بەهۆی مەترسییە گەورەکانی پیسبوون بە پلاستیک، ئەمساڵ رۆژی جیهانی ژینگە تایبەت کرا بە زاڵبوون بەسەر پلاستیکدا، بێگومان لە رۆژی جیهانی هەر بابەت و تەوەرێکدا، ئامانجێک و پەیامێکی گرنگ هەیە، کاتێک لەو رۆژەدا یاد و باسی ئەو لایەنە دەکرێتەوە کە تایبەتە بە بوارێک و بۆ پرسێک تەرخانکراوە، تەنیا وەک هەڵمەتێکی راگەیاندن و دووبارەکردنەوەی یادێکی ساڵانە نییە بە سانایی تێپەڕێت، بەڵکو پێویستی بە هەڵوەستەکردن هەیە. پێنجی حوزەیرانی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی ژینگەیە، هەر ساڵێک بابەتێکی گرنگ و هەستیار، تایتڵی ئەو رۆژە دیاری دەکرێت، لەم روانگەیەوە ئەگەر رۆژی جیهانیی بابەتی دیکە تەنیا بۆ رۆژێک بێت، ئەوا (رۆژی جیهانیی ژینگە) وەک زەنگێکی وەبیرهێنانەوەیە، پێویستە بەدرێژایی ساڵ و هەموو چرکە ساتێکمان بۆ ژینگە بەگشتی و بابەتی دیاریکراوی ساڵ بە تایبەتی بێت.
ئەمساڵ (مەترسیی بەکارهێنان و پاشماوەی پلاستیک) بۆ ئەم رۆژە دیاریکرا، ئەمەش بۆ ئەو دیاردە ترسناکە گەورەیەی ئێستا و ئایندەی ژینگە دەگەڕێتەوە کە دەبێت هەموومان بە بەرپرسیارێتییەوە لێی بڕوانین، هەر وەک لە پەیام و روونکردنەوەی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەدا هاتووە: «یەک دەبە لەو پلاستیکەی ئێمە بەکاریدەهێنین نزیکەی 400 ساڵ وەک پاشماوە دەمێنێتەوە».
پلاستیک ئەو کەرەستەیەیە ئاسانکاری زۆر لە ژیانی رۆژانەماندا دەکات، بەڵام زیانی گەورە بە ژینگە و تەندروستی دەگەیەنێت، هۆکارێکە بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجە، دڵ و تێکچوونی هۆرمۆنەکان و توانای وەچە خستنەوە، پلاستیک ساڵانە نزیکە 400 ملیۆن تۆنی لێ بەرهەم دێت و نیوەی ئەم رێژەیە بۆ یەکجار بەکاردێت، هەروەها تەنیا نزیکەی سەدا دوانزەی ریسایکلین دەکرێتەوە و بڕە زۆرەکەی لە زبڵدان و رووبار و دەریاکاندا فڕێدەدرێن، بەڵام پاشماوی پلاستیک تەنیا لەم شوێنانە نییە، بەڵکو لەشێوەی وردە پلاستیک لە هەموو شوێنێکە لە جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵان و تەنانەت لەنێو دڵۆپەکانی بارانیشدا هەیە.
ئەم وردەکاری و شیکردنەوەیە پێمان دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی جیهان بەشێوەیەکی گشتی سەردەمێکی زۆرە کەرەستەی پلاستیک بەکاردێنێت، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو بەکارهێنەرانە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی باشبوونی گوزەرانی خەڵک و گۆڕانکارییە سەردەمییەکان، خەڵکی وەک ئاسانکاری لە ژیانی رۆژانەدا، کەرەستەی پلاستیک بەکاردێنن، لەکاتێکدا لە هەندێ حاڵەت و کاتدا بەکارهێنانی هیچ پێویست و گرنگ نییە، بەتایبەتی لەماڵ و خێزانێکی بچووکدا، تەنانەت خێزانی گەورەش، بەڵام بەداخەوە وەک چاولێکەریی و ئاسانکاریی و تەمبەڵیی بەشێک لە تاکەکانی خێزان، ئەوا ئەم کەرەستانە بەکاردێت کە لە پلاستیکن و بۆ یەکجار بەکاردێت و دواتر فڕێ دەدرێ! ئەوەی ئاماژەم پێکرد نموونەی خێزانێکە، نموونەی دیکە زۆرن کە لە دەرەوەی خێزان و چێشتخانە و کۆمپانیا و ئاهەنگ و بۆنە و پرسە و..هتد، پلاستیکێکی زۆریان تێدا بەکاردەهێنرێن.
کاتی ئەوە هاتووە، پێداچوونەوەیەک بۆ ئەم پرس و بابەت و خەمە ژینگەییە بکەین، بە هەموو جۆرەکانییەوە و هەر یەکێکمان لە شوێن و ماڵ و کاری خۆمان دوورکەوینەوە لە بەکارهێنانی کەرەستەی پلاستیک، لەکاتی زۆر گرنگ و پێویستدا نەبێت بەکاریان نەهێنین، لە پێناو مەترسییە ژینگەیی و تەندروستییەکان و لەپێناو پاراستن و خەمی ئێستا و ئایندەی خۆمان و نەوەکانمان و خاک و ئاو هەوا و باراندا، تکایە با جێگرەوەکانی پلاستیک بەکاربێنین.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی
لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر