گوێگرتن هونەرە!

10:56 - 2025-07-13
رەنگین مەلا سەمەد
42 خوێندراوەتەوە

گوێگرتن لە بەرامبەر، ئەو هونەرەیە کەم کەس رەچاوی دەکات و پەی پێ دەبات،
هونەرێکە مرۆڤ دەگەیەنێتە هەموو لووتکەکانی جوانی و ترۆپکی باشبوون و مرۆڤبوون،
خوویەکە مرۆڤ پەروەردە دەکات تا تێبگات و کاریگەریی و رەنگدانەوەی لەسەر تاک و دەوروبەریش هەبێت، دادپەروەریی بەرپا دەکات بەوەی کاتێک دوو کەس بە هەر پاساوێک و لەسەر هەر بابەتێک دەیانەوێت وتووێژ و بۆچوونیان ئاڵوگۆڕ بکەن، لێکتێگەیشتنیان بۆ قسەی یەکدی دەبێت و بۆچوونە تەماوییەکان بە گۆڕینەوەی را و شەنوکەوکردنی بابەتەکان و قبووڵکردنی راستییەکان بەو جۆرەی هەیە، دێتە بوون.
بێگومان ئەمەش هەق و دادپەروەرییە کەم کەس درکی پێدەکات لە ژیانی ئاسایی رۆژانەیدا رەچاوی دەکات. 
گوێگرتن کاریگەریی لەسەر ئاسوودەیی دەروونیش دەبێت، وادەکات بەرامبەر هەست بە بوونی خۆی و تێگەیشتنی بکرێت و بەها و نرخی بۆ دادەنرێت. 
هاوسەنگییەکی باشە بۆ پتەوبوونی پەیوەندیی نێوان هەردوولا، ئیتر ئەو پەیوەندییە هاوڕێیەتییە یان دۆستایەتی و ناسیاوییە، مەودای بیرکردنەوە دەدا تا بەرامبەر بەتەواوی خۆی ئامادە بکات بۆ وەڵامدانەوەی دروست و قەناعەتپێکراو.
پێویسته چی بکرێت لە کۆمەڵگەدا تا ئەم هونەرە بەتەواویی فێری تاک بکرێت و کاریگەریی لەسەری هەبێت؟
چەند خاڵێک باس دەکەین که دەبنە رێگاچارەیەکی دروست بۆ ئەم بابەتە:
یەکەم: بە پلەی یەکەم پێویستە لەسەر دایک و باوک رەچاوی ئەم بابەتە بکەن و بەهەندی وەربگرن، چونکە ئەوان دەتوانن ئەم پەروەردەیە بخوڵقێنن و بیکەنە بنەمایەکی باش بۆ پەروەردەکردن و ئامادەکردنی منداڵەکەیان وەک تاکێکی دروست و بەسوود بۆ کۆمەڵگە. 
دووەم: پێویستە لە پرۆگرام و پەروەردەدا جێگەی بکرێتەوە و منداڵان لەسەرەتاوە فێری ئەم هونەرە بکرێن، تا لە داهاتوودا نەوەیەکی هۆشیار و گوێ کراوە بن بۆ بیستن و وەرگرتن و قبووڵکردنی هەموو راستییەکان.
سێیەم: لە رێگەی خوێندنگەکانەوە بکرێتە خوو، گەنجان ئالوودەی ئەم خووە بکەن و بە رۆح تێکەڵیان بکەن و وابەستەبن بەم خووە باشەی کە بەرەو فێربوونیان دەبات، وادەکات عەقڵیان پێش زمانی ئاخاوتنیان بکەوێت و فێربن لەبری ئەوەی زۆر و بێ سوود بدوێن، کەم و گوێڕایەڵ بن. 
چوارەم: لە رێگەی زانکۆ و پەیمانگەکانەوە بکرێتە هۆشیارییەکی بنەڕەتی و کۆڕ و سیمینارەکان بخرێنە خزمەتی ئەم بابەتەوە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە گرنگی بەم شۆڕشە هۆشیارییە بدرێت و تاک هۆشیار بکرێتەوە لە گرنگیدان بەم بابەتە.
ئەگەر بە دروستی و دڵسۆزییەوە ئەم خاڵانە بەهەند وەربگیرێن و کاریان لەسەر بکرێت، ئەوا کۆمەڵگەی ئێمەش هاوشێوەی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی دیکە بێبەش نابێت لەم شۆڕشی هۆشیارییە و تاک تیایدا ساز و ئامادە دەبێت بۆ دانیشتن و گفتوگۆ و سازان و بواردان لەگەڵ کەسی بەرامبەر بۆ هاوبەشی و هاوڕێیەتی و هاوسەنگی و بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن و هۆشمەندیی و کامڵبوون لە عەقڵ و ئاخاوتنیشدا.

وتارەکانی نوسەر