62
ئەم نەوتەی ئێستا ئێمەی کورد بە دەستییەوە گرفتارین و بەهۆیەوە ژیان و گوزەرانمان بووە بە بارمتەی دەستی حوکمڕانانی عیراق و هەرێم، لەگەل و جەماوەرەوە بەپێی چەمک و تێگەیشتنی ئەوسا پلەی هاووڵاتی هاتووەتە خوارەوە بۆ ئاستی رەعییەتی ژێر دەسەڵاتی پاشایان کە بە خوایشتی خۆیان چییان بویستایە پێیان دەکرد و ئەمیش بەردەوام ملی لە موو باریکتربوو بۆیان.
ئەم نەوتە ناموبارەکە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە، کاتێ کە کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی درکی بە کاریگەریی و بایەخی کرد لە بواری ئابووریدا، بوو بە تەوقی عەزازیل و کردیە گەردنی گەلانی جیهانی سێیەم، هەر بەهۆی ئەوەشەوە کردنی بە ژێردەستە بۆ هەزار پشتیان، سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریی و فەرهەنگیشی لێ زەوتکردن، تا دەگاتە رۆژگاری ئەمڕۆش تووشی هەزار دەرد و ناسۆری کردوون.
هەر لەبەر ئەم نەوتە بوو کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی پاش روخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ئەنجامی جەنگی یەکەمی جیهاندا بەرژەوەندیی خۆی رەچاوکرد، کوردی دابەشکرد و لە بەڵینی پێش جەنگ پەشیمان بووەوە و ئەرمەن و گەلانی دیکەشی هەر بەو دەردە برد، هۆکاری سەرەکیی لکاندنی ویلایەتی موسڵ بەم عیراقەوە کە لە نەبوو دروستیکرد نەوت بوو. لە تەواوی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا کە نەوتیان تێدا دۆزرایەوە بێجگە لە داگیرکردنی راستەوخۆ، بەستنی بە پەیماننامەی جۆراوجۆرەوە کە بەهۆیانەوە سەربەخۆیی راستەقینە و ئیرادەیانی کۆتوبەند کرد. ئەوجا کۆمپانیاکانی خۆی راکێشایە ناوچەکە و ئەوان بوون بە بڕیاردەری کردارەکیی دۆزینەوە و بەرهەمهێنان و بە بازاڕکردنی نەوت، ترازان لەم سیاسەتە تائێستاش خەتی سوور و بڤەیە بۆ حوکمڕانانی ناوچەکە.
راستە بوارێکیان رەخساندووە بۆ جۆرێک گەشەکردنی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و هەلی زێڕینیشیان رەخساندووە بۆ میر و حوکمڕانان بۆ دەوڵەمەندبوون و گەندەڵیی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان تا ئەو ئاستەی لە خەتی سوور لانەدەن پاڵپشتییان دەکەن لە جەنگە هەرێمییەکانیاندا و لە سەرکوتکردنی گەلەکانی خۆیاندا، بەڵام ئەگەر لەوە زیاتر پێڕاکێشن و هەوای سیاسیی و ئابووریی سەربەخۆی وڵاتەکانیان دای لە کەلـلەیان و لە خەت لایاندا ئەودەمە کوتەکی ئەختەبووت ئاسای کۆڵۆنیالیزمی جیهانیی لێیان دەکەوێتە کار.
نموونەی خۆماڵیکردنی نەوتی ئێران ساڵی 1953 لەلایەن موسەدەقەوە باشترین بەڵگەیە کە چۆن نەیانهێشت و شای دەرکراویان گێڕایەوە و کردیان بە پۆلیسی کەنداو و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان تا ئەوکاتەی کاریان پێی نەما. بە هەمانشێوە ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام حسێن لە ساڵی 1972دا نەوتی عیراقیان خۆماڵیکرد و لێگەڕان بۆ ماوەیەک وەک بریکار پێڕاکێشێت و کردیان بە شێرەکولـلەی ناوچەکە و زنجیرەیەک جەنگی ماڵوێرانکەریان پێکرد و پاشان کە زانییان لە خەت لادەدا بەو دەردەیان برد کە بردیان.
کاربەدەستانی کوردیش بەبێ خوێندنەوەی رابردوو هەوای ئابووریی سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لە کەلـلەی دان و بە چاولێخەواندنی کاتیی دەوڵەتانی کۆڵۆنیالیستی جیهان و بەرژەوەندیی و دانڕۆکردنی وڵاتانی دەوروبەر دەستی کۆمپانیا جیهانییەکانی نەوتیان راکێشایە هەرێمەکەوە بەو هەلومەرج و فێڵ و ساختانەی کە کۆمپانیاکان سەپاندیان. راستە هەندێک دەسەڵاتداری هەرێمەکە پێی دەوڵەمەندبوون و باکیان بە خواست و بەرژەوەندیی گەل نەما، بەڵام لە بەرامبەریشدا هیچ توانا و دەسەڵاتێکیان نەما بەسەر کۆمپانیاکان و هاوپشکەکانیان لە وڵاتانی دەوروبەر و بۆیە پێدەچێت ئێستا بڕیاردەری سەرەکی لە چارەنووسی خەڵک کۆمپانیاکان بن.
دەسەڵاتداری رێخۆشکەریش بوو بە کوردەکەی بێبەش لە هەردوو جەژن و تەواوی وڵات و گەلەکەی کرد بە بارمتەی دەستی ئەوان و بۆ خۆشیان تەنها سامانی ئەو ملیاران دۆلارە مایەوە کە لە هەر ئانوساتێکدا دەکرێ لە دەستیان دەربهێنرێت، بەمەش دوور نییە ئەگەر وریا نەبنەوە رەنجی سەدان ساڵەی کورد بەبا بچێت.