ئاشتی لە تورکیا لە نێوان هات و نەهات و سەروەریی دەوڵەتدا

10:04 - 2025-07-09
کاردۆ عوسمان هەورامی
35 خوێندراوەتەوە

لە مێژووی دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری، بەم جارەوە چوار جار هەوڵ بۆ پرۆسەی ئاشتی دراوە، بەڵام سێ جاری پێشوو بەهۆکاری جیاجیا شکستی هێناوە، ئەم جارە کە لە زەمینە و هەلومەرج و بارودۆخێکی جیاوازدا پرۆسەکە دەستی پێکردووە، تا ئێستا وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە هەردوولا جددی و بە پەرۆشبن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، بەڵام ئەو تەون و گومانانەش کەم نین کە لەبەردەم بێدەنگکردنی چەکەکاندا هەیە .

لەم قۆناغەدا پەکەکە پەرۆشتر و جددیتر دەردەکەوێت، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و سەرخستنی، ئەوەی دەمێنێتەوە نیازپاکیی حکومەتی تورکیایە


هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی

ناکرێت باسی پرۆسەی ئاشتی بکەیت و ئاوڕ بۆ مێژووی ململانێ و شەڕ و هەوڵەکانی ئاشتی لەنێوان پەکەکە و دەسەڵاتدارانی تورکیا نەدرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەوڵەکانی ئاشتی لە تورکیا بۆ چەند ئاست یان قۆناغێک پۆلێن دەکرێن، لە ساڵی 1993 وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نران، قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1993 لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا، قۆناغی دووەم لە ساڵی 1996 لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، قۆناغی سێیەمی هەوڵی چارەسەری کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتیانە لە (2013) وە تا (2015) لەسەردەمی ئەردۆگان، ئاک پارتی دەستیپێکرد، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا، هەرچەندە چەند جارێک و بۆ چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگ كران، ئەم قۆناغەش 2025 کە بە قۆناغی چوارەم ناوزەند دەکرێت، جارێکی دیکە پرۆسەی ئاشتی دەستی پێکردوەتەوە.

هەوڵەکانی ئەمجارە جێگای هیوایە؟

ئەوەی ئەم جارە چاوەڕێ دەکرێت جیاوازتر بێت لە قۆناغەکانی پێشتر، بارودۆخەکە گۆڕاوە و جگە لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)  زۆرێک لە پارتەکانی دیکەی تورکیا، بە گەرمی کار لەسەر پرۆسەکە دەکەن، ئەمەش هێزێکی زیاتری پێ بەخشیوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە، پەرۆشیی عەبدوڵا ئۆجەلان و بە دەنگەوە هاتنی پەکەکەیە بۆ پەیامەکانی و قایل بوونی بە خۆهەڵوەشاندنەوە و دەستبەرداربوونی خەباتی چەکدارییە.
لەم قۆناغەدا پەکەکە پەرۆشتر و جددیتر دەردەکەوێت، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و سەرخستنی، ئەوەی دەمێنێتەوە نیازپاکیی حکومەتی تورکیایە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، کە تا ئێستا هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ پرۆسەکەدا رێدەکات، هەرچەندە رەخنەشی لێدەگیرێت، کە وەک پێویست هەنگاوی نەناوە و هێشتا بەردەوامە لە بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی باشوور، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەر ئەم پرۆسەیە سەرکەوتووبێت ئاستەنگ و بەربەستی نەیەتە پێش، واچاوەڕێ دەکرێت، کۆتایی بە نزیکەی نیو سەدە لە نائارامی و شەڕ و ئاڵۆزی بهێنێت و چەکەکان بێدەنگ بکرێن.
پرۆسەکه پێویستی بە گەرەنتی هەیە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەڵەتییەوە چاودێری بکرێت، بۆ ئەوەی هێزێکی تری بداتێ لە ئەگەری پابەندنەبوونی هەر لایەک.
بە وردبوونەوە لە پرۆسەی ئاشتی، ئەوەی بەدیدەکرێت پەکەکە تا ئێستا بە دەنگەوە هاتنێکی زۆری بۆ پرۆسەکە هەیە و ئەوەی لەسەری بووە هەنگاوی بۆ ناوە و  قورسترین بڕیاری مێژووییدا کە خۆی هەڵوەشاندەوە. بەو ئومێدەی ئەو خەباتەی کە نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر دەستیان پێکرد بە رێگەی ئاشتیانە ئامانجەکانی بێتەدی، بەڵام ئایا دوای چەکدانانی پەکەکە چارەنووسی پرۆسەکە بە کوێ دەگات؟ پەکەکە خەباتی چۆن دەگۆڕێت و چارەنووسی گەریلاکان چی دەبێت؟ ئەوانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە پەکەکە دەستگیر کراون، ئازاد دەکرێن؟.

هەوڵەکانی دەم پارتی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاشتییانە بەردەوامە

وتارەکانی نوسەر