نەرگسیزمی‌ بەکۆمەڵ و سۆسیۆسەنتەریزم

لە پەراوێزی دەستگیرکردنی‌ جەلادێکی‌ بەعسییدا

11:45 - 2025-08-04
د. عومەر عەلی ئەحمەد
83 خوێندراوەتەوە

کاتێک کەسێکى نەخۆش و شکستخواردووى وەکو عەجاج، لە ژیاندا هیچ بایەخێکى نییە، پەنا دەباتە بەر حزبە فاشستەکەی و لەو رێگەیەوە، سنگى زیندانییان شەقار شەقار دەکات، بۆیە هەمیشە پێم وایە، ئەو کارانەى بەعس دەیکرد، لە چوارچێوەى نەرگسیزمى بەکۆمەڵدا بوون

لە رۆژانی‌ رابردوودا، هەواڵەکان چەندە رەشبوون هێندەش شیرین بوون، رەشبوون، چونکە یادەوەری‌ تاڵی‌ ئەنفال و زیندانی‌ نوگرەسەلمانییان وەبیری‌ میللەتێک هێنایەوە، شیرین بوون، چونکە مژدەی‌ دەستگیرکردنی‌ جەلادێکی‌ بەعسییان پێداین. جەلادێک لە وێنەی‌ ئەژدیهایەکی‌ حەوت سەر، بۆماوەی‌ چەند ساڵێک، سنگی‌ گەرمیانییەکانی‌ شەقار شەقار دەکرد. ئەم هەواڵانە بە تەنها  بۆ جگەرسووتاوێکی‌ ئەو رۆژە رەشانە خۆش نەبوون، بەڵکو بۆ هەموو کوردێک لە تەواوی‌ دنیادا مایەی‌ دڵخۆشی بوون. دەستگیرکردنی‌ تەوروەشێنێکی‌ بەعسی‌، قەتماغەی‌ برینێکی‌ ساڕێژ کرد، کە چەندین ساڵە وابەسەر لاشەی‌ گیراوێکی‌ نێو زیندانی‌ نوگرەسەلمانەوە.

کەسایەتی نەرگسی
لە زمانی‌ زانستدا، نەرگسیزم یان کەسایەتی نەرگسی بەوە پێناسە کراوە  شێویەکی‌ فراوانە لە خۆبەگەورەزانین لە (خەیاڵ و رەفتار)دا، هاوکات ئەو کەسە پێویستیی بەوەیە، خەڵک پێی سەرسام بن و خۆشی کەمترین هاوسۆزی‌ بۆ ئەوانی تر هەیە. لەسەر کەسایەتی نەرگسی، سیگمۆند فرۆید لە رێگەی توێژینەوەکانییەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەی، کە نەرگسیزم، کۆمەڵێک هەڵوێستی تاکە بەرامبەر بە خۆی، وەک: خۆشویستنی خود، سەرسامبوون بەخود، پشت بەخۆبەستنی‌ لە رادەبەدەر، بەدگومانی‌، رەتکردنەوەی‌ بەرامبەر و دوورکەوتنەوە لێیان، ترس لە شکست یان ترسی لەدەستدانی‌ خۆشەویستەکانی‌.
نەرگسیزم جۆرێکە لە شڵەژانی‌ کەسایەتی لای‌ تاک، کاتێک دەردەکەوێت ئەو کەسە هێندە عاشقی خۆیەتی‌ و خۆی‌ لاپەسەندە، دییەی‌ کوێرە لە ئاستی‌ بینینی‌ ئەوانی‌ تردا. نەرگسیزم، لە فۆڕمی تاکەکەسیدا، بەوە جیادەکرێتەوە کە  ئەو کەسە لە دەرەوە زیاد لە پێویست، متمانەی‌ بەخۆیەتی‌ و زیادەڕۆیی دەکات لە نمایشکردنی‌ خۆیدا، بەڵام لە ناخی‌ خۆیدا زۆر هەست بە لاوازی‌ و دڵەڕاوکێ و بەدگوومانی‌ دەکات. هاوکات نووسەران جین توینگە و کیس کامپبێل لە کتێبەکەیاندا بە ناونیشانی (پەتای نەرگسی‌) جەخت لەسەر مەترسی بەردەوام سەرهەڵدانەوەی‌ نەرگسیزم دەکەنەوە، بۆیە داوای ئەوە دەکەن وەک پەتایەکی گشتی لەبەرچاو بگیرێت. 
کێشەی‌ کەسایەتی نەرگسی ئەو کاتە مەترسیدار دەبێت، کە ئەو کەسە دەبێتە بەرپرس یان سەرۆک و کەسی یەکەم، چونکە توانای‌ وێرانکردن و بوغزاندن و تێکشکاندنی‌ بەرامبەری‌ هەیە. بەپێی توێژینەوەکەی‌ (عەلا عەتوانی)،‌ پەیوەندییەکی‌ ئەرێنی‌ لە نێوان نەرگسیزم و شەڕەنگێزیدا هەیە. 
نەرگسیزمی بەکۆمەڵ
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵەی زانستی دەروونی، نەرگسییە بە کۆمەڵەکان، مەیلیان بۆ شەڕەنگێزی و تۆڵەسەندنەوە بەرامبەر بە گروپەکانی دیکە هەیە، چێژ لە ئازارەکانی ئەوانی دیکە وەردەگرن کە بە دوژمنیان دەزانن، هەر ئەوەندە نا،  بەڵکو ئەو کاتەی‌ نەرگسیزم لە دیاردەیەکی‌ تاکەکەسییەوە دەبێتە دیاردەیەکی‌ بە کۆمەڵ، وەکو ئەوەی‌ گروپێکی‌ دیاریکراو دەستە و تاقمێک تووشی پەتا و ڤایرۆسی نەرگسی‌ دەبن، ئیدی‌ دەستدرێژی‌ و قڕکردن و لێدانی‌ گروپەکانی‌ تر و پارچەپارچە کردنییان دەستپێدەکات.
دەروونناسی پۆڵندی (ئەگنێس گۆلیک دی زاڤالا) لە زانکۆی لەندەن لەو باوەڕەدایە، نەرگسیزمی بەکۆمەڵ بریتییە لە: «باوەڕی تاک بەوەی‌ گروپەکەی‌ ناوازە و باڵادەستە، هەروەها ئەو قەدرزانییەی کە شایەنیەتی جگە لە گروپەکەی‌ لە کەسانی دیکە وەریناگرێت». بە واتایەکی تر، جۆرێکە لە (خۆشەویستی بۆ گروپ) کە پەیوەندییەکی نزیکی‌ بە (رق و کینە لە دەرەوەی گروپ)ەوە هەیە. جیالەوەش، نەرگسیی بەکۆمەڵ، پەیوەندیی بە کەمی کۆنتڕۆڵی کەسی و  پاوانخوازی و خواستی باڵادەستییەوە هەیە، هاوکات مەیلی لایەنداری‌ بۆ  گروپە ناوخۆییەکان هەیە، جا ئەو گروپە، گروپی (نەتەوەیی، مەزهەبی ئایینی، حزبی سیاسی، وەرزشی، خوێندکاری، کۆمەڵایەتی، خێزانی، یان هەر گروپێک بێت کە تاکەکەس سەر بەو بێت).
جینۆسایدکردنی‌ کورد لەلایەن بەعسییەکانەوە، دەرئەنجامی‌ نەرگسیزمی‌ بەکۆمەڵی‌ گروپی بەعسییەکان بوو، چونکە هێندە عاشقی خۆییان و حزبەکەییان بوون کە پێییان وابوو، کەس لەوان باشتر نییە و بەدیلییان نییە، جیالەوەش خودی‌ سەدام وابیری‌ دەکردەوە یان ئەو، یان نەبوونی‌ ئارامی‌ و  لەناوچوونی‌ عیراق. نەرگسیزمی‌ بەکۆمەڵ لای‌ بەعسییەکان گەیشتبووە ئاستێک سەدام دەیوت: «هەرکەسێک بەعسی بێت پارێزبەندیی هەیە وەک پارێزبەندی عومەر كوڕی‌ خەتاب». ئەمە نیشانەی‌ لاوازی‌ کەسایەتی بەعسی نیشان دەدا. 
لەمبارەوە (ئەلێکساندرا شیخۆتسکا) توێژەر و دەروونناس لە زانکۆی کێنت لە بەریتانیا، دوای‌ ئەنجامدانی‌ توێژینەوەیەک لە ساڵی‌ 2016 دا دەڵێت:  « ئەو کەسانەی هەستیان کردووە کەمتر توانای کۆنتڕۆڵکردنی ژیانیان هەیە، زیاتر نیشانەکانی نەرگسییزمی‌ بەکۆمەڵیان تێدا دەردەکەوێت»، چونکە ئەو کەسانە لە ئاستی‌ تاکەکەسیدا شکست دەهێنن، لە سەرکەوتن و بەختەوەری‌ و ئاسوودەی‌، ناتوانن بگەن بە ئامانجەکانییان، بۆیە لە ئیگۆی‌ خۆیان بێزار و بێ هیوا دەبن، بەناچاری‌ پەنا دەبەنە بەر ئیگۆیەکی‌ گەورەتر کە پێیدەوترێت ئیگۆ – سەنتەریزم، ئەم ئیگۆ گەورەیە چ حزبەکەی بێت یان گروپ و نەتەوە و خێڵەکەی‌ بێت. کەواتە کاتێک کەسێکی‌ نەخۆش و شکستخواردووی‌ وەکو عەجاج، لە ژیاندا هیچ بایەخێکی‌ نییە، پەنا دەباتە بەر حزبە فاشستەکەی و لەو رێگەیەوە، سنگی‌ زیندانییان شەقار شەقار دەکات، بۆیە هەمیشە پێم وایە، ئەو کارانەی‌ بەعس دەیکرد، لە چوارچێوەی‌ نەرگسیزمی‌ بەکۆمەڵدا بوون.
ئیزابێل ویلکەرسۆن لە کتێبەکەیدا، بەناونیشانی‌ (کاست) دەڵێت: «نەرگسیزمی بەکۆمەڵ گروپی باڵادەست، وەک خۆرێک سەیری خۆی دەکات کە هەموو گروپەکانی تر بەدەوریدا دەسووڕێنەوە، هاوکات خۆی وەک پێوەرێکی جوانی دادەنێت، شێوازی ژیانی خۆی وەک پێوەرێکی ئاساییبوون دادەنێت و ئەندامەکانی بە تەنها لەم روانگەیەوە سەیری جیهان دەکەن، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کەسانی دیکەش هەمان شت بکەن».
کەسایەتی نەرگسی  لە رادەبەدەر شانازیی بەخۆیەوە دەکات،  لە رادەبەدەر کەسەکە شانازیی بە دەستکەوت و زیرەکیی خۆیەوە دەکات، بۆئەوەی سەرنج و ستایشی ئەوانیتر بۆ خۆی رابکێشێت، هەروەها رەتیدەکاتەوە گوێ لە بۆچوونی کەسانی دیکە بگرێت و هەمیشە باسی دەستکەوتەکانی‌ دەکات. گەر ئەمانە نیشانەی‌ کەسایەتیی‌ نەرگسی بن، ئەوا تەواو راستە بۆ کەسایەتیی‌ بەعسییەکان و نەرگسیزمی‌ بەکۆمەڵی‌ حزبی بەعس، چونکە ئەدەبیاتی‌ ئەو حزبە، هەمیشە باسی لە سەروەرییەکان و شکۆمەندیی‌ دەکرد. هەروەها یەکێکی‌ تر لە نیشانەکانی‌ کەسی نەرگسی بەدگومانی و لەدەستدانی هاوڕێیکانێتی‌، ئەمەش بەچاوی‌ خۆمان بینیمان سەدام چی بە هاوڕێکانی‌ کرد.

سوود وەرگیراوە لە :
https://www.aljazeera.net/
الشخصیة‌ النرجسیة‌ وانتشارها لدی‌ طلبة‌ جامعة‌ الیرموک
*مامۆستای‌ زانکۆ

زیندانی بەدناوی نوگرەسەلمان

تاوانبار عەجاج

وتارەکانی نوسەر