كۆمێنت

11:29 - 2022-06-30
شیرین. ک
420 خوێندراوەتەوە

(12)

بابە سارتەر

لە دوای روخانی رژێمی سەدامەوە لە 2003 لە رێی پێشانگاكانی كتێبەوە كە ساڵانە دەكرایەوە، گەلێك نووسەری عیراقیم ناسی كە پێشتر ناویانم نەبیستبوو، یەكێك لەوانە عەلی بەدرە، یەكەم رۆمانی كە خوێندمەوە ساڵی 2007 (بابا سارتر) دوا رۆمانیشی ساڵی 2016 (الكافرة) بوو، عەلی بەدر رۆشنبیر و فرە بەهرەیە و چەندین خەڵاتی داهێنانی ئەدەبی پێبەخشراوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپاش ناسراوە.
لە دەفتەری ساڵی 2007 دا چوار رۆمانیم خوێندۆتەوە، بەڵام بەتەنیا كۆمێنتم لەبارەی دوو رۆمانییەوە نووسیوە یەكەمیان بابە سارتەر: (عەلی بەدر لەبارەی رۆمانەكەیەوە دەڵێ: جەختم كردووە لەسەر ترسناكی و بێهوودەیی ئەو راڤەكردنەی پشت بە مێژوو دەبەستێت..دركم بەوە كردووە كە خەڵك تەنیا بەو وەهمە دەژین كە بۆخۆیان دروستكردووە..ل242)
كۆمێنت: (ئەم رۆمانە باسی ساڵانی چل و پەنجاو شەستەكانی عیراق دەكات، تیشك دەخاتە سەر توێژی خوێنەوار و رۆشنبیرەكانی بەڵام لە پشت هەموو رووداو كاركتەرەكانەوە خوێنەر هەست بە گاڵتە جاڕییەك دەكات، هەرچەندە نووسەر بەوردی و شەفافییەتەوە باسی ئەو قۆناغانەی ژیانی كۆمەڵگەی بەغدا دەكات، زیاتر باسی ئەو بەناو خوێنەوار و روناكبیرانە دەكات كە شوێن توێكڵی پێشكەوتنخوازیی كەوتوون، ئەوانەی لە ناخدا كەسانێكی بارگاوین بە هەموو ئەو جەهالەت و كێشانەی كۆمەڵگەی داڕزاندووە..)
لەبارەی رۆمانی دووەمیشەوە (الولیمە العاریە) خوانێكی رووت، نووسیومە كارەكتەرەكانی ناو ئەم رۆمانەی، جۆرەها نمووی ئەتەنی، ئاینی، مەزهەبی تیایە، بەڵام تێبینم كردووە كارەكتەرە كوردەكان  لە ئاستێكی كۆمەڵایەتی نزمدان، نموونەی نێگەتیڤ و خراپن، ئیسماعیل حەمە جان ئەو كوردەی بە بێئەقڵی خۆی هەموویانی خستە مەترسییەوە ل108 ، رەبیع ئەلكوردی كەسێكی گێلە خزمەتكاری ساڵح جەوهەرچییە ل106 ، ئەوەندەی لەبیرم مابێت لە رۆمانێكی (رێگا بەرەو گردی عومران) بەهەمان شێوە كارەكتەری كورد نموونەیەكی خراپە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا عەلی بەدر ناوێكی دیاری ناو رۆمانی عیراقییە و رۆمانەكانی شایانی خوێندنەوەن.

وتارەکانی نوسەر