بۆ گیانی پاکی د.ئیدریس حەمەخان

10:56 - 2022-06-30
وتار
431 خوێندراوەتەوە

د. ئیبراهیم محەمەد 

یەکسەر بە باسی ئەو وێنەیە دەست پێدەکەم،  زۆر سەیرە لەوانەیە بڕوا نەکەن بەرواری ئەو وێنەیە رێک(28-6-1991)ە، لە پشتەکەی نووسیوومە، لەسەر سەربانی تەلارێک بوو لە شێخئەڵڵا لە شاری هەولێر!
 بەبیستنی شەهیدکردنی د.ئیدریس شۆکبووم، هەواڵێکی دڵتەزێنی ناخهەژێن.
راستە ئێمە بڕوای تەواومان بەوە هەیە هەموومان دەمرین و هەر کەسەش بەو هۆکارەی کە بۆی دانراوە و خۆمان نازانین، بەڵام شەهیدکردنی د.کاوان و د.ئیدریس  زۆر بەئازاربوو.
سڵاو  لە گیانی پاکی هەردووکیان و خوای گەورە سەبووری خانەوادەکانیان بداتەوە.
بگەڕێمەوە بۆ وێنەکە.. ئێوارە هەستمکرد دەمەوێت چەند وشەیەک بۆ کاکە ئیدریس بنووسم، بیرم کەوتەوە لەناو ئەرشیفەکەمدا وابزانم وێنەیەکی ئەو پیاوە سەرسپییە، دڵسۆزە کورد پەروەرە زانستخوازەم لەلایە، گەڕام دروست وابوو ئەو وێنەیەم دۆزیەوە .کاتێک سەیری پشتی وێنەکەدەکەم بەروارەکەی 28-6-1991 واتە لە هەمان رۆژ پێش 31ساڵ! ئەو جوامێرە رێک هەمان بەروار 28-6-2022 شەهیدبوو!  بۆ دوا جاریش پێش چەند ساڵێک هاتە لام بۆ زانکۆی سلێمانی و چایەکمان پێکەوە خواردەوە و باسی بارودۆخی کوردستانمان کرد، بە راستی نیشتمانی زۆر خۆشدەویست و حەزی بە خزمەتی نەتەوەکەی دەکرد...
 بێگومان بەسەرهاتی ئەوێنەیە، ئەوەبوو پێم وابێت کاکە ئیدریس تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ تەواو بووبوون و دەگەڕانەوە بۆ شاری سلێمانی، هەر بۆیە داوای لێکردم بچینە سەربانی تەلارەکە و چەند وێنەیەک بگرین بۆ یادگاری!
 کەوتەوە یادم ئەم کوڕە پڕ وزە و دڵسۆز و خەمخۆرەم چۆن ناسی؟ کاتێک من بۆ بەدەستهێنانی پلەی ماستەر لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگیرام لەگەڵ هاوڕێم د.عەلی حەسەن ( ئێستا پرۆفیسۆرە لە زانکۆی سەلاحەدین) شوقەیەکمان لە شێخئەڵڵا بەکرێ گرت.. ئەپارتمانەکە دوو سێ ژوور بوو، بۆیە کاکەئیدریس و سێ هاوڕێی تری کە یەکێکیان کاکە بێستونی برای د.عەلی بوو هاتنەلامان و ژوورێکمان دابەوان کە یارمەتیدەربوو  بۆ بەشداریکردنیان لە کرێی ئەپارتمانەکە و هاودەنگیش بوون بۆ ئێمە.. 
بۆ ماوەی نزیکەی هەشت نۆ مانگ پێکەوە بووین بڕواتان بێت هەڵسوکەتێکی نابەجێ یان دەنگێکی بەرز یان قسەیەکی ناشرینمان لەم کوڕە نەدیوە( بێگومانم کە د.عەلی گەواهی ئەوەم بۆدەدات).
  ئەم کوڕە قۆزە چالاکە دڵسۆزە ، زیرەک بوو ، هەوڵیدەدا و بەداخەوەم زۆر شتی ئەوکاتەم لەبیرنەماوە، چونکە تاسەر ئێسقان کاتێکی قورس بوو بۆ ژیان و خوێندن و فێربوون...
 زۆر کات حەزی بە لەپێکردنی کڵاشی دۆمی دەکرد و تەنانەت لەگەڵ پانتۆڵیش هەرلەپێی دەکرد... 
سڵاو لە گیانی پاکی و ڕۆحی شاد بێت و جێگەی بە‌هەشتی بەرین بێت... 
چەند خۆشە کە مرۆڤ پاش مردنی شوێندەستی بەجێبمێنێت و خەڵک بۆی بەداخ بن و باسی پاکی و دڵسۆزی و رەوشتبەرزی و  بە ئەمەکی بکەن، ئەوشانازییە دەست هەموو کەس ناکەوێت مەگەر کەسانی وەک د.ئیدریس.

وتارەکانی نوسەر