لەدوای بەدەنگەوەهاتنی قەندیل و سووتاندنی ژمارەیەک لە چەکەکان لە جاسەنە، وەک نیازپاکی بەرەو چارەسەری ئاشتییانە، یەکێک لەو خاڵە پۆزەتیڤانەی دەشێت بۆ دەوڵەتی تورکیا تۆماربکرێت ئازادکردنی دوو کادری باڵای پەکەکە و هێنانە بەرباسی بڕیاری لێبووردن بوو بۆ 1600 کادر و لایەنگری ئەو رێکخراوە
لە یەک دوو رۆژی رابردوو، چەند ئـــامـــاژەیەکی ئـــەرێنی لـــە هەڵوێستەکانی دەوڵەتی تورکیادا بەدی دەکرێت سەبارەت بـــە هەنگـــاونـــان بـــۆ بەپیرەوەچوونی هەڵوێستەکانی پەکەکە و ئۆجەلان لە 27ی شوباتەوە تا هەنووکە، بەڵام هێشتا زووە ئومێدی تەواوەتی لەسەر ئەو هەڵوێست و بەپیرەوەچوونە هەڵچنین.
رەنگە یەکێک لەو هۆکارانەی وامان لێدەکات بەپەلە بڕیار نەدەین و لە ئومێد هەڵچنیندا جۆرێک لە سڵکردنەوەمان هەبێت، یەکەم: زمانی میدیایی سیاسەتی رەسمیی تورکیا بێت، دووەمیش بە نهێنی هێشتنەوەی زانیارییەکانی ناو کۆبوونەوە و هەنگاوەکانی کۆمسیۆنە 51 کەســـییەکـــە. دەنـــا ئەمە یەکەمجارە بە رەسمی و لە دەرەوەی ژوورە تاریکەکانی دەزگای هەواڵگرییەوە، دەوڵەتی تورکیا بە رەسمی وەک دۆزێکی سیاسی مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد و پەکەکەدا دەکات، کە ئەوە جێی گەشبینی و هەڵوێستە لەسەرکردنە.
لەلایەک مایەی گەشبینییە، چونکە دەستپێشخەریی ئەمجارە بۆ ئاشتی و کۆتـــاییهێنان بە شـــەڕی نێـــوان دەوڵەت و پەکەکە لەلایـــەن «سیمبول»ێکی نـــــــــەژادپەرســـــــــــتی وەک دەوڵــــــــــــەت بـــاخچــــــەلــــــی-یـــەوە خــــــرایـــــــــەڕوو، لـــەکــــــاتێکدا ســـاڵی 2015 باخچەلی و حزبەکەی (MHP) هاوپەیمانیی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان و حزبەکەی (AKP) کرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی کۆمار بەو مەرجەی (AKP) لە پرۆسەی چارەسەریی بکشێتەوە، ئەو هەڵوێستەش بەراورد بەوەی هەمان باخچەلی، ئێستا پێشنیازی ئەوە بکات ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و لەوێوە بانگەوازی کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریی و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتییە لە تێگەیشتن بۆ دۆزی کورد و پەکەکە.
میدیا و میدیای چەواشە
رەنگە هەموومان لەو قۆناغەی کە لە سەرەوە باسمکردووە، چەواشە بووبێتین بە هەندێک میدیا، کاتێک رێگەی کەسوکار و پارێزەرەکانی ئۆجەلان نەدەدرا بۆ بینینی لە ئیمرالی، بەوەی یان مردووە یاخود لەناوبراوە، بەڵام دیدارەکانی ئەمدواییەی وەفدی ئیمـــرالی و کەسوکــــــارەکەی و پەیامە نووسراوەکەی و دواتریش پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئەو راستییەیان سەلماند، کە هێشتا ئۆجەلان نەک هەر زیندووە، بەڵکو بەگوێرەی پێدراوەکان وا دەردەکەوێت، کە لەوپەڕی هێزی بیرکردنەوە و بڕیاردانی خۆیدابێت. ئەمەش تاڕادەیەک شایەتیی ئەوە بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا دەدات، کە لەلایەک ئۆجەلان وەک دانوستانکار و نوێنەری راستەقینەی دۆزی کورد لەو وڵاتە دەبینێت و لەلایەکی دیکەشەوە زۆرێک لە ئامرازەکانی ئاگاداربوون لە رووداو و پێشهاتەکانی دەرەوەی دوورگەی ئیمرالیی بۆ دەستەبەرکراوە، بۆیە بەو باوەڕبەخۆبوونەوە دەتوانێت شان بداتە ژێر دۆخێکی هەستیاری وەک بڕیاردان لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری.
جگەلەوەش کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەکەکە و کەجەکە هێندە بێ ئاگا نین لەوەی بەبێ چەند و چوون پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ قەندیل پەسەند بکەن ئەگەر دڵنیانەبن لە رۆڵی پەنهانیی سەرۆکە زیندانیکراوەکەیان لەو پرۆسەیەی ئەمجارە دەستیپێکردووە.
هەنگاوە پۆزەتیڤەکانی دەوڵەت
لەدوای بەدەنگەوەهاتنی قەندیل و سووتاندنی ژمارەیەک لە چەکەکان لە جاسەنەی سلێمانی وەک نیشاندانی نیازپاکی بەرەو چارەسەری ئاشتییانە، یەکێک لەو خاڵە پۆزەتیڤانەی دەشێت بۆ دەوڵەتی تورکیا تۆماربکرێت ئازادکردنی دوو کادری باڵای پەکەکە و هێنانە بەرباسی بڕیاری لێبووردن بوو بۆ 1600 کادر و لایەنگری پەکەکە، سەرەڕای ئەوەش کۆمسیۆنێکی 51 کەسی لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێنراوە، کە جگە لە (IYI PARTI) وەک حزبێکی نەژادپەرستی توندڕەو، لە پەرلەمانتارانی سەرجەم حزبەکانی ناو پەرلەمان پێکهێنراوە و لەلایەن نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، لەوەش گرنگتر لە دووەم کۆبوونەوەیدا کۆمسیۆنەکە میوانداریی هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ و بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (میت)ی کرد، ئەمەش تاڕادەیەک نیشانەی بوونی جۆرێک لە جدییەتە لەو مەسەلەیەدا، بەڵام ئەوەی تا رادەیەک جۆرێک لە نیگەرانی لای کورد و چاودێرانی سیاسیی ئەو وڵاتە دروستدەکات، ئەو پێشمەرجەیە کە دەڵێت: (ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان و بڕیارەکانی کۆمسیۆنەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ بە نهێنی دەمێنێتەوە)، ئەمە رەنگە دەوڵەتی تورکیا لە سۆنگەی پارێزگاریی لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی ئەو بڕیارەی دابێت تا وڵاتانی ئیقلیمی و نەیارانی دەوڵەت سیاسەتی خۆیان لەسەر ئەو زانیارییانە هەڵنەچنن بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەنقەرە، بەڵام لە کۆی دیمەنەکەدا نیگەرانی و دڵەڕاوکێ لای کورد و بەتایبەتی (DEM PARTI) دروستدەکات لەوەی ئاشکرانەبوونی خاڵە گشتییەکان ئەگەرێک بێت بۆ پاشگەزبوونەوەی دەوڵەت لە قۆناغێکی دیکەدا لەو خاڵانەی ئێستا رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت، بەتایبەتی کە ماوەکە زۆرە و رەنگە خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی ئەردۆغانیش تێپەڕێت، بەتایبەتی کە تەمەنی هەریەک لە ئۆجەلان و ئەردۆغان و باخچەلی-یش لە هەڵکشاندایە، لەوەش هەستیارتر ئەم دۆخە مەترسیدارەی گۆڕانکــــــارییە خــــــێراکـــانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، کە زۆر بە خێرایی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتەکان و هەڵوێستەکاندا دێنەئاراوە.
41 ساڵ جەنگ و چوار ساڵ دانوستان
دیارە وەک سەرەتا ئاماژەمان پێکرد، ئەم دۆخە عەرەب وتەنی پێویستی بە (الحیطة و الحذر) هەیە و ناکرێت بە دوو هەڵوێستی نەرمی دەوڵەتی تورکیا بەهار بێنینە سەر چۆک، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەش ناکرێت برینی 41 ساڵ شەڕ بە (کن فیکون)ێک کۆتایی پێ بێت، بەڵکو لەباشترین دۆخدا بۆ ساڕێژکردنەوەی برینەکانی ئەو ماوە زۆرەی خوێنڕشتنی نێوان هەردوولا، لانیکەم چوار ساڵ قۆناغی هەنگاو بەرامبەر هەنگاو و نیشاندانی نیازپاکی پێویستە، چونکە ناکرێت وەک کورد چۆن هەڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بەبیردەهێنینەوە، هەڵەکانی لایەنی کوردیش لە پرۆسەی چارەسەریدا فەرامۆش بکەین، وەک ئەو کوشتارەی لە یەکەم قۆناغی ئاگربەستی 1993 دا لەلایەن (شەمدین ساکیک)ی فەرماندەی ئەوکاتی پەکەکەوە پێشێلکرا کاتێک 33 سەربازی (بێ چەک)ی لە پاسێک داگرتە خوارەوە و گوللـەبارانی کردن، کە رەنگە ئەگەر پەکەکە لەوکاتەدا هەڵوێستی دژی بەرامبەر بەو کردەوەیە وەربگرتایە و سزای بدایە، ئاراستەی پرۆسەی ئاشتی بە ئاقارێکی دیکەدا بڕۆیشتایە، بەڵام ئەوە بووە پاساوێک بەدەست جەنەراڵەکانی سوپاوە تا توندتر لە دژی دۆزی کورد مامەڵە بکەن.
لـــە قــــــۆنـــاغی دووەمــــــی پـــرۆسەی چارەسەریشدا لە ساڵی 2015 کاتێک HDP 81 کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، لەوکاتەدا AKP بە شوێن هاوپەیمانێکدا دەگەڕا تا کابینەی لەگەڵدا پێکبهێنێت، بەڵام HDP لەژێر کاریگەریی قەندیلدا هاوپەیمانیی رەتکردەوە، بۆیە AKP لەگەڵ (MHP) کە ئەویش 81 کورسیی پەرلەمانی هەبوو، هاوپەیمانیی کرد و مەرجی کۆتاییهێنان بە پرۆسەی چارەسەریشی قبووڵکرد، بەوەش کورد زەرەرمەند و رەوتی نەژادپەرستی تورکی لەناو AKP-یشدا دەنگی دلێرتر بوو بەسەر ئەوانەدا، کە بەشوێن چارەسەریی دۆزی کوردەوە بوون و دەیان دەنگی وەک عەبدوڵڵا گویل و ئەحمەد داود ئۆغڵو و عەلی باباجان کە میانڕەوتربوون، بەناچاری حزبەکەیان بەجێهێشت و ئێستا هیچ قورساییەکی سیاسییان لە تورکیادا نەماوە تا پرۆسەی چارەسەری زووتر بگاتە مەنزڵ.
جگە لە هەموو ئەمانەش دەیان سیاسەتمەداری چالاکی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و عوسمان بایدەمیر و گوڵتان کشاناک یان لە زیندان توندکران، یاخود گۆڕەپانی سیاسیی تورکیایان رووەو تاراوگە بەجێهێشت.
چۆن پرۆسەکە بەرەوپێش دەچێت؟
102 ساڵ راهێنانی چەندین نەوەی تورک بە هەندێک دەستەواژە چ وەک دەستەواژەی دەستووری و چ وەک کەلتور هەروا ئاسان نییە بۆ دەوڵەتمەدارانی تورکیا، بۆیە واباشترە سیاسەتمەدارانی کورد چ ئەوانەی قەندیل و چ ئەوانەی لەناوخۆی تورکیادا ئەو بارە قورسەیان خستووەتە سەرشانی خۆیان، چاودێریی هەنگاوە کردارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بکەن بە ئاراستەی چارەسەر و ئارامکردنەوەی دۆخەکە، نەک لێدوانە رۆژنامەنووسی و وتارە سەرپێییەکانیان کە بەشێکیان تا ئەو دەستەواژانە لەڕووی دەستوورییەوە نەگۆڕدرێن پۆستەکانیان رێگەیان پێنادات مورادیفیان بۆ بەکاربهێنن، بەشێکیشیان زیاتر پەیوەستە بە کەلتور و پەروەردە و فێرکردنیانەوە لە 100 ساڵی رابردوودا، بۆیە وا باشترە چاودێریی کردارەکان بکەن، نەک گوفتارەکان و لەسەر کردارەکان هەڵوێست نیشانبدەن.
کۆمسیۆنی51 کەسیی پەرلەمانی تورکیا