یەکگرتنەوەی سێ روسیاکە

08:29 - 2022-03-31
ھەوراز شوانی
372 خوێندراوەتەوە

هەر لە سەردەمی دەسەڵاتی قەیسەر و سۆشیالیستی تا دەگاتە سەردەمی پوتین، فراوانخوازی خەون و ئامانجی دەسەڵاتدارانی روسیا و سۆڤیەت بووە. کاترینی گەورە کە لە نێوان ساڵانی1762-1796 خانمی قەیسەری ئەو وڵاتە بووە دەڵێت: ئەگەر 100 ساڵ بژیم ئەوروپا مل کەچ دەکەم، گورزێ دەسرەوێنمە لووت بەرزیی چین، چونکە تاکە رێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی روسیا فراوانخوازییە. 

 دوای سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفیەکان لەساڵی 1917 کاتێک پیرۆزیی ئایدۆلۆژیا لە لووتکەدا بوو، ئەگەر روسیا لە هاوپەیمانێتی جەنگ لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا نەکشایەتەوە ئەوا بەپێی رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ سازانۆف لە داڕشتنەوەی نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشی دەبوو.

جەنگی دووەمی جیهان دەرفەتێکی رەخساند بەهۆیەوە یەکێتی سۆڤیەت ئیمپراتۆریەتەکەی فراوان کرد و لە ئەوروپا چەندین وڵاتی خستە ژێر هەژموونی خۆی و دواتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بنکەی سەربازی دامەزراند و تەنانەت لە باخچەی پشتەوەی کۆشکی سپی پێگەیەکی دروستکرد کە کوبا بوو، ئەی خۆ لە خۆڕا نەبوو ستالین پاشان خرۆشۆف و برژنێف ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیستی و ئینتەرناسیۆنالیستی پرۆلیتاریایان کردە قوربانیی بەرنامەی فراوانخوازی و روخاندنی سەرمایەدارییان بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە ئاڵوگۆڕ کرد.

 

کاتێک ڤلادیمیر پوتین بوو بە کەسی یەکەمی کرملین، روسیای لە پاشاگەردانی هەرەسی ئیمپراتۆریەتی سۆڤیەتی دەرباز کرد، ئێستا کاتی ئەوەیە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی خەونەکانی بنێت بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەی و گەڕاندنەوەی شکۆی روسیا وەک زل هێزێک شانبەشانی ئەمریکا لەم بوارەشدا یەکەم هەنگاو یەکگرتنەوە یان هاوپەیمانی هەرسێ روسیاکەیە: روسیای گەورە، روسیای بچووک (ئۆکرانیا)، روسیای سپی(بێلاروسیا).                          سەرۆک پوتین بە حیساباتی خۆی بە شەڕ یان بە ئاشتی دەبێ ئامانجی هێرشە سەربازییەکانی لە ئۆکرانیا بێنێتەدی، هەر شکستێک لە شەڕی ئێستای ئۆکرانیا کاریگەریی خراپی بۆ ئایندەی روسیا و خودی پوتین دەبێت، بۆیە جگە لە سەرکەوتن جا بەهەر نرخێک بێت بیر لە ئەلتەرناتیڤی دیکە ناکاتەوە. سەبارەت بە روسیای سپی لۆکاشینکۆ یان هەر سەرۆکێکی دیکە لە ئایندەدا ئەو هەڵە ستراتیژی و کوشندەیە ناکات کرملین تووڕە بکات، چونکە بە چاوی خۆیان نەگبەتی و کاولکاری ئۆکرانیا دەبینن، ئیتر بۆچی خەونی یەکگرتنەوەی هەر سێ روسیاکە لە سەردەمی دەسەڵاتی قەیسەری سەدەی بیست و یەکەمدا ئەستەم بێت؟

وتارەکانی نوسەر