پەشمەک

گەشتەکانم بۆ ئەمریکا

11:47 - 2022-07-03
ڤینۆس فایەق
562 خوێندراوەتەوە

60
پێنجەم: قومارخانەکانی لاس ڤێگاس
کە فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی لاس ڤێگاس نیشتەوە، بیری دێڕێکی کچێکم کەوتەوە لەسەر ئینستاگرام پۆستەکانی دەخوێنمەوە، جارێک نووسیبووی «کچە باشەکان دەچن بۆ بەهەشت و کچە خراپەکان دەچن بۆ لاس ڤێگاس» لە دڵی خۆما گوتم، ئەوە منیش گەیشتمە لاس ڤێگاس. گەشتەکەم بۆ لاس ڤێگاس ساڵی 2015 لە واشنتۆنی پایتەختەوە یەک سەعاتی خایاند، ئەوەی کە زۆر تووشی سەرسوڕمانی کردم، ئەوەبوو هەر لە دەم خەرتوومی فڕۆکەکەوە کە سەر دەردەکەیت بۆ ناو فڕۆکەخانەکە لووتت دەتەقێ بە ئامێرەکانی قومارکردندا، موسافیر و گەشتیارەکان بۆ خۆشی چەند چرکەیەکیش بێت لەبەریدا دەوەستن و پارچە دراوێکی ئاسنی تێ فڕێ دەدەن و وێنەی لەبەر دەگرن.  
منیش زۆرم لەبارەی «لاس ڤێگاس»ەوە بیستبوو کە بە زمانی ئیسپانی بەواتای «باخچەکان» دێت، ئەم شارە دەکەوێتە هەرێمی کلارکەوە لە ویلایەتی نیڤادا، پەرۆشی بینینی بووم، چوار شەو و چوار رۆژم تیادا بەسەر برد. بێگومان «قومارکردن» قێزەونترین شتە، هەروەها لای ئێمە تێپەڕینی ژنێک بە بەردەم قومارخانەیەکدا باجەکەی ئابڕووی دەبێت، چجای بچێتە ژوورەوە یان نەخوازەڵا بیر لەوە بکاتەوە قومار بکات، بەڵام بۆ من ئەم سەردانە دیوێکی تری هەبوو، ئاشنابوونی کەلتوری شارێک لە کیشوەرێکی دووردەستدا کە تەنها ناوبانگیم بیستبوو. باسەکەی من بەشێکی سەبارەت بە ماف و ئازادیی تاکەکەسیە، بەشێکیشی لەمەڕ چێژبینین لە گەشتێک و ئاشنابوونە بە کەلتورێک، ئەگەر جێگەیەکیش بێت وەکو لاس ڤێگاس کە قومارکردن بەشێکی گەورە لە کەلتوورەکەی داگیر دەکات. 
لەو شارەدا بۆ هەر کوێیەک بڕۆی زۆرترین شت کە بەرچاوت دەکەوێت ئامێرە ئەلەکترۆنییەکانی قومارکردنە کە سیمای شارەکەی دروستکردووە و بەبێ ژیانی شەوانە و قومارخانەکان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ هەر شارێکی تردا نابێت. ئەو شارە کە بە ئاڵوگوڕی دراو و بازرگانی و رۆشنبیری ناوی دەرکردوە، بەناوبانگترین بنکەی گەشتیارییە لە جیهاندا، ژیان لە شەودا ناوەستێ، بۆ هەر کوێیەک بڕۆی نمایش و شۆی هونەری ناو ئاو و سەر زەویە، بەڵکو لەگەڵ تاریکبووندا ژیانێکی تری خەڵک و گەشتیاران دەستپێدەکات. زۆرترین بازاڕ و رێستورانتی ناوازەی لێیە. بەناوبانگترین گازینۆی قومارکردن لە لاس ڤێگاس «بیلاجیۆ»یە کە بنکەیەکی گەشتیاریی گەورەیە، بەناوبانگترین فلیمە ئەمریکییەکانی لێ وێنەگیراوە، لەوانە
America’s Playground و Sin City، و هەروەها «ئۆشن 11 Ocean’s Eleven»، کە برات پێت و جۆرج کلونی رۆڵی سەرەکیان تیادا بینیوە. 
کە چوومە ژوورەوە، کەوکەبێک بوو هیچ پەیوەندییەکی بە دنیای دەرەوەی نەبوو، جیهانێکی سەرسووڕهێنەر لەناو جیهانێکی جیاوازی تردا کە لاس ڤێگاسە، بێگومان بۆ ئەوە نا قومار بکەم، بەڵکو بۆ ئەوەی بۆ ساتێکیش بێت لە نزیکەوە ئاشنای ئەو جیهانە بم. جیهانێک لەناو کەلتورێکدا خۆت لە هەڵسوکەوت و بڕیاری خۆت بەرپرسیت و چوونە ژوورەوەی قومارخانەیەکی وەکو بیلاجۆ نابێتە هۆی لەدەستدانی ئابڕووت. وەک خانمێکی هۆڵەندیش بۆی باسکردم: «ئەوەی لە لاس ڤێگاس ئەزموونم کردووە هەر لە لاس ڤێگاس ماوەتەوە». ئیتر نەدەکرا باسی گازینۆکەی بیلاجۆ بکەم گەر بە خۆم نەمبینیبا. 
- ماویەتی-

وتارەکانی نوسەر