەوە نییە، بەڵکو ئەم پرسە تێگەیشتنی مەعریفی دەوێت و پێویستی بە کردارە، نەک دروشمی بریقەدار و پەیامی گەورە و ناوەڕۆکی بەتاڵ و بێ بایەخ، بۆیە کاتێ دەڵێین ژینگەپارێزیی لە دروشمەوە بۆ کردار، دەبێت هەموومان لە ئاست ئەو پەیام و بەرپرسیارێتییەدا بین بە کردار بیسەلمێنین ئێمە ژینگە و خاک و ژیانمان خۆشدەوێت، نموونەش بۆ ئەم بابەتە زۆرن.
- کاتێ لە دەشت و گەشت و سەیران، دوای وەرگرتنی چێژی بینین و حەسانەوەی رۆح و جەستە، ئەو پاشماوەیەی خواردراوە و بەکارهاتووە و ماوەتەوە، لە شوێنی خۆی فڕێی نەدەین و جێی نەهێڵین، بەڵکو لەگەڵ خۆمان بیهێنینەوە ئەو شوێنە گشتییەی پاشماوەی لێ کۆدەکرێتەوە.
-(منی مامۆستا، یان تۆی بەڕێوەبەر) کاتێک لە ناوەندەکانی خوێندن باس لە پاکوخاوێنی و ژینگەپارێزیی دەکەین، دەبێت بەر لەهەموو كەس خۆمان بە کردار بیسەلمێنین، پۆل و فێرگە و ماڵ و شار و نیشتمانی خۆمان خۆشدەوێت، بچووکترین شت فڕێ نەدەینە سەر زەوی، بەڵکو لە شوێنی تایبەت بە کۆکرنەوەی خۆڵ و خاشاک دایبنێین.
-کاتێک ژینگەپارێزانی شارەوانی دێنە بەردەم ماڵ و گەڕەکەکانمان، دەبێ هەموومان بەچاوی رێز و پڕ بەهاوە لێیان بڕوانین و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، ئەو رێزگرتنە بەشێکی گرنگە لەو کردار و رەوشتە ژینگەییەی مەبەستمانە، نەک لە کاتی قسەکردندا دروشمی گەورە و بەکرداریش هەڵوێستی بێ بایەخمان بەرانبەر ژینگەپارێزان هەبێت.
-کاتێک کەسی جگەرەکێش لە شوێنێکی گشتیی جگەرە دەکێشێ، جگە لە زیانە تەندروستییەکەی، دواجار فلتەری جگەرەکەی فڕێ دەداتە سەر زەوی، رەنگە هەر ئەو کەسە لە کۆڕو سیمیناری ژینگەیی و تەندروستیدا بەشدار بێت و خۆی بە چالاکوانی ژینگە بناسێنێ!!!
ئەم نموونە زیندووانەی رۆژ و چەند بابەتێکی دیکەی تایبەت بە ژینگە، پێویستی بە هەڵوەستەکردن هەیە، بێگومان نموونەی دیکە زۆرن، بەڵام ئەوانەی ئاماژەم پێکرد بەشێکی گرنگن و لە ژیانی رۆژانەدا بەرچاوکەوتوون، بۆیە کاتی ئەوە هاتووە هەریەکەمان لە شوێنی خۆمانەوە، وەک تاکێکی کۆمەڵگە لە فۆرمی دروشم بێینە دەرەوە و بە کردار بیسەلمێنین، خەمی ژینگە خەمی هەمووانە، ترسی پیسبوونی ژینگە، مەترسییە بۆ ئێستا و ئایندە، بۆیە تا هەوڵەکانمان بەکرداربێت، ئەوا ویژدانمان بەرامبەر بە ژینگە و ژیان ئاسوودە دەبێت.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر