یەکبێژ

کوشتن لە هەموو وڵاتێک هەیە

11:08 - 2022-06-30
هیوا محەمەد
488 خوێندراوەتەوە

 یەکلاییکردنەوەی کێشەکان لە غیابی یاسای بنبڕکەردا، زیاتر لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگە خۆیەوە دەکرێت. لە تەکساس کەسێک زوڵمی لێبکەن، بۆ تۆڵەسەندنەوە پێش پۆلیس هانا بۆ گروپێکی مافیا دەبات ئەگەر خۆی سەر بە گروپێکی وا نەبێت.
لەهەر وڵاتێکی ئەوروپا رۆژانە دەیان کەس بە شێوازی جیاجیا دەکوژرێت و ئەتک دەکرێت، ئەگەرچی لای ئەوان وەک دەڵێن یاسا سەروەرە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بیر بێت کە یاسا لەناو ماڵەکاندا نییە و لەبری ئەمە یاسای خێزان لە چوارچێوەی یاسای وڵاتدا هەیە، واتا لە خێزانەوە منداڵ بەرهەم دەهێندرێت بۆ ناو کۆمەڵگە.
لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەمە زۆر لاوازە، هەر لە منداڵییەوە بەتایبەتی ئەگەر کوڕ بێت، منداڵەکە بە بەکارهێنانی رەتکردنەوە و توندوتیژی و جنێودان و بەکارهێنانی دەست هاندەدرێت و گۆش دەکرێت، باوک و دایک خۆشحاڵ دەبن کە دەبینن منداڵەکەیان پەنا بۆ ئەو حاڵەتانە دەبەن و پێیان سەربەرزییە و دەڵێن زۆر کەللە رەقە.
کاتێکیش ئەم منداڵە بە تێپەڕبوونی بە قۆناغەکانی ژیانیدا دەڕوات، هەڵگری ئەو سیفەتانەیە و لەگەڵ تەمەنیشیدا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و لە جنێوێکەوە دەبێتە پەلاماردان و لە چەقۆ و دارەوە دەبێتە دەمانچە و جۆری دیکەی چەک.
کاتێکیش دەکەوێتە رووداوێکی کوشتنەوە و تاوانێک دەکات، یەکەم لێدوانی گەورەکانی لە خێزانکەیدا ئەوە دەبێت کە دەڵێن» ماوەیەکە نەخۆشی دەروونی هەیە و تەواو نییە» ئەمە یەکەم بۆ کردنەوەی دەرگایەکە بۆ رزگارکردنی لە سزای  تاوانەکە، دووەمیش بۆ سڕینەوەی ئارەقی شەرمەزاریی ناو چاوانی خۆیانە لە پەروەردەکردنی منداڵەکە کە بە خواری هێناویانە.
لەدوای رووداوی کوشتنی دوو مامۆستای بێتاوانی( زانست بەخش) کە لە هەولێر و لەناو حەرەمی زانکۆدا روویدا، باس لەوە دەکەن بۆ ئەوەی رێگریی بکەن لە جارێکی تر دووبارە نەبوونەوەی ئەم کردەوە قێزەونە، سەردیواری زانکۆکە بە تەلی دڕکاوی بگرن، چونکە گوایە تاوانبار لە پرسگەوە نەچۆتە ژوور و بەسەر دیواردا بازی داوە، یەکێ تر دەڵێت دەبێت چەک قەدەغە بکرێت.
تەلبەندکردنی دیوارەکانی زانکۆکان رێگریی ناکات لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو حاڵەتە، بەڵکو بە بڕینی دەستی دەستتێورەدانی دەستڕۆیشتووان و هاندانی منداڵەکانیان بۆ خۆ گیڤکردنەوە و بەکارهێنانی بازووی خۆیان دەکرێت.
چەک لە بازاڕدا هەبێت یان نا، هەرکەس بیەوێت پەنابەرێتە بەر تاوان دەتوانێت لەهەرجێگەیەک بێت چەکێک بەدەستبێنێت.
گەورەکان منداڵەکانیان لەسەر رێچکەی ئاشتیخوازانە و یەکتر پەسەندکردن و رێز لە مرۆڤ گرتن پەروەردە بکەن.
 منداڵی هۆڵەندی هەر لە لەدایک بوونییەوە وشەی « بۆم هەیە» «ماغ ایک» یان فێر دەکەن، ئیتر ئەم مڕۆڤە تا دەمرێت رۆژی دەیان جار بەکاریدەهێنێت، پێش ئەوەی هەر کارێک بکات لە بەرامبەرەکەی دەپرسێت دەتوانم، یان بۆم هەیە ئەمە بکەم؟ وەرگرتنی ئەم روخسەتە وایلێکردوون کە پێش کردنی هەر کارێک دەپرسن ئایا بۆیان هەیە بیکەن؟ بەمەش ماوە بە خۆیان دەدەن کە بیر لە چۆنێتی کردارەکە بکەنەوە، چونکە ئەگەر وەڵامیان بە نەخێر بدرێتەوە ئیتر نایکەن.

وتارەکانی نوسەر