رووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی 1989، کۆتایی بە رەوشی نائارامی و سیمای دابەشکردنی ئەوروپا ھێناو کەشێکی پڕ لە سەقامگیریی بۆ رەخساند، تەنانەت شەڕی ناوخۆی یۆگۆسلاڤیای جارانیش کە بە دابەشبوونی نەتەوەیی ئەو وڵاتە کۆتاییھات، کاریگەریی خراپی لەسەر ئارامی ئەوروپا دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد بەجێنەھێشت، ھەربۆیە زیاتر لە30 ساڵە ئەوروپا تاکە کیشوەری جیھانە کە ئاسایش و سەقامگیریی باڵی بەسەردا کێشابێت. کاریگەری ئەم بارودۆخەش بەسەر پێشکەوتنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی وڵاتانی کیشوەرەکەوە لەبەرچاو بوو.
سەبارەت بە ئەوروپا شەڕی ئۆکرانیا کۆمەڵێک رووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە، تەنانەت لە گەرمەی ساڵانی جەنگی ساردیشدا پێشبینی نەکراو بوون لەوانە:
*بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1939-وە ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بنەڕەتی سوپاکەی نوێ دەکاتەوە و زیاتر پڕچەکی دەکات بە چەکی پێشکەوتوو، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەت بڕی 100 ملیار یۆرۆی تەرخان کرد.
*سوید و فینلەندا کە تائێستا لە پەیمانە سەربازییەکاندا بێلایەن بوون، دوورنییە بۆ پاراستنی خۆیان لە ھەڕەشەکانی روسیا بچنە پەیمانی ناتۆوە.
*سویسرا لە مێژووی ھاوچەرخیدا ھیچ پەیوەندییەکی بە ململانێکانی جیھانەوە نەبووە، کەچی لەگەڵ سەپاندنی سزاکانی خۆرئاوا بەسەر روسیادا، پابەندی بە سزاکانەوە راگەیاند.
ھەموو ئەمانە ئاماژە گەلێکن بەوەی ئەوروپا ئاکامی شەڕی ئۆکرانیای بۆ سەر ئاسایشی خۆی ھەڵسەنگاندووە و لەوەش دڵنیانین کە روسیا دوای شەڕی ئۆکرانیا پێشڕەوی زیاتر ناکات.
بەشی خۆرھەڵاتی ئەوروپا بەتایبەتی (پۆڵۆنیا، رۆمانیا، بولگاریا، چیک و سلۆفاکیا) کە پێشتر ئەندامی پەیمانی وارشۆ بوون، مێژوویەکی تاڵیان لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتی جاراندا ھەبوو، ھەربۆیە لەسەر ھەردوو ئاستی جەماوەریی و سیاسی ھەژموونی روسیا رەتدەکەنەوە و نایانەوێت جارێکی دیکە بکەونە خولگەی مۆسکۆوە.
ئاسۆی جەنگەکە تەنھا لەنێوان روسیا و ئۆکرانیادا نییە، بەڵکو دوورایی ستراتیژیی درێژخایەنی ھەیە و سەرەتای ھەڵگیرسانی جەنگێکی ساردی نوێیە، بەڵام بەبێ ململانێی ئایدیۆلۆژی کە ئەوروپا دەبێتە ناوەندەکەیی و ھەر ئەویش باجەکەی دەدات. ئەمەش تارمایی ئەو ترسەیە کە ھاوکات لەگەڵ ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، باڵی بەسەر ئەندامانی ناتۆی ئەمبەری ئەتڵەنتیکدا کێشاوە، بۆیە ئاسایش و ئارامی ئەوروپا دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی سارد (1945-1990) بە ھەمان ئاستی دوای شەڕی ئۆکرانیا نابێت، ئەوروپاییەکان خۆیان ئەم راستییە باش دەزانن و لەوەش تێدەگەن کە بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا توانای پاراستنی کیشوەرەکەیان لە ھەوڵە فراوانخوازییەکانی روسیا نییە، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ واشنتۆن بۆئەوەی پێگەی خۆی لە ئەوروپا بەھێزتر بکات و کیشوەری پیریش ھەمیشە ملکەچی داواکانی بێت.
لە ھەمانکاتدا خواست و ھەوڵەکانی ئەوروپا بۆ سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و پێکھینانی سوپای یەکگرتوو جارێکی دیکە و بۆ کاتێکی نادیار لەبیر ئەوروپا بەرێتەوە.
ئەوروپا ئەزموونی 45 ساڵی جەنگی ساردی سەدەی رابردووی ھەیە و دڵنیایە بەبێ سەرکردایەتی و ھاوکاریی نەوەکانی مام سام، زەحمەتە خۆی لە ھەڕەشەی ورچەکەدا بپاریزێت.