ناودارانی کورد لە ئەرشیفی عوسمانیدا

عەبدولحەمید حەمدی بابان

09:43 - 2025-06-23
د. سەعدون حسێن ئەحمەد
28 خوێندراوەتەوە

یه‌كێك له‌ نه‌وەی‌ بابانه‌كان، ناوی‌ عه‌بدولحه‌میدی‌ کوڕی ئەمین بەگه ‌و له‌ نەوەی سولەیمان پاشای بابانە، ساڵی (1859ز) لە شاری حلەی سەر بە ویلایەتی بەغداد لە باشووری عیراق لە دایکبووە، سەرەتا لە شاری حلە قۆناغی سەرەتایی خوێندووە، دواتر چۆتە شاری بەغدا کە پایتەختی ویلایەتەکە بووە، لە خوێندنگای روشدییە (ناوەندی) وەرگیراوە، لە 22/7/1874 بە پلەی یەکەم بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە، دواتر نزیک بە 8 ساڵ لە مەدرەسەی حەیدەرییەکان لە شارەکانی بەغدا و سلێمانی درێژەی بە خوێندن داوە، ناوبراو زمانەکانی عەرەبی، تورکی، فارسی، کوردی بە باشی زانیوە، لە هەمانکاتدا زمانی فەرەنسیشی مامناوەند بووە، تەواوی ئەم زانیارییانە لە دۆسیەی کەسی ناوبراودا ئاماژەی بۆکراوە لە بەڕێوەبەرایەتی باری کەسی لە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی.
لە27/9/1874 لە دیوانی ویلایەتی بەغدا بە مووچەی 150 قروش دامەزراوە، دواتر لە مانگی چواری 1877 بە بڕی موچەی400 قروش گواستراوەتەوە بۆ خامەی تایبەتی ویلایەتی بەغدا، لە مانگی سێی 1879 بەبڕی 700 قروش مووچەی مانگانە گواستراوەتەوە بۆ ویلایەتی بەسرە و وەک یاریدەدەری خامەی تایبەتی ویلایەت دەستبەکار بووە، شایەنی باسە لە مانگی شەشی هەمان ساڵدا بڕی100 قروش زیادکراوە بۆ مووچەکەی و ئەرکی هەواڵدەری نهێنی پێسپێردراوە، لە مانگی رەمەزانی هەمان ساڵدا دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ساڵی دواتر لە کۆمەڵگەی فەرمانگە حکومییەکان وەک کارمەندی ژووری وەرگێڕان دەستبەکاربووە.
 لە مانگی حەوتی هەمان ساڵدا مووچەکەی بۆ 200 قروش زیاد دەبێت، بەمشێوەیە ناوبراو لە فەرمانگە میرییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا، ئەرکی جیاوازی بینیوە، هەتا لە27/1/1882 بە بڕی موچەی800 قروش لە دیوانی پاشایەتی وەک وەرگێڕی زمانەکانی فارسی و عەرەبی دەستبەکاربووە. لە مانگی رەمەزانی هەمان ساڵدا پلەی کارگێڕییەکەی بەرزکراوەتەوە.
 لە 11/9/1885بەهۆکاری لێهاتوویی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا،  نیشانی تایبەتی سوڵتانی پێدراوە، لە 29/3/1887 بڕی700  قروشی تر زیادکراوە بۆ مووچەکەی، واتە کۆی مووچەکەی بوو بە 1500قروش. لە مانگی چواری هەمان ساڵدا، جارێکیتر پلەی کارگێڕییەکەی بەرز دەکرێتەوە. لە 16/9/1888 لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە نیشانی (شێر و خورشید)ی پێدراوە، لە 31/7/1890جارێکیتر لەبەر کارایی لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا پلەی بەرز دەکرێتەوە.
ئەم پوختەی ژیاننامەیە، لە لایەن دیوانی پاشایەتییەوە پشتڕاستکراوەتەوە، لەهەمانکاتدا لەگەڵ دۆسییەی کەسی ناوبراودا، کە لە فەرمانگەی باری کەسێتی پارێزراوە، وەک یەکن.
ناوبراو لە پاڵ ئەرکی فەرمانبەریدا لەبەرئەوەی زمانزانێکی لێهاتوو بووە و چەند زمانێکی زانیوە، کاری وەرگێڕانی کتێبیشی کردووە، یەکێک لە کارەکانی لە بواری وەرگێڕاندا کتێبێکی (سەید ئەحمەد فائیز)ی بەرزنجییە کە زانایەکی کوردی شاری سلێمانییە و لە بنەماڵەی ساداتی بەرزنجییە، لەوکاتەدا ناوبراو جێگری والی بووە لە ویلایه‌تی قەستەمونی ئەنادۆڵ، کتێبەکەش بەناوی ‌(أوضح البيان في وجوب إطاعة السلطان)، ئەم کتێبەی ئەحمەد فائیز لە بارەی گوێڕایەڵی سوڵتان و کاربەدەستەوە نووسراوە لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلامییەوە، چ کاتێک پێوستە خەڵک ملکەچی فەرمانەکانی دەسەڵات ببن و چ کاتێک ناکرێت ملکەچی ببن. لەمبارەیەوە روونکردنەوەی پێویستی داوە، ئەم بابەتە یەکێکە لەو باسانەی لە دێر زەمانەوە مایەی گفتوگۆ و دەمەتەقێ بووە لای زانایان.
حەمدی بابان لە پێشەکی وەرگێڕانی کتێبەکەدا ئاماژە بە هۆکاری وەرگێڕانەکە دەکات و دەڵێت: لەبەر گرنگی کەسایەتی نووسەر و ئاستی زانستی ناوبراو کە لە ناوەندەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا جێگە و پێگەی دیاریی هەیە، لەهەمانکاتدا لەبەرئەوەی خەڵکی تورکزمان کەمتر عەرەبی دەزانن، بڕیارماندا لەبەر گرنگی کتێبەکە، بە خوێنەری ئاسایی تورکزمان ئاشنا بکەین، ئەم کتێبە لە ئاستێکی زانستی بەرز و بەپێی میتۆدێکی بابەتی و زانستی نووسراوە.
شایەنی باسە کتێبەکە قەبارە بچووکە و لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕدراوە، بە رێنووسێکی ئێجگار جوان نووسراوەتەوە، ئەو نوسخە دەستنووسەی لای ئێمەیە، لە بەشی (دەستنووسە دەگمەنەکان) لە کتێبخانەی زانکۆی ئیستەنبوڵ پارێزراوە.
سەرچاوە:
 HR.SAD.00002.00012.001 

 

     وێنەی لاپەڕەیەک لە کتێبەکەی ئەحمەد فائیز

وتارەکانی نوسەر