گەر سەربوردەی سەدەی بیستەم بە نموونە وەربگرین، دەبینین دەستوورێکی خۆکرد و سروشتی، لە هەمبەر یەکێتیی خاک و خەباتی کورد لە هەناوی تەکیە و خانەقاکانەوە نووسراوەتەوە. لەو دەستوورە سروشتییەدا، نە جیاوازی ناوچەیی هەیە، نە جیاوازی مەزهەبی و ئایدیۆلۆجی، نە شوناسە شوانکارەیی و خێڵەکییەکەش توانیوویەتی سنوورێکی بەرتەسک بەدەوری رۆحە گەورەکەی راسانە نەتەوەییەکەدا بکێشێت. بەڵکو بەشێوەیەکی سروشتی، ئیسلامی میللی مەیدانخوازیی هەر پرسوجۆیەکی داگیرکاریی کردووە.
تەكیەی تاڵەبانی لە دەستپێکی سەدەی هەژدەهەمەوە لەلایەن مەلا مەحمودی زەنگەنەوە بنیاتنرا، ناوبراو بە باپیرە گەورەی شێخانی تاڵەبانی دادەنرێت
ئیسلامی میللی لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، نۆرەی نەبەردییەکانی نەتەوەی کوردی کەوتووەتە ئەستۆ. لێرەدا تەنها تەکیەی تاڵەبانی له کەرکوکەوە، نیشانی هەمووانی داوە، کە چەندە چارەنووسسازانە لە پرسی نەتەوەیی کوردی روانیووە. چلۆنیش توانیویەتی شاری کەرکوک بکاتە بناغەی پێکەوەژیانێک کە هیچ جارنامەیەکی جیهانی، جوانتر لەو لۆژیکە ناتوانێت رێز لە مافی مرۆڤ و مرۆڤبوونی هەر تاکێک بنێت، ئیتر لە هەر ئیتن و ئایینێک بوایە.
تەكیەی تاڵەبانی لە دەستپێکی سەدەی هەژدەهەمەوە لەلایەن مەلا مەحمودی زەنگەنەوە بنیاتنرا. ناوبراو بە باپیرە گەورەی شێخانی تاڵەبانی دادەنرێت. تەکیەی تاڵەبان بێ لە شوێنێک بۆ پەرستش و پەنای لێقەوماوان، بەگوێرەی سەرچاوەکان، تەکیەی تاڵەبان لە دەستپێکی سەدەی بیستەمەوە، شێخ جەمیلی تاڵەبانی كوڕی گەورەی شێخ محەمەد عەلی، جگە لە ئیرشادكردنی موسڵمانان، ناوەندەکەی کردووەتە ناوەندێکی گرنگی بەرەنگاری دژ بە ئینگلیز.
سەرەتا شێخ جەمیل هەموو هەوڵێکی ئینگلیزەکانی شکستپێهێنا، ئەو هەوڵانەی کە کەرکوکیان دور لە جووڵانەوەی شێخ مەحمود هێشتبوویەوە. بەڵکو کاتێک شێخ جەمیل پەیامی پێکەوەیی دەگەیەنێتە مەحمود خانی دزڵی، ئیتر لە دۆکۆمێنتەکانی ئینگلیزەوە ئەو راستییە تۆمار دەکرێت کە تاڵەبانییەکان، ئەستەمە بێنە ژێرباری ژینگەی داگیرکارییەوە. ئەوەتا هەموو کەرکوکیان بەرەو ئەو زیندانە جۆشداوە کە مەحمودخانی دزڵی تێیدایە، توندی زیندان کراوە.
مەحمودخان لە رۆژهەڵاتی کودستانەوە، بە تەریقەت و خێڵ و ماڵباتی جیاوازەوە، بە زارێکی جیا لەو دیالێکتیکەی شێخ جەمیل پێی دەدوێ، بەخۆی و سەدان سوارچاکی هەورامییەوە هاتوون و شاری سلێمانیان لەچنگی ئینگلیز قوتار کردووە. دەنگۆی دلاوەرییەکانی مەحمودخان بەتەواوی ئینگلیزەکانی کاس کردووە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر تاڵەبانییەکان گوایا چەتە و رێگران لە ئێرانەوە هاتوونەتە سلێمانی، چۆن دەبێت بهێڵن بابەتێکی وا روو لەم ئەرز و خاکە بنێ. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە شێخ جەمیل بڕیاری دابوو نەچێتە دەرەوەی تەكییە و ئینگلیزەکان نەبینێ.
لەو دەمەوە خۆی دوورەپەرێز گرتووە لە ئینگلیز و كاربەستانی حكومەتی بەغداش. بەڵام کاتێک مەحمودخانی دزڵیی بەهێزێكەوە روودەكاتە كەركوك، بە نیازی ئەوەی بتوانێ كەركوك بگرێت. كاتێک دەگەنە قەرەهەنجیر، لەوێ شەڕێكی قورس لەگەڵ لەشكری ئینگلیزادا دەکەن. مەحمودخان بە چەكی سوكی وەك (سێ تیر و بڕنەو) ئینگلیز بە تانکو چەکی قورس و فڕۆکەوە، لەوێ شەڕێكی زۆر سەخت دەكەن. لەكۆتاییدا مەحمودخان قۆڵبەست دەکەن و دەیانهێنن بۆ زیندانی كەركوك.
کاتێک شێخ جەمیل هەواڵی پێدەگات، بڕیار دەدەن تا لە زیندانن خزمەتیان بکەن و نەهێڵن ئاناج بە نان و ئاوی ئینگلیزەکان بن. پاش دەرچوونیشیان لە زیندان، ماوەیەك لە كەركوك دەمێننەوە و دیسانەوە شوێنی گرنگیان بۆ دابین دەکەن و خزمەتی مەحمودخان و هاوەڵانی دەکەن. پاش 10 ساڵیش کاتێک رەزا شا، دەسەڵاتە ناوچەییەکان یەک لەدوای یەک کۆتایی پێدێنێ. کاتێک تەواوی کاربەدەست و بەگ و بەگزادەکانی لهۆن و تەخت و رەزاو توندی زیندانی ئەسفەهان و قەسری قاجار دەکات. جافرسانی هەورامان رادەست نابێت، بەڵکو پەنا دێنێتە بەر شێخ جەمیل و شاری کەرکوک و ئەویش هەموو شۆڕشگێڕە هەورامییەکانی لهۆن لە ئامێز دەگرێت.
ئەوەبوو (جەعفەر سوڵتان) و (ئەفراسیاو بەگ) و چەندین تێکۆشەری تر، بە نهێنی دەگەنە شاری كەركوك و شێخ جەمیل پێشوازییان لێ دەكات و لە چەند ژوورێكی ناو تەكییەدا بۆ ماوەیەك دەیانهێڵێتەوە، دواتر دەیاننێرێ بۆلای شێخ جەمالی برای لە گوندی (زەرداو) لە قەزای كفری. پاشتریش لە گەڕەکی (ئیمام قاسم) خانوویان بۆ دەگرێت تاوەکو بەڵکو دەرفەتێ بڕەخسێ بگەڕێنەوە بۆ کۆڕی خەبات. ئەوەبوو لە دەستپێکی جەنگی جیهانییدا، لەپاش رووخانی حكومەتی رەزاشاه لە ساڵی 1941، هەموویان بۆ هەورامان دەگەڕێنەوە.
هێنانەوەی ئەم نموونانە و چەندین نموونەی تری وەک پەنادانی (ئەفراسیاوبەگی رۆستەم سوڵتان) بۆئەوەی جارێکی تر لە سنووری هەڵەبجە و هەورامان، چالاکی شۆڕشگێڕی بکات. نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو رۆحە نەتەوەییەیە کە لە تەکیەی تاڵەبان دا بەبێ هیچ سنوورێکی بەرتەسکی ناوچەگەریی نومایان بووە. دەتوانین بڵێین، بوونی تەکیەی تاڵەبانی لە خزمەتی جووڵانەوە چەکدارییەکاندا، لە خزمەتی هەڵوێستی مەدەنی و رێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکاندا، لە خزمەتی هونەر و ئەدەب و گۆرانی و ئاوازدا، لە خزمەتی بێنەوا و بندەست و بێدەرەتاندا، لە خزمەتی هەژار و چارەی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا، تێکڕا نیشانەی گرنگی گیانێکی نەتەوەیی بووە کە لە هەڵقە بە هەڵقەی دەف و دەروون و دڵی تەکیەی تاڵەبانی دا تۆمار کراون.