درۆن یان فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان، یه‌كێك له چه‌ك و ته‌كنه‌لۆژیا كاریگه‌ره سه‌رده‌مییه‌كانه، له جه‌نگی نێوان وڵاتان به‌كارده‌هێنرێـ و هه‌روه‌ها چه‌كێكی مه‌ترسیداریشه به ده‌ست گروپه چه‌كداره‌كانی جیهانه‌وه، بڕواش هه‌یه رۆڵی مه‌ترسیدارتری هه‌بێت له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانی ته‌كنه‌لۆژیای سه‌ربازی له ئاینده‌دا.
ئه‌م جۆره له فرۆكه له دووره‌وه كۆنترۆڵ ده‌كرێت یان به شێوه‌یه‌كی زاتی خودی و ته‌كنه‌لۆژیای زیره‌كه‌وه كارده‌كات.
سه‌ره‌تای دروستبوون و به‌رهه‌مهێنانی
ره‌نگه هه‌ندێك كه‌س پێیانوابێت، فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان یان درۆن، ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی تازه بێت، به تایبه‌ت كه هه‌نووكه له زۆرێك بواردا به‌كارده‌هێنرێت، هه‌م له له رووی مه‌ده‌نی و هه‌میش سه‌ربازییه‌وه ، به‌ڵام سه‌ره‌تاكانی ئه‌زموونكردنی ئه‌م جۆره له فرۆكه له ساڵی 1917 له ئینگلترا بووه و دواتر له ساڵی 1924 گه‌شه‌ی پێدراوه وه‌كو فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان و به‌كارهێنرا،
هه‌روه‌ها له جه‌نگی جیهانی دووهه‌میش 1939-1945 به‌كارهێنراو، به په‌ڕۆیه‌كی ره‌ش كه له كلكی فرۆكه‌كان ده‌به‌سترا جیا ده‌كرایه‌وه، له فرۆكه‌ی سه‌ربازی ته‌قلیدی.
جۆرێك له‌و فرۆكه‌یه بۆ هه‌واڵگری بوو ئه‌مریكا به‌كاری ده‌هێنا به‌ناوی (ی‌و 2) له‌سه‌ر ئاسمانی روسیا كه‌وته خواره‌وه له شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو.
درۆن وه‌كو ته‌كنه‌لۆژیایه‌كی سه‌ربازی
ئه‌مجۆره له ته‌كنه‌لۆژیا بۆ یه‌كه‌مجار له جه‌نگی گه‌وره‌دا له ڤیتنام به‌كارهێنرا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له‌ساڵی 1973، به‌ڵام سه‌ركه‌وتن و ئه‌نجامی ئه‌وتۆی نه‌بوو، به‌هۆی كه‌می تواناكانی ئه‌وكاته‌وه، یه‌كه‌م به‌شداری كارای درۆن له شه‌ڕی بیقاعی نێوان سوریا و ئیسرائیل بوو، كه تێیدا 82 فرۆكه‌ی سوریا تێك‌شكێنران له به‌رامبه‌ر تێكنه‌شكانی هیچ فرۆكه‌یه‌كی ئیسرائیلی، به‌هۆی ئه‌م جۆره له فرۆكه‌یه‌وه.
به‌ڵام ناوی درۆن و فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له دوو ده‌یه‌ی دواییدا، زیاتر سه‌ری هه‌ڵداوه و به كارهێنرا له شه‌ڕ و ململانێكاندا، ئه‌م ته‌كنه‌لۆژییایه تا دێت په‌ره‌ی زیاتر ده‌سێنێـت و پێشكه‌وتنی زیاتر به‌خۆوه ده‌بینێت، له‌به‌ر كه‌می تێچوونی و هه‌روه‌ها پێویستی نه‌بوونی به فرۆكه‌وان، به‌ڵام مه‌ترسی زیاتره بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر و ره‌نگه بۆ زۆرێك له شه‌ڕو جه‌نگه‌كان به فراوانی به‌كار بهێنرێت له‌بری فرۆكه‌ی سه‌ربازی ته‌قلیدی، كه زۆرجار پێویستی به تێچوونی زۆرتر و هه‌روه‌ها فرۆكه‌وان ده‌بێت.
یه‌ك له‌مه‌ترسییه‌كانی تریشی ئاسانی به‌ده‌ستهێنانێتی له لایه‌ن گروپه تیرۆریستییه‌كانی جیهانه‌وه، كه ئه‌وه‌ش مه‌ترسی گه‌وره دروست ده‌كات و تیرۆریستان ده‌توانن زیانی گه‌وره به هێزی ئه‌منی وڵاتان و هه‌روه‌ها كه‌سانی مه‌ده‌نیش بگه‌یه‌نن و كاری تیرۆریستی پێئه‌نجام بده‌ن، به‌تایبه‌ت كه ئه‌م فرۆكانه هه‌م توانای هه‌ڵگرتنی مووشه‌كی مام ناوه‌ندی هه‌یه‌و هه‌میش ده‌توانرێت بۆمب و چه‌ندین كیلۆ ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌ی لێببه‌سترێت.
جۆره كانی فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان
له رووی به‌كارهێنان و كۆنترۆڵكردنه‌وه دوو جۆری هه‌یه، ئه‌وانه‌ی له دووره‌وه كۆنترۆڵی ده‌كه‌یت، واتا له مه‌ودای دووره‌وه فرۆكه‌كه ئاراسته ده‌كه‌یت و ئامانجه‌كانی پێ ده‌پێكێت وه‌كو «بریداتۆر»، دووه‌م ئه‌و جۆره‌ی كه كۆنترۆڵ له‌لای خۆیه‌تی و زیره‌كه، كه تۆڕی ئه‌لكترۆنی وه‌ك ئێكس 45ی كۆمپانیای بۆینگی تێدا به‌كارده‌هێنرێت كه توانای وه‌رگرتنی بڕیار وچاره‌سه‌ركردنی زانیارییه‌كانی هه‌یه.
هه‌روه‌ها ده‌كرێـت درۆن دابه‌شبكرێت به‌پێی مه‌به‌ست و كاره‌كه‌ی، بۆ نموونه جۆری سه‌ربازی هه‌یه كه تایبه‌ته به چاودێری و هه‌روه‌ها جۆری هه‌یه كه تایبه‌ته به هێرشكردن و جۆریشی هه‌یه كه بۆ چاودێری و هێرش به‌كارده‌هێنرێت.
به هۆی كه‌می تێچوونی و گرنگی رۆڵی له شه‌ڕ و جه‌نگه‌كاندا، ئه‌وا زۆرێك وڵات و هه‌روه‌ها گروپی چه‌كداریش هه‌وڵی دروستكردن و به‌رهه‌مهێنان و یان ده‌سكه‌وتنی فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان «درۆن» ده‌ده‌ن،
گرنگترین وڵاته‌كانی به‌رهه‌مهێنرو خاوه‌نی درۆن
به‌هۆی گرنگی ئه‌م ته‌كنه‌لۆژیایه زیاتر له چل وڵاتی جیهان ركابه‌ری یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنان و دروستكردن و خاوه‌ندارێتی درۆن، وه‌كو ، چین كه 25 جۆر فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وانی تا ئێستا به‌رهه‌مهێناوه، كه توانای هه‌ڵگرتنی مووشه‌ك و بۆمبی دوورمه‌ودایان هه‌یه، ئێران كه یه‌كێك له وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌و پیشه‌سازی فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وانی پێشكه‌وتن به‌خۆوه ده‌بینێت و چه‌ندین جۆری تایبه‌ت به‌خۆی دروستكردووه، توركیا وه‌كو وڵاتێكی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌م جۆره له فرۆكه ناوی ده‌ركه‌وتووه‌و بۆ زۆرێك وڵاتێش هه‌نارده‌ی ده‌كات، چه‌ند جۆرێك به‌رهه‌م دێنێـ وه‌ی‌كو «ئاق سنقور» و «به‌یره‌قدار»، وڵاتانی عه‌ره‌بی وه‌كو ئیمارات و جه‌زائیر و سعودیه و میسریش فرۆكه‌ی له‌م جۆره به‌رهه‌مده‌هێنن به‌لام به‌شێوه‌یه‌كی كه‌متر.
شه‌ڕی یه‌مه‌ن
فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان، له ساڵ 2015ه‌وه له جه‌نگی یه‌مه‌ن به‌كارده‌هێنرێـت، له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه به‌رامبه‌ر به هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی و سوپای یه‌مه‌ن، هێرشی حوسییه‌كان به‌م جۆره له فرۆكه چه‌ندین ئامانجی له‌ناو سعودیه گرتۆته‌وه له نزیك شاری ریازیش، له پاڵ شاره سنوورییه‌كانی تریش سعودیه له‌گه‌ڵ یه‌مه‌ن وه‌كو نه‌جران و عه‌سیر و جیزان.
حوسییه‌كان چه‌ندین ئامانجی سه‌ربازی و هه‌روه‌ها نه‌وتی سعودییه‌یان كردۆته‌وه ئامانج له شه‌ڕی یه‌مه‌ن، ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی پێگه سه‌ربازییه‌كانی ئیمارات و سعودیه و سوپای یه‌مه‌نیش به‌به‌رده‌وامی ده‌كه‌نه ئامانج.
شه‌ڕی لیبیا
فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان له شه‌ڕی ناوخۆیی لیبیاش له ساڵ 2014ه‌وه له‌لایه‌ن هێزه جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته‌وه دژ به یه‌ك به‌كاردێت، هێزه‌كانی جه‌نه‌رال خه‌لیفه حه‌فته‌ر درۆنیان چه‌ندین جار به‌رامبه‌ر به هێزه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌كارهێناوه، زیاتر درۆنه‌كانی حه‌فته‌ر ده‌رده‌كه‌وێـت كه چینی بین، كه زیاتر میسر و سعودیه و ئیمارات بۆی دابین ده‌كه‌ن.
جه‌نگی قه‌ره‌باخ
له جه‌نگی قه‌ره‌باخ له نێوان ئازه‌ربایجان و ئه‌رمینیا، كه ناوچه‌یه‌كی جێ ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌یه و چه‌ندین ده‌یه‌یه كێشه‌ی له‌سه‌ره، جه‌نگه‌كه به قازانجی ئازه‌رییه‌كان كۆتایی هات و توانییان زۆرینه‌ی ناوچه‌ی قه‌ره‌باخ كۆنترۆڵ بكه‌ن، فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وانیش رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌بوو له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌دا، كه فرۆكه‌ی به‌یره‌قداری توركی بوو، ئه‌نقه‌ره دابینی ده‌كرد بۆ ئازه‌رییه‌كان، له دژی ئه‌رمه‌نه‌كان.
فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان هه‌روه‌ها له شه‌ڕی ئه‌فغانستان و عیراق له لایه‌ن ئه‌مریكاوه به‌كارهێنرا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان و كارا دژ به گروپه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ئه‌نكه‌ره‌شه‌وه به‌كارده‌هێنرێت به‌رامبه‌ر به چه‌كدارانی په‌كه‌كه و په‌یه‌ده له كوردستانی عیراق و سوریا، به هۆیه‌وه چه‌ندین جاریش كه‌سانی مه‌ده‌نی بوونه‌ته قوربانی یان زه‌ره‌ر مه‌ند بوون.
ره‌نگه ئاینده‌ش رۆڵی گه‌وره‌تری ئه‌م جۆره له ته‌كنه‌لۆژیا و چه‌ك به‌خۆوه ببینێـت، له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌كی دژ به‌م جۆره‌ش به‌رهه‌مهێنرێت، له‌وه گرنگتر پێویسته رێگری بكرێـت له گه‌یشتنی ئه‌م چه‌ك به ده‌ستی هێزه توندڕه‌وو چه‌كداریانه‌ی له جیهاندا هه‌ن.