لە هەرێمی کوردستان، پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە سەرەتای وەرزی پاییزدا دەستپێدەکات و لە دەستپێکی وەرزی هاویندا کۆتایی دێت، کەواتە لە هاویندا قوتابخانە داخراوە و لە رووی زانستیییەوە ئەو وەرزە بۆ پشووی خوێندکار دانراوە، نەوەک خوێندنی پرۆگرام.
لە رووی تەندروستیشەوە، هاوین کە وەرزی گەرمی ساڵە، هەر مرۆڤێک توانای جەستەیی و تەندروستی جیاوازە لەگەڵ کەسێکی دیکە، بە تایبەت بەرگەگرتنی گەرما، بەتایبەتتریش لە رووی خوێندن و فێرکردن و چوون بۆ خوێندنگە، لەبەرئەوە کاتێک ئەو ماوە ستانداردە دەستنیشانکراوە بۆ خوێندن وەک بنەمایەکی زانستیی خوێندنەوەی بۆ کراوە.
لەم ساڵانەی دواییدا، ساڵ لە دوای ساڵ خولەکانی هاوینە خەریکە لە حاڵەتەوە دەبن بە دیاردە، ئەمەشیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە جیاوازە، رەنگە بەشێک لە خێزانەکان بە ئامانجی بەهێزکردن منداڵەکانیان رەوانەی ئەم جۆرە خولانە بکەن، بەشێکی دیکەش بۆ لاسایی و چاولێکەری، بەشێکی دیکەیان تەنیا بۆ ئەوەی منداڵ لەماڵ بچێتە دەر! هەر ماڵبات و فێرخوازێک بە جۆرێکە، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمە زیاتر رۆشنایی بخەمەسەر رەچاوکردنی مەرجە ژینگەیی و تەندروستییەکانە، ئایا لە کۆی گشتیی پرۆسەکە تاچەند رێنمایی و مەرجی ژینگەیی و تەندروستییەکان لە ناوەڕۆکدا و بە کردار رەنگیداوەتەوە؟ لە کاتێکدا بەشێک لە بیناو باڵەخانەی خولەکان بە دیزاینێکی جوان و سەردەمییانە سەرنجی فێرخواز رادەکێشن، کەچی لە ناوەوە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا جێبەجێ نەکراوە، بەشێکی دیکەش خودی ژینگەی فێرگەکە گونجاو نییە بۆ خوێندن و وانەوتنەوە، لە کاتێکدا مەرجە ژینگەیی و تەندروستییەکان دەبێت هەمان رێنمایی وەرزی خوێندن بن ئەوانیش بریتین لە:
*ئەو کەسەی لە فرۆشگەدا خواردن ئامادە دەکات، دەبێت مۆڵەت و کارتی تەندروستی ساڵانەی هەبێت.
* لە کاتی خواردن ئامادەکردندا دەستکێش و سەرپۆش بەکاربهێنرێت.
*پێویستە بوتڵی غاز لە دەرەوە دابنرێت.
*نەفرۆشتنی خواردن و خواردنەوە رێگە پێنەدراوەکان بە گشتیی و خواردنەوە وزەبەخشەکان بە تایبەتی، رێنماییەکانیش ساڵانە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە گشتاندنی بۆ دەکرێت.
*بوونی هەواگۆڕکێ لە شوێنی خواردن ئامادەکردن و سەرجەم پۆلەکاندا.
*بوونی ئامێری ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی خواردن ئامادەکردن و ناوەوەی باڵەخانەکەدا.
*گرنگیدان بە سەوزایی و نەمام چاندن لە ناوەوە و دەرەوەی باڵەخانەکە.
*پاکوخاوێنی دەستشۆرەکان.
ئەم خاڵانە مەرجی گشتین دەبێت لە کاتی مۆڵەت دەرهێنان بۆ خول و هەر چالاکییەکی پەروەردەییدا رەچاو بکرێن، لەبەرئەوەی هەموومان دەزانین منداڵ ئەمانەتە و کاتێک دایک و باوک فێرخواز بۆ ناوەندەکانی خوێندن یان بۆ هەر خولێکی دیکە رەوانە دەکات، دەبێت بەویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکەین، نەوەک تەنیا کات بەسەربردن و دەستکەوتی ماددی لەبەرچاو بگیرێت.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر