گه‌ڕان به‌دوای تاوانباری ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان و برسیكردن تا مردنی زیندانیانی نوگره‌سه‌لمان (جینۆسایدی ئه‌نفال) جێگای ده‌ستخۆشی و به‌رزنرخاندنه، ئه‌م كاره وه‌ك ده‌ڵێن له‌به‌ر رۆشنایی دواكاری سێ سكاڵاكاری كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان جوڵێنراوه و خانمی یه‌كه‌می عیراق (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) له‌سه‌ر هێڵ بووه و به‌دواداچوونی بۆ دۆسییه‌ی تاوانبار و تۆمه‌تباره‌كه كردووه تا ده‌ستگیركردنی.
له‌دوای تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال 1988 و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێك له پیر و په‌ككه‌وته‌كان له زیندانی نووگره‌سه‌لمان، زۆرێكیان چیرۆكی ئازار و ئه‌شكه‌نجه و تا مردن له‌سه‌رده‌ستی جه‌لاد (عه‌جاج)یان ده‌گێڕایه‌وه و بۆخۆشم شایه‌تحاڵی سه‌دان گێڕانه‌وه‌م، كه له دوای راپه‌ڕینی 1991 له چوارچێوه‌ی چەندین كاری مه‌یدانی رۆژنامه‌وانی و هاوكات نیمچه توێژینه‌وه بووم، كه مرۆڤ له ئاستیاندا سڕده‌بێت!.
عه‌جاج (عه‌جاج ئه‌حمه‌د حه‌ردان تكریتی) ده‌ستگیركرا ئه‌م ده‌ستگیركردنه هه‌واڵێكی گرنگ و پڕبه‌هایه، ئه‌گه‌ر دۆسییه‌كه‌ی (دیزه به‌ده‌رخۆنه) نه‌كرێت و پێش دادگاییكردنی، ته‌واوی ئه‌وانه‌ی له زیندانی نووگره‌سه‌لمان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و له‌ژیاندا ماون، بچن و له‌دادگای تایبه‌تمه‌ند سكاڵای له‌سه‌ر تۆماربكه‌ن و تاوانباریش سزای تاوانه‌كانی وه‌ربگرێت، چونكه ئه‌گه‌ر ویستێكی شێلگیرانه و دادپه‌روه‌رانه‌ی پاك له پشت ئه‌م دۆسییه‌وه بوونی هه‌بێت، بێگومان دۆسییه‌كه سه‌رەداوی سه‌دان تاوانبار و تۆمه‌تباری ترمان بۆ ئاشكرا ده‌كات.
له‌وه‌ش ره‌واتر نییه كه بپرسین: تاوانبارێكی وه‌ك (عه‌جاج) دۆزرایه‌وه و ئێستا له زیندانه، ئایا مافی ته‌واوی كه‌سوكاری قوربانییه‌كانی تاوانه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كورد و كوردستان نییه، داوابكه‌ن ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن دادگاوه داواكراو بێت، بێ ئه‌ملا و ئه‌ولا ده‌ستگیربكرێن و دادگایی بكرێن؟ ئایا ژماره‌ی تۆمه‌تبار و تاوانباره‌كان ته‌نیا ئه‌وانه بوون كه دادگایی كراون و ئه‌وانه‌ن كه له لیستێكدا (422) ناویان هاتووه؟ یان به نه‌خێرێكی توند و ژماره‌كه زۆر له‌وه زیاتره؟
له چه‌ندین نووسین و وتار و چاوپێكه‌وتن و كاری مه‌یدانی و نیمچه توێژینه‌وه‌شدا وتومانه، ئێستاش مكوڕین له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌مان كه تێكڕا (ئه‌نجومه‌نی به‌ناو سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، قیاده‌ی حزبی به‌عسی فاشی، حكومه‌تی سه‌رده‌می به‌عس، هێزی ئاسمانی و زه‌مینی، ده‌زگای ئه‌منی گشتی و تایبه‌ت، ده‌زگای هه‌واڵگریی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی، گاردی كۆماری، ده‌زگای پۆلیس، هێزی میللی، لقه‌كانی به‌عس له پارێزگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، پارێزگاره‌كان، فه‌وجه‌كانی جاش) بیانهێننه پێش چاوی خۆتان جگه له تاوانه‌كانی تر ته‌نیا له دۆسییه‌ی جینۆسایدی ئه‌نفالدا (422) كه‌س داواكراون و له‌و ژماره‌یه‌ش (258) كه‌سیان له كوردستان و (164) یان له‌سه‌ر ئاستی عیراقن!
ئایا ئه‌مه ده‌چێته عه‌قڵه‌وه؟ ئایا هیچ پرەنسیپێكی ویژدانی و ئاكاری و یاسایی و دادپه‌روه‌ری هه‌یه، به‌مه بڵێ دروست و دادپه‌روه‌ری؟ ئایا ئه‌مه به‌دحاڵی بوون و له‌هه‌مان كاتدا ترۆپكی نابه‌رپرسیارێتی نییه له ئاست دۆسییه‌ی تاوانه‌كانی جینۆساید و قوربانییه‌كانمان؟
دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، تا نه‌بینه خاوه‌ن ده‌زگایه‌كی نیشتمانیی تایبه‌ت به جینۆساید و ئه‌نفال و لێكۆڵینه‌وه و كاركردن له‌سه‌ر ته‌واوی ره‌هه‌ند و كاریگه‌رییه‌كانی، هه‌میشه له‌و سه‌ره‌وه به‌ده‌ستی به‌تاڵ دێینه‌وەدا!
بۆیه ده‌ستگیركردنی (عه‌جاج) وه‌ك یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كانی دۆسییه‌ی تاوانی جینۆسایدی ئه‌نفال، ده‌رفه‌ته له رووی یاسایی و ره‌وایی، ئه‌وانه‌ی داواكراون و تۆمه‌تبارن و ئه‌وانه‌شی خۆیان حه‌شارداوه و ئه‌وانه‌شی حاڵی حازر له‌ناو دامه‌زراوه‌ی حكومڕانی عیراقدان و ئه‌وانەشی له كوردستانن، تێكڕا په‌لكێشی به‌رده‌م دادگا بكرێن و له‌دادگا ئه‌ستۆپاكی بسه‌لمێنن (تاوانبارن یان بێ‌تاوان).
ئه‌مه نه‌كرێت، گرتن و دادگاییكردنی (عه‌جاج) جگه له‌وه‌ی تۆمه‌تبار و تاوانبارێكه، هیچ له دۆسییه‌ی جینۆسایدی ئه‌نفال ناباته پێش و ره‌نگیشه له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌وانه‌شی راسته‌وخۆ چاودێری و به‌دواداچوونی بۆده‌كه‌ن، دۆسییه‌كه‌ی بچووك بكرێته‌وه بۆ (عه‌جاج - مه‌ئمورێك) و هیچیتر!