سلێمانی و ئەشکەوتی جاسەنە دەبن بە سیمبولی ئاشتی

10:03 - 2025-07-13
شێخ فەتاح شێخ ئەمین
38 خوێندراوەتەوە

هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی لەتورکیا، لە ساڵانی نەوەدەکان، مەبەست لێی بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد بوو لەو بەشەی کوردستان

سلێمانی و ئەشکەوتی جاسەنە دەبن بە سیمبولی ئاشتی
ئەو چەک و ئایدیایەی دوێنێ جەنگی بەرپا کرد، ئەمڕۆ دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا، بەڵام بەشێوەیەکی سەردەمیانە و گونجاوتر.
 لە دوای خەباتێکی زۆر، سەرکردایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆی دەرکەوت، کە دەتوانن بەشێوازی تری سەردەمیانە و مەدەنیانە درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، بۆ مسۆگەرکردنی داوا رەواکان و بەڵکو زیاتریش، ئەویش لە رادەستکردنی چەکەکانیان لەو شار و ناوچە و شوێنەدا کە لە دێر زەمانەوە بە ویستگەی شۆڕش و ئاشتی ناوزەند دەکرێت لە ئەشکەوتی جاسەنە، نەک لە کۆشک و تەلارەکان، کە زۆر وڵاتی ناوچەکە و جیهان، ئامادەبوون میوانداری ئەو مەراسیمە بکەن و فەرشی سووری بۆ رابخەن و بەسەرکەوتنێکی گرنگ بۆ خۆیانی تۆمار بکەن.
ئەو شوێنەی مەراسیمەکەی تێدا رێکخرا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی، یەکەم: شۆڕش بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەردەمیانە بەردەوامە. دووەم: جارێکی تر بۆ جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بسەلمێنن، گەلی کورد، گەلێکی ئاشتیخوازە و هەمیشە ئاشتی بە کلیلی چارەسەر داناوە، سێهەم: پەکەکە بەپێی قۆناغ لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی و چەکدانان دەڕۆات.
لەگەڵ ئەوەی، دەبوایە پرۆسەی دەستپێشخەری و چەکدانانی ئەو ژمارە ئەندامەی پەکەکە و مەراسیمەکە لەئاستێکی بەرزتردا بوایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پرۆسەکە لە ئاستی ناوچەکە و جیهان و کوردستانیش بەگشتی گرنگی خۆی هەیە، دەریشکەوت چارەسەری کێشەی گەلی کورد بەگشتی و کوردی تورکیا بەتایبەتی، دەبێتە هۆی بەرقەرابوونی ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەموو ناوچەکە.
هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال-یش لە پێناوی بە دیهێنانی ئاشتی لە تورکیا لە ساڵانی نەوەدەکان و بۆ رێکخستنی دانیشتن و مفاوەزات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە نیوان پارتی کرێکاران و حکومەتی تورکیا، مەبەست لێی بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد بوو لەو بەشەی کوردستان و دوورخستنەوەی ئەم گەلە بوو لە جەنگ و نەهامەتی، حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی تورکیاش بە گرنگییەوە روانیویانەتە هەوڵ و ماندوبوونی سەرۆک مام جەلال لەو پێناوەدا، بەشی هەرەزۆری خاڵ و پێشنیازەکانی رێکەوتنی ئێستای نێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیاش بریتییە لەهەمان پێشنیارەکانی ئەوکاتی مام جەلال بۆ ئاشتی لەو وڵاتە.

وتارەکانی نوسەر