دوای هەوڵە داگیرکارییەکانی وڵاتانی بەهێز و سەردەسەتە، دەتوانرێت بووترێت (فۆبیای بێگانە) سەریهەڵدا، بەگوێرەی سەرچاوەکان رق لە بێگانە، رووداوێکی سروشتی نییە، بەڵکو دەرئەنجامی هەوڵە ئیمپریالیستییەکانە، چونکە ئیمپریالیزم بە تەنها پرۆسەیەکی داگیرکاری و بازرگانی نەبوو بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ ساغکردنەوەی شمەک و کاڵاکان، بەڵکو هەوڵێکی ئایدۆلۆژی بوو، بۆ هەژموون و داگیرکاریی کەلتوری و سڕینەوەی شوناس و فەرهەنگی میللەتان. هەربۆیە لەو دەمەوە رق لە بێگانە و کۆچەرەکان، بووەتە دیاردەیەکی جیهانی بەتایبەت لەو دەوڵەتانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچەر روویان تێدەکەن، هاوکات پارتە توندڕەوە نەتەوەییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا، رۆڵیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی رق و کینە بەرامبەر بە بیانییەکان، چونکە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن سوودییان لێ بینیووە. دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچەران روویان لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا کرد، ئەمەش کاردانەوەی هاووڵاتیانی رەسەنی لێکەوتەوە و رق و کینەیان بەرامبەر بیانییەکان زیادییکرد، هەرئەمەش بووە هۆی ئەوەی، چەندین کاری نەخوازرا و بەرامبەرییان بکرێت بە نموونە پەلاماردان و بڵاوبوونەوەی رەگەزپەرستی و بیری ئیسلام فۆبیا.
زاراوەی (بێگانە فۆبیا) لە وشەی کۆنی یۆنانی( xenos ) بە واتای (نامۆ) و فۆبۆس بە واتای (تۆقین) وەرگیراوە. بەگوێرەی فەرهەنگی ئۆکسفۆرد، بێگانە فۆبیا بریتییە: لە ترس و رق لێبوونەوە لە بێگانەکان (تۆقین و بێزاربوون لە غەوارەکان). هەروەها بە پێی فەرهەنگی (وێبەر) ترس و رق و کینەیە لە کەسی بێگانە و غەوارە یان هەر شتێک کە نامۆ بێت. جیا لەوەش بە بڕوای هەریەک لە (ماکدۆناڵد و جاکۆبس) فۆبیای بێگانە، دیاردەیەکی جیهانییە و بەشێوەیەکی بەرفراوان رووبەڕووی جیهان بووەتەوە. بۆیە رەنگە وەک (رقی قووڵ لە بیانییەکان) تەماشا بکرێت.
بێگانە فۆبیا، بە درێژایی مێژوو دەتوانرێت بە چەندین شێوە دەستنیشان بکرێت، لەوانە: جیاکاری و توندوتیژیی بەرامبەر بە گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان، هێرشی رەگەزپەرستی، دروستبوونی گروپی رق و کینە و جینۆسایدکردن
رق لە بێگانەکان، بە ترس یان رق و کینەیەکی رەگداکوتاو و ناعەقڵانی لە کەسانی نامۆ یان بیانی، پێناسە دەکرێت، کە بە تێپەڕبوونی کات پەرەیسەندووە و بووەتە هۆی چەندین حاڵەتی جیاکاری و توندوتیژیی و ململانێ. گەر لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە تەماشای بکەین، ئەوا چەندین هۆکاری ئابووری، کەلتوری، کۆمەڵایەتی و دەروونی رۆڵیان لە چێبوونی ئەم دیاردەیەدا هەیە و بە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکانی نێوان گروپەکان، جیادەکرێتەوە. لە خراپترین ماکەکانی ئەم دیاردەیە ئەوەیە، کە ترس و سووکایەتیکردن بە کەسانی نامۆ یان بیانییەکان، دەبێتە بەشێک لە پەروەردە و کەلتور، یان قەناعەتێک لای خەڵکی دروست دەکات بەوەی کە بیانییەکان هەڕەشەیەکن لەسەر ناسنامەی رەسەنی نەتەوەکەیان، چونکە ئەو کۆچەرە خۆی لەخۆیدا، نەیتوانیوە بەشێوەیەکی ئاشتییانە لەگەڵ کۆمەڵگەی خۆیدا تێکەڵ بێت بۆیە پەنای بردووەتە بەر کۆچ. هەربۆیە هاونیشتمانیانی کۆچگە وا تەماشای کۆچەرەکان دەکەن، کە مەترسین بۆسەر یەکپارچەیی کۆمەڵگەکەیان.
(بێگانە فۆبیا) بە درێژایی مێژوو دەتوانرێت بە چەندین شێوە دەستنیشان بکرێت، لەوانە: جیاکاری و توندوتیژیی بەرامبەر بە گروپە ئایینی و نەتەوەییەکان، هێرشی رەگەزپەرستی، دروستبوونی گروپی رق و کینە و جینۆسایدکردن. یەکێک لە جۆرە هەرە بەردەوامەکانی بریتییە لە دژە جوو، یان جیاکاریکردن بەرامبەر بە جووەکان وەک گروپێکی ئایینی یان نەتەوەیی. هۆلۆکۆست نوێنەرایەتی یەکێک لە خاڵە ترسناکەکانی بێگانە فۆبیا دەکات، کاتێک هاووڵاتیانی جوو لەسەر دەستی نازییەکان رووبەڕووی قڕکردنێکی سیستماتیکی بوون. هەروەها نموونەیەکی دیکەی مێژوویی سیاسەتی ژاپۆنە بۆ ساکۆکو، لە بنەڕەتدا ساکۆکو وشەیەکی ژاپۆنییە بە واتای (وڵاتێکی داخراو) دێت، کە لە ساڵانی 1630 جێبەجێکرا و تا ساڵی 1853 بەردەوام بوو. هەربۆیە بەرەنگاربوونەوەی بێگانە فۆبیا پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و فرەڕەهەند هەیە لە چەندین ئاستی کۆمەڵایەتییدا. وەک سیستەمی پەروەردە کە هەمەجۆریی کەلتووری بەرەوپێش دەبات و دەتوانێت نەوەیەک پەروەردە بکات مرۆڤ بکاتە سەنتەر، هەروەها دەوڵەت دەتوانێت لە رێگەی سیاسەتی نەهێشتنی هەڵاواردن بێگانە فۆبیا چارەسەر بکات.
لەدوای سەرهەڵدانی داعش، ژماریەکی زۆر لە ئاوارەی خوارو ناوەڕاستی عیراق روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچەری سوری لە هەرێمی کوردستان پەناهەندە بوون، دوای ئەم رووداوانە بەرکەوتەی کۆمەڵایەتی و کارلێک و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێوان دانیشتوانی هەرێم و کۆچەر و ئاوارەکان دروست بوو، چەندین حاڵەتی خۆش و ناخۆش و نەخوازراوی لێکەوتەوە. زۆرجار لە هەواڵەکاندا دەمانخوێندەوە کە چەند کرێکارێکی عەرەبی عیراقی هێرشییان کردووەتە سەر خاوەنکارێکی کورد و کوشتوویانە، بە پێچەوانەوەشەوە چەندین دەستدرێژی و کوشتنی غەوارە لەلایەن هاووڵاتیانی رەسەنی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ کات تێبینی ئەوە نەکراوە کە بە سیستماتیک و لە رێگەی پرۆسەی پەروەردەوە (فۆبیای بێگانە) لە هەرێمدا پەرەی پێدرابێت و بە پێچەوانەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی سنگفراوانی و میواندۆستییەوە، چی پەنابەر و چی ئاوارەکانی لە باوەش گرتووە، بۆیە رووداوێک و دوو رووداو نیشانەی رقلێبوونەوە نین لە بێگانەکان.
سەرچاوەکان:
1.Xenophobia as a Sociological Theory: A Review of Literature Abdalhameed Shuash Imam Jafar Alsadiq University Rgwan
2. https://www.britannica.com/
3.Pillay, N. (2012). United Nations High Commissioner for Human Rights. Address by the High Commissioner at the Jacob Blaustein Institutefor the Advancement of Human Rights, in.
خۆپیشاندان لە دژی رەگەزپەرستی