لەوە زیاتر ناوی (یڵماز گونەی) مەشێوێنن!

02:32 - 2022-06-28
وتار
417 خوێندراوەتەوە

لەوە زیاتر ناوی (یڵماز گونەی) مەشێوێنن!

هێژا دڵشاد

(یڵماز گونەی) سینەماكاری كۆچكردووی كورد، ئایكۆنی سینەمای كوردی، وەك دەوترێت باوكی رۆحیی سینەمای كوردی.
لەپاش نزیكەی 40 ساڵی لە كۆچی دوایی ئەودا، هێشتا كتێب، نووسین و توێژینەوە لەسەری دەنووسرێت. هونەری سینەماكەی، توانای بیركردنەوەی نووسینی، ئەمانە هەمووی تائێستا كاریگەریی خۆی لەسەر ئێمە هەیە و كارەكانی جێی باس و نووسین و توێژینەوەن. 
ئەوەی تێبینیم كردبێت، هەندێ كەس لە توێژی نووسەر، هونەرمەند، مامۆستای زانكۆ و ئەوانیتر، بەهەڵە ناوی یڵماز گونەی دەنووسن! جۆرە شێواندنێك لە ناوەكەی دەبینرێت.
بێگومان كاتێك تۆ بابەتێك دەنووسیت، یان وەردەگێڕیت، دەبێت ئەوە بزانیت كە پێویستە ناو وەك خۆی بنووسرێتەوە، بەشێوازی دەربڕینە زمانە ئەسڵییەكەی خۆی بێت، ناوی كەس و شوێن وەرناگێڕدرێت واتە (تەرجەمە) ناكرێت، ناگۆڕدرێت، بە زمانێكیتر دەربڕینی بۆ ناكرێت و نانووسرێت، پێویستە وەك خۆی ناوەكە بە راستی بنووسرێت و بوترێت.
لێرە بە چەند جۆرێك ناوی سینەماكاری گەورەی كورد دەنوسن، بۆ نموونە لەبری یڵماز دەنووسن یەڵماز، یاخود ێڵماس، لەبری گونەی دەنووسن، گۆنای یاخود گیونەی! باشە ئەم هەموو تایپی ناوە بۆچی؟ ئەمە رەوایە؟
 لەكاتێكدا ئەو كتێبانەی لەم ساڵانەی دواییدا لە باشووری كوردستان دەربارەی یڵماز گونەی چاپ كراون، زۆربەی هەرە زۆریان بە راستی و دروستی ناوی ئەو هونەرمەندەیان نوسیووە، ئەوە جێی دەستخۆشییە. هاوكات لە شارێكی وەك سلێمانی، لە چەند شوێنێك پەیكەری یڵماز گونەی دەبینین، یاخود ناوی ئەو سینەماكارە لە شوێن نراوە. لەوانەش پەیكەری یڵماز گونەی لە باخی گشتی دانراوە، هەروەها پەیكەرێكیتری بۆ دروستكراوە لە بەردەم سكوڵی كۆلێجی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی، لە ئەمنە سوورەكە هۆڵێكی سینەمایی بەناوی ئەوەوە ناونراوە. ئەگەر سەرنج بدەین، هیچ كام لەو شوێنانە ناوی یڵماز گونەی هاوتا نییە! یڵماز، یەڵماز یاخود گونەی، گۆنای، گیونەی نووسراون! هەریەك بە جۆرێك ناوەكەی نووسیوەو جۆرە شێواندنێك و سەرلێتێكچوونێك هەیە. 
 پێویستە لەسەر ناوە دروستەكە رێكبكەوین و هەڵەكانیش چاك بكەینەوە، نووسینی ناوی سینەماكارێكی مەزن قبووڵ نییە و جێی داخە، نووسینی ناوەكەشی بە دروستی، كارێكی زۆر زەحمەت نییە. 
   (Yılmaz Pütün)  دواتر بە ناوی  (Yılmaz Güney) ناسێنرا، بە زمانی توركی بەم جۆرە دەهێنرێتە سەر زمان (یڵماز گونەی)، لە ئەدەبیاتی توركیشدا بە دوو مانا دێت، یەكەم ناوی یەك لە چوار ئاڕاستەیە، واتە بەرامبەر بەشی سەرەوەیە كە پێی دەڵێن باشوور.
دووەم، بەشوێنێك دەوترێت كە بەردەوام خۆر لێیبدات (ناوچەیەكی گەرم).
راو بۆچوونەكان لەسەر ئەوە دەوەستێتەوە، یڵماز ئەم نازناوە هونەرییەی لەوە وەرگرتبێت بەهۆی ئەوەی لە ئەدەنە هاتۆتە دنیاوە، كە جوگرافیاكەی دەكەوێتە بەشی خوارەوەی توركیا، هەروەها ناوچەیەكی گەرمە لە زۆربەی وەرزەكاندا پلەی گەرما تیا بەرزە.
من وەك رۆژنامەنووسێك، نووسەرێك و وەك وەرگێڕێكی زمانی توركی، كە نزیكەی 20 ساڵە زمانەكە دەزانم، دوو لە كتێبەكانم لە توركییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و یەكیان لەسەر (یڵماز گونەی) یە، هەوڵمداوە ناوەكەی بەراستی بنووسرێت، بەتایبەت لە سۆسیال میدیا كاتێك نووسینێك یان پۆستێك دەبینم ناوەكەی بە هەڵە نووسراوە، زۆرجار لە رێگەی نامەوە یاخود كۆمێنتەوە روونكردنەوەی پێویستم نووسیووە، بەداخەوە زۆربەیان بێ‌ سوود بوون و زۆربەیان ئامادەنەبوون هەڵەكە راست بكەنەوە. لەم سۆنگەیەوە بە پێویستم زانی وتارێك لەسەر ئەم بابەتە بنووسم.
لە بەدواداچوونێكی خۆم لە چەند رۆژی رابردوودا، پەیوەندیم بە كەسێكی خانەوادەی یڵماز گونەی-یەوە كرد، دەربارەی نازناوی (گونەی) چەند زانیارییەكی پێدام، ئەو ئاماژەی بەوە كرد كاتی خۆی عاتیف یڵماز دەرهێنەری ناوداری توركیا و بە رەچەڵەك كورد، پێشنیاری نازناوی (گونەی) وەك نازناوێكی سینەمایی بۆ ژیانی هونەری  یڵماز دەكات، ئەمەش لەبری ناوی پوتون. 
مەسەلەی ئەم نازناوە لە ساڵانی 1965 دێتەئاراوە. واتە لەدوای ئەوەی یڵماز دووردەخرێتەوە (رادەگوازرێت) بۆ زیندانی قۆنیە، لە پاش ئازادكردنی لە زیندان، قۆناغێكی نوێ لە ژیانی هونەری دەستپێدەكات لەو سەردەمەدا بوو ئەو نازناوەی پێبەخشراوە
زۆر جار گۆنای یاخود گیونەی دەنووسرێت، بە راستی ئەوە شێواندنی ناوەكەیە، پێویستە بە راستی و دروستی ناوەكە بنووسرێت، دەبێت بە (گونەی) بنووسرێت. من بۆ ئەو كەسانەی لە سۆشیال میدیا ناوەكە بە هەڵە دەنووسن، رونكردنەوەی تەواوم بۆ نووسیون، تاكو بگەنە ئەو قەناعەتەی ناوەكەی وەك دەربڕین و نووسین بە (یڵماز گونەی) دروستە، زۆرێك لەوانە ئامادەنەبوون هەڵەكەیان چاك بكەنەوە! 
من وەك خۆم سەرسامم بە مەزنی سینەمای یڵماز گونەی، پیشەكەم وەك رۆژنامەنووسێك، نووسەرێك و وەرگێڕێكی زمانی توركی، بە ئەركی خۆمی دەزانم لە هەر كوێیەك بێت ناوە راستییەكەی بنووسم.
لە دوا پەرەگرافم خاڵێكی گرنگە لەسەر ژیاننامەی یڵماز گونەی دەنووسرێت و دەوترێت، ئەویش ئەوەیە دەوترێت یڵماز لە زیندان هەڵهاتووە! ئەمە ناڕەوایە؟
یڵماز گونەی لەساڵی 1981 لە دەست رژێمێكی عەسكەرتاریی هەڵهات، واتە ساڵێك لەپاش كودەتا خوێناوییەكەی رژێمی سەربازیی لە توركیا كردی، هەرچەندە لەمڕۆدا لە توركیا دۆخەكە زۆر نەگۆڕاوە، پاكتاوی سیاسیی، نەژادیی و چینایەتی هەیە، ئازادی رادەربڕین  نییە، ئازادی و كاری هونەر و سینەما لەقاڵبێك دراوە، پرسی كلتور و شوناس بۆ كورد وەك خۆی ماوەتەوە، هونەرمەندی ئازادیخواز، رۆژنامەنووس و نووسەر تەنها لەسەر نووسین و بیروبۆچوونیانەوە دەخرێنە زیندانەوە و بە تیرۆریست دەیانناسێنن .
یڵماز گونەی لە زیندان هەڵنەهاتووە، بەڵكو لە توركیا لەدەست رژێم هەڵهات، بۆ ئەوەی ئازادانەتر بنووسێت، قسە بكات، كاری سینەمایی بكات. 
یڵماز گونەی لەكاتی دەرهێنانی فیلمی (دیوار) لەساڵی 1983 لە فەرەنسا، كە باس لە خراپی ژیانی  زیندانەكانی توركیا و مافی مرۆڤ دەكات و وێنای توركیا-مان نیشان دەدات، ژیانی خۆی وەك نموونە دەهێنێتەوە، شیكردنەوە بۆ خراپی رەوشی  توركیا دەكات، كاتێك ئاكتەرانی فیلمەكە لە گونەی دەپرسن بۆچی لە توركیا هەڵهاتیت؟ گونەی لە وەڵامدا دەڵێت "پیاوی ناو زیندان، دەتوانێت شەڕ بكات، بجەنگێت بۆ ئامانجێك، من دەمتوانی پێشتر لە زیندان هەڵبێم. پێشتریش ئاماژەم بەوە كردبوو كە هەركات بمەوێ لە زیندان هەڵدێم، وتم چاوەڕێی كاتی خۆی دەكەم، هەر واش بوو كاتی خۆی هات و هەڵهاتم. تاكە رێگەیەك هەیە بۆ گەڕانەوەم بۆ توركیا، ئەویش ئەو كاتەیە كە هەلومەرجی ژیان كردن و رەوشی مرۆڤەكان باشتر ببێت، بە تایبەتی مرۆڤە گەنجەكان، ئەگەر بێت و ئەو هەلومەرجە لەئارادا نەبێت، هەمووتان تووشی شێرپەنجە دەبن، 20 ساڵ یان 30 ساڵ لە زینداندا ژیانتان دەفەوتێت، یان دەمرن یان ئەوەتا بەر فیشەك دەدرێن، دەبنە قوربانی، تەنها یەك رێگەمان لەپێشە، ئەویش شۆڕش كردنە". 
بەهیوام لەوە زیاتر (یڵماز گونەی)  نەشێوێنرێت، هەموو لایەك بەو جۆرە ئاماژە بەناوەكەی بكەن، هەروەها كاریش بكرێت بۆ ئەوەی لەو هۆڵ و پەیكەرانەی بۆی دروستكراوە، ناوە هەڵەكانی راست بكرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر