حەوت بەرد لە دووتان

10:03 - 2025-07-08
محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
28 خوێندراوەتەوە

عیراق لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوووەوە، جێگیریی بە خۆیەوە نەدیوە، ناڵێم سەردەمی پاشایەتی ئارام و بێ کێشەبوو، بەڵام لەچاو ئەو دۆخەی دواتر روویدا کەمێک ئەهوەنتر بوو، دەنا وڵاتەکە لەسەرەتای بیستەکانەوە هەر بە سەقەتی و ئیفلیجی دروستکرا و بە قەولی پێشینانمان خێری ئینگلیز و زلهێزانی براوەی جەنگی یەکەمی جیهان نەنووسێت بۆ عیراقێک دروستیانکرد، لەبەرئەوەی کوردیان کردە سەربەشی ماڵان و دەوڵەتە ناسیۆنالیستە نوێیەکان، نەک هەر هیچیان پێ نەبوو بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە، بەڵکو ئەوە ئایدیایەک بوو باری شانی گەلانی قورستر و ئاڵۆزتر کرد و لەمەشدا کورد پشکی شێری بەرکەوت.
لە عیراقدا سەردەمی پاشایەتی هێندە ساغڵەم نەبوو، توندوتیژی سیاسی و نەبوونی دیموکراسی مۆرکی ئەو رژێمە بوو، ئایدیای ناسیۆنالیستی عەرەبی، کە شا فەیسەڵی یەکەم و ساتع ئەلحوسەریی بنەمایەکیان داڕشت هەر لە بەرەبەیانی ئەو سەردەمەوە تەنگی بە کورد هەڵچنیبوو. مامەڵەکردنیان لەگەڵ راپەڕینەکانی شێخ مەحمود و بارزاندا، بە پیلانی بەریتانیا، بەڵگەی ئەو راستییەیە. رژێمی پاشایەتی رووخا و حەوت بەرد لە دوویان، خەڵکی عیراق بە کوردیشەوە بۆ ماوەیەکی زۆر کورتە هەناسەیەکیاندا و هیوای زۆر لەسەر گۆڕانکاریی هەڵچنرا، بەڵام وادەرنەچوو.

 

لە سایەی ئەم سیستمەدا، کورد لە دوو سەرەوە گیری خواردووە، سەرێکیان بە دەست حکومەتی عیراقەوە کە هێشتا هەندێک ماکی ناسیۆنالیستیی بەعسی ئاسا بەسەریدا زاڵە و ئێستا ئایدیای تایفەگەریشی هاتووەتەسەر

پاشان لە زنجیرەیەک کودەتای سەربازییدا رژێمێک دەڕووخا و یەکێکی دیکەی لەو خراپتر شوێنی دەگرتەوە، حەوت بەرد دەگیرایە ئەوی پێشتر و چەپڵە بۆ ئەمەی نوێ لێ دەدرا، یەک لەوی دیکەیان بۆ خەڵک خراپتر دەبوون و بۆ کورد هەر ماڵوێرانی و کارەسات بوون، بە تایبەتی لە ساڵی 1963دا کاتێک بەعسییەکان هاتنە سەر حوکم دۆزەخیان بۆ خەڵکی نیشتمانپەروەر و دیموکراسیخوازی عیراق، داخست و کوردستانیان خستە ژێر زەبری ئاگر و ئاسنەوە تا ساڵی 1968 کە سەرلەنوێ بەعسییە خوێنڕێژەکان گەڕانەوە سەر حوکم، کەس نەحەسایەوە لەژێر دەسەڵاتی عەرەبە نەتەوەپەرستە ناسرییەکاندا. 
لەو مێژووەی سەرەوەش بەدواوە، نەتەوەپەرستی پەڕگیریی بەعسی بە پلانێکی تۆکمەتر، خەڵکی ئەم وڵاتەیان سەرشۆڕ کرد و تووشی زنجیرەیەک جەنگ و وێرانکارییان کرد لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دیکەی دراوسێدا، بێجگە لە درێژەپێدانی شەڕی کوشتوبڕی کورد کە راگواستن و بە عەرەبکردن و سووتماک و جینۆساید، مۆرکی سەرەکییان بوو، بە شێوەیەکی بەربڵاوی وا کە پێشتر وێنەی نەبوو لە مێژووی عیراقدا. 
دواتر بە زەبری داگیرکاریی ئەمریکا و هاوپەیمانان، ئەمانیش رەوانەی زبڵدانی مێژوو کران و حەوت بەردیان بەدوادا هەڵدرا.
هاووڵاتیان لە دوای زەبروزەنگ و ستەمی بێئامانی دەیان ساڵە، ئاهێکیان تێگەڕا و بۆ کوردیش حوکمێکی «فیدراڵی» دەستەبەر بوو، بەڵام ئەم حکومەتە لە ساڵی 2023ەوە حوکم دەکەن و بە ناوەرۆک، لەژێر هەژموونی ئەملاوئەولادا، مانایەکی دەوڵەتداری و حکومەتداریی بۆ وڵاتەکە نەهێشتووەتەوە و زەمینەیەکی تاڵان و بردنی بێئامانی بۆ چینی حوکمڕان و دەستوپێوەندەکانیان رەخساندووە کە لە مێژووی هیچ وڵاتێکی گەندەڵ و شکستخواردووی جیهاندا نموونەی نییە و تەواوی خەڵکی وڵاتەکەی نائومێد کردووە، هاووڵاتییانی هێناوەتە سەر باوەڕی ستایشکردنی «کفن دزەکانی» پێشوو. 
لە سایەی ئەم سیستمەدا، کورد لە دوو سەرەوە گیری خواردووە، سەرێکیان بە دەست حکومەتی عیراقەوە، ماکی ناسیۆنالیستیی بەعسی ئاسا بەسەریدا زاڵە و ئێستا ئایدیای تایفەگەرییشی هاتووەتەسەر، سەرێکیشیان بە دەست دەسەڵاتدارانی «حکومەتەکەی» خۆیەوە کە لە تاڵان و رووتاندنەوەدا هیچی کەمتر نییە لەوەی عیراق، خەمی کوردیش ئەوەیە، ئاخۆ دەستە و تاقمی نوێ لەوان باشتر دەبن؟!

وتارەکانی نوسەر