کلو جەمال
بە درێژایی مێژوو و لە قۆناغی جیاجیادا زۆر سەرکردە و سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدار لەناو گەلی کوردستاندا هەڵکەوتوون کە بوونەتە مایەی سەرسامبوونی سەرکردە و گەلانی دیکە، جا لەناو ریزەکانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستانەوە دەرکەوتبن، یاخود لە ژێر سایەی حکومەتی گەلە سەردەستەکانی ناوچەکە و تەنانەت لە ئەوروپا و خۆرئاواش، بەڵام بەو پییەی دواجار کایەی چالاکییان کاری سیاسی بووە، بەشی خۆیان نەیار و رکابەریان هەبووە و هەیە و نەک مەرج نییە بووبنە مایەی سەرسامیی نەیار و رکابەرەکانیان، بەڵکو زۆرجار لە ناوخۆشدا هەوڵی لەکەدارکردن و سوکایەتی پێکردنیان دراوە.
با لاپەڕەی سیاسەت بەلاوە نێین و بێینە سەر باسی ئەستێرەکانی ئەدەب و هونەر و وەرزش و کایە کەلتورییەکانی دیکە. لە دوو دەیەی رابردوودا سەرەڕای زۆری و بۆریی بەرهەمە هونەرییەکانی بواری موزیک و شانۆ و دراما، هەر لەسەرەتاوە کوژانەوەی چەند دەنگ و رەنگێکی ئەو بوارانە، بەڵام کەمیش نەبوون هونەرمەندانی بواری گۆرانی و موزیک و شانۆ و دراما و ئەستێرەکانی بواری وەرزش و داهێنانی ئەدەبی و زانستی و...هتد.
بەشێکی زۆر لە کایە میدیاییەکانمان نەک نەیانتوانیووە لانیکەم هاوشێوەی میدیاکانی وڵاتانی دەوروبەرمان ناوبەناو ئەستێرەکانمان بەسەربکەنەوە و بەدرەوشاوەیی بیانهێڵنەوە لە رێگەی دیداری مانگانە و ساڵانە تا هەستێکی وایان لەلا دروست بکەن کە رەنج و بەهرە و داهێنانەکەیان رێزلێگیراوە و ئەو دیدار و بەسەرکردنەوانە بۆیان ببێتە مایەی هاندان تا کۆشش و بەخششی زیاتریان هەبێت، بەڵکو لە دیدگای ئایدیۆلۆژییەوە لەکەداریش کراون و تەوەللایان کردوون لە داهێنان و بەخشش.
ناڵێین هونەرمەند و ئەستێرەکانی ئێستا هیچ لەبارا نەبوون، بەڵام هێندەی فۆکەس لەسەر هەندێک کەسی سەرەتاییە، هێندە لەسەر ئەستێرەکان نییە.
بەرنامەی پێشبڕکێکانی دەنگ لە کەناڵە کوردیی و عەرەبی و فارسییەکان یاخود لە میانەی شانۆ و دراما و وەرزشیشەوە لە دوو دەیەی رابردوودا چەندین ئەستێرەی پێ ئاشناکردین کە هەندێکیان نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو بگرە دوو نەوەی دوای ئەوانیش گەواهیی سەرکەوتوویی و داهێنەرایەتییان بۆ دەدەن، بەڵام زۆرێکیان لە ئەنجامی ئەو فەرامۆشکردنەدا یان لە کایەکەی خۆیان دوورکەوتوونەتەوە، یان لە داهێنان وەستاون، چونکە پێیانوایە داهێنانی کەلتوریش بۆتە مادە و بەشێک لە میدیاکان حساب لەسەر ئاستی گیرفانی هونەرمەند و داهێنەرەکە دەکەن نەک توانست و داهێنانەکەی.
مخابن هەر دەگەڕێینەوە سەر نەریتە باوەکەی کوردەواری کە بریتییە لە زیندو کوژی مردوو پەرست و تا ئەستێرەکان لەژیاندان فەرامۆشیان دەکەین و لەدوای گیانلەدەستدانی هەرکام لەو ئەستێرانە چەندین شیعر و شانامەیان بەباڵادا هەڵدەڵێین و لە بەخاک سپاردنەوە تا دوا رۆژی پرسەکانیان بە شێوەی لایڤ دەگوازینەوە، دەبا چیتر نە بەزیندووی بیانکوژین و نە بە مردوویی بۆیان بلاوێینەوە.