مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی شانازییه بۆ هه‌موو ده‌ڤه‌ری (ئه‌ڵوه‌ن)، كه‌چی كه‌مترین قسه‌ی له‌باره‌وه كراوه!
37
یه‌كێك له‌و سه‌ركرده و كه‌ڵه پیاوانه‌ی له مێژووی كورددا، وه‌ك پێویست ئاوڕی لێنه‌دراوه‌ته‌وه، مسته‌فا (پاشای باجه‌ڵان)ه، یان وه‌ك هه‌ندێك به مسته‌فا پاشای خانه‌قین ناوی ده‌به‌ن.
ئه‌م زاته، كوڕی (عوسمان پاشای باجه‌ڵان)ی دوا پاشای میرنشینی باجه‌ڵانه‌كانه، واته یه‌كێك نه‌بووه هاتبێته سه‌ر حازری، به‌ڵكو هه‌رخۆی له بنه‌چه‌دا (پاشا) و خانه‌دان بوو، خۆی له‌دایكبووی شاری خانه‌قینه، به‌ڵام ناوبانگی قاره‌مانێتی و بوێریی مسته‌فا پاشا، له‌سه‌رده‌می حوكمی عوسمانییه‌كان له عیراق و پاشان هاتنی ئینگلیز گه‌یشتبووه لووتكه، به‌شێوه‌یه‌ك كه له زۆربه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی ساڵانی نێوان 1912 بۆ 1922ی عوسمانی و ئینگلیز، مسته‌فا پاشا له مه‌سه‌له‌ی داگیركاریی عیراق ناوی وه‌ك قاره‌مان و خاوه‌ن نفوسی ناوچه‌كه زۆر هاتووه.
له‌به‌ر بوێرییه‌كه‌ی و ئەو خۆشه‌ویستییه‌ی مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان له‌نێو خه‌ڵكی خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره هه‌یبوو، هه‌میشه عوسمانییه‌كان رووبه‌ڕووی كێشه‌یان ده‌كرده‌وه و دواجار وه‌ك گومانلێكراوێكی سیاسی، بڕیاری گرتن و پاشان دوورخستنه‌وه (نه‌فیكردن)یان دا بۆ به‌غدا، ئه‌مه‌ش لە ساڵی 1912دا بوو، پاشان له‌به‌رئه‌وه‌ی سوڵتان (عه‌بدولحه‌میدی دووه‌م)ی عوسمانی، ناو و ناوبانگی بیستبوو، بۆیه وێڕای ئازادكردنی به بڕیارێكی خودی سوڵتان، پله و نازناوی (پاشا)ی پێدرا و گه‌ڕایه‌وه ناو كه‌سوكاره‌كه‌ی له خانه‌قین.
پاشان، له ساڵی 1916 له‌كاتی به‌رپاكردنی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م، كاتێک رووسه‌كان شاری خانه‌قین-یان داگیركرد، مسته‌فا پاشا و هاوه‌ڵه‌كانی رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه و له ئه‌نجامدا رووسه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌موو موڵک و ماڵ و سه‌روه‌ته‌كه‌یدا گرت و بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون و خۆشی به ناچاری چوو بۆ شاری به‌غدا و خۆی دایه پاڵ ئینگلیزه‌كان، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م دانیشتنی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و كاتی به‌ریتانیا له به‌غدا، یه‌كسه‌ر مسته‌فا پاشا داوای به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵكی خانه‌قینی لێ‌كردن و پێی وتبوون: من گرنگ نیم، به‌ڵام فریای خه‌ڵكه‌كه بكه‌ون و له ده‌ست رووسه‌كان نه‌جاتیان بده‌ن.
مستەفا پاشای باجەڵان،دواپاشای میرنیشینی باجەڵان
هاوپه‌مانێتی له‌گه‌ڵ ئینگلیز
ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌ی مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان كردی، نه‌ك هه‌ر رووسه‌كان، به‌ڵكو عوسمانییه‌كانیشی زۆر توڕه كرد.
له نامیلكه‌ی (پوخته‌ی كاروباری كاتیی جه‌نگی جیهانی له كوردستانی جنوبی) كه ئینگلیزه‌كان له به‌غدا چاپ و بڵاویان کردەوە، باسی رۆڵی مسته‌فا پاشا و داگیركاریی رووسه‌كان بۆ خانه‌قین کراوە. ئه‌مه‌ش له‌دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م له ساڵی 1919، كه خۆی له بنچینه‌دا راپۆرتێكی 55 لاپه‌ڕه‌یی نووسینگه‌ی كۆمیسێری مه‌ده‌نی به‌ریتانییه‌كانه له عیراق و له چاپخانه‌یه‌كی حكومی له به‌غدا به زمانی ئینگلیزی بۆ به‌رپرسه ئینگلیزه‌كان خۆیان چاپده‌كرێت، له‌وێدا باسی داگیركاریی رووسه‌كان و پاشان ئینگلیزه‌كان بۆ خانه‌قین و رۆڵی مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان، به تێروته‌سه‌لی کراوە.
له‌وانه‌ش گرنگتر له راپۆرته‌كه یان نامیلكه‌كه‌ی به‌ریتانییه‌كاندا، له باسی باشووری كوردستان یان كوردستانی عیراق، هه‌ر زاراوه‌ی (كوردستانی جنوبی) به‌كارهاتووه، بۆیه منیش لێره وه‌كو خۆی به‌كاری دێنمه‌وه.
ئینگلیزه‌كان، وه‌ك هه‌میشه له مێژوودا له‌گه‌ڵ كورد و سه‌ركرده‌كان راستگۆ نه‌بوون، بۆیه له پێناسه‌یان بۆ كورد و سه‌ركرده‌كانی، له‌و نامیلكه‌یه‌دا، كه باسی سه‌ره‌تای ساڵی 1917 ده‌كات وه‌كو یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی ئینگلیزه‌كان به كورده‌وه، ده‌ڵێت: (هه‌ر له داگیركردنی به‌غدا و دوا به دوای ئه‌و‌یش هه‌ڵكشانمان به‌ره‌و دیاله، ئه‌و كێشانه‌ی وا په‌یوه‌ندییان به كوردستانه‌وه هه‌بوو، به‌رژه‌وه‌ندیی نوێ و زیندوویان بۆ ئێمه هێنایه گۆڕێ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر خواستی ده‌ستبه‌جێی دۆخی عه‌سكه‌ری، به‌ڵكو بۆ زیاتر دڵنیابوون له‌وه‌ی كه كورد نه‌ك له‌كاتی جه‌نگدا ده‌بنه دراوسێ، به‌ڵكو هه‌ندێكیان دوای شه‌ڕیش ده‌بنه ژێرده‌سته‌ی هه‌میشه‌یی. له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ بایه‌خی پشتیوانی و متمانه‌یان له‌م به‌یه‌كگه‌یشتنه‌دا به شتێكی ده‌گمه‌ن و به‌رز بخه‌مڵێنرێ).
واته، ئینگلیزه‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵنیان كورد ده‌بێته ژێرده‌سته‌یان له دوای جه‌نگیش، كه لێره‌دا مه‌به‌ست له هێرشی داگیركاریی به‌ریتانییه‌كانه بۆ شاری دیاله و خانه‌قین و پاشان به‌ره‌و باكووری عیراق، بۆیه راوێژكاره گه‌وره‌كانی ئینگلیز پێیان وابووه ده‌بێت بایه‌خ و متمانه به كورد بكرێت، چونكه ده‌بنه (نۆكه‌ر و ژێرده‌سته). به‌داخه‌وه ئه‌مه به‌رده‌وام بۆچوونی داگیركه‌ران بووه ده‌رحه‌ق به كورد!.
رووسه‌كان به‌رده‌وام بوون له ترساندن و تۆقاندنی خه‌ڵكی خانه‌قین و ناوچه‌كه، له‌لایه‌كی دیكه‌شەوە بێ باكی ئینگلیزه‌كان و به‌ڵێنه ساخته‌كانیان به ته‌واویی خێڵ و عه‌شیره‌ت و سه‌ركرده‌كانی كوردیان بێزاركردبوو
هاوپه‌یمانێتی رووس و ئینگلیز!
له‌و ساڵه‌دا، 1917 كاتێك رووسه‌كان به ئیتیفاق و ئاگاداریی به‌ریتانییه‌كان، خانه‌قین و ناوچه‌كه‌یان داگیركرد، ئیتر عه‌شیره‌ت و خێڵه گه‌وره‌كانی كورد و سه‌ركرده‌ی به‌ناوبانگ (مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان)، به‌ره‌نگارییان نه‌بوونه‌وه، چونكه به رێنمایی به‌ریتانییه‌كان هیچ شتێكیان نه‌كرد و گوایه رووسه‌كانیش مامه‌ڵیان باش ده‌بێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی، به‌ڵام وا ده‌رنه‌چوو، چونكه رۆژ دوای رۆژ ده‌نگی ناڕه‌زایی زیاتر ده‌بوو له خانه‌قین، ئه‌وه‌تا ئینگلیزه‌كان له‌و راپۆرته‌ی كه بڵاویان كردۆته‌وه، له‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڵوێسته خراپه‌ی رووسه‌كان، ده‌ڵێت: (رووسه‌كان شاره‌كه‌یان «مه‌به‌ست خانه‌قینە» له نیساندا داگیر كرد، جا هه‌رچییه‌كیش بووبێته مایه‌ی گومانی كورد به‌رامبه‌ر رووسه‌كان، رێگه‌یان به خۆیان نه‌دا به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یانزانی رووسه‌كان وه‌كو هاوپه‌یمانێك به ره‌زامه‌ندیی به‌ریتانییه‌كان هاتوون، به‌ڵام له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا هه‌واڵ گه‌یشت كه مامه‌ڵه‌كردنیان له‌گه‌ڵ دانیشتوواندا بووه‌ته مایه‌ی ترس و تۆقاندن، مسته‌فا پاشا له ئینگلیزه‌كان پاڕایه‌وه كه باشتر وایه ئه‌فسه‌رێكی سیاسیی به‌ریتانیی بۆ خانه‌قین دیاری بكرێ بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی دانیشتووان).
واته، به‌ریتانییه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به‌و مه‌سه‌له‌یه‌یان زانیوه، ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن مسته‌فا پاشا (پاڕاوه‌ته‌وه) ئینگلیزه‌كان فریای وه‌زعه‌كه بكه‌ون! بۆیه له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی راپۆرته‌كه‌ی ئینگلیزه‌كاندا، له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی مسته‌فا پاشا، نووسراوه: (روونكردنه‌وه‌كه‌ی پاشا خرایه به‌رده‌م فه‌رمانده‌ی سوپا، به‌ڵام ترسی ئه‌وه هه‌بوو ره‌نگه ده‌ستنیشانكردنی كاربه‌ده‌ستێكی به‌ریتانی ببێته هۆکاری ناكۆكییه‌كی قورس له‌گه‌ڵ رووسه‌كاندا، ئه‌مه‌یش ده‌كێشێته‌وه بۆ خوڵقاندنی جیاوازی له‌مامه‌ڵه‌كرنماندا له‌گه‌ڵ هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ره‌كه).
واته، ئینگلیزه‌كان، دووباره وه‌ك هه‌میشه به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان پێ گرنگتر بوو نه‌ك خه‌ڵكی كوردستان و داواكاریی و روونكردنه‌وه‌كه‌ی هاوپه‌یمانێكی بوێریی خۆیان (مسته‌فا پاشا)یان پشتگوێخستووه، به‌س بۆ ئه‌وه‌ی گرژیی له‌نێوان ئینگلیز و رووس دروست نه‌بێت.
بێگومان، زوڵم و زۆرداریی رووسه‌كان به پشتگوێخستنی ئینگلیزه‌كان ده‌رحه‌ق به خه‌ڵكی خانه‌قین و ده‌ورووبه‌ری و ناوچه‌كه به گشتی به‌رده‌وام بوو، بۆیه دوای مسته‌فا پاشای باجه‌ڵانیش، چه‌ند خێڵ و عه‌شیره‌تێكی گه‌وره‌ی ناوچه‌كه نامه‌ی ناڕه‌زاییان بۆ ئینگلیزه‌كان نووسیوه، ئه‌وه‌تا له راپۆرتی ئینگلیزه‌كاندا، هاتووه: (هاتنی نامه و نوێنه‌رایه‌تی له‌لایه‌ن خێڵه‌كانی باجه‌ڵان و جاف و شه‌ره‌فبه‌یانی و تاڵه‌بانی و هه‌روه‌ها كه‌سانی ناسراوی قزلڕه‌باته‌وه به‌رده‌وام بوون، هه‌موویان رایانده‌گه‌یاند كه هه‌ڵسوكه‌وتی رووسه‌كان ناڕه‌زاییه‌كی زۆری ناوه‌ته‌وه و بۆی هه‌یه ببێته مایه‌ی چۆڵكردنی وڵات و هاندانی دانیشتوان، بۆیە له ترساندا هه‌ڵهاتن به‌ره‌و ئه‌و ناوچانه‌ی كه توركه‌كان داگیریان كردوون).
مستەفا پاشای باجەڵان
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مسته‌فا پاشا و ئینگلیز
به‌داخه‌وه، رووسه‌كان به‌رده‌وام بوون له ترساندن و تۆقاندنی خه‌ڵكی خانه‌قین و ناوچه‌كه، له‌لایه‌كی دیكه‌شەوە بێباكی ئینگلیزه‌كان و به‌ڵێنه ساخته‌كانیان به ته‌واویی خێڵ و عه‌شیره‌ت و سه‌ركرده‌كانی كوردیان بێزاركردبوو، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه كورد له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌رگای دیكه‌ی نه‌بوو، جگه له ده‌رگای ئینگلیزه‌كان، بۆیه هه‌ر له‌و ده‌رگایه‌ی ده‌دا، بۆیه كاتێك ئه‌و هه‌وڵانه هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، مسته‌فا پاشا بڕیاریدا خۆی بچێته به‌غدا و رووبه‌ڕوو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان باس بكات، له‌مباره‌یه‌وه راپۆرته‌كه ده‌نووسێت: (مسته‌فا پاشا خۆی له دوا رۆژه‌كانی نیساندا هاته به‌غدا بۆئه‌وه‌ی كێشه‌كه بخاته به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی ئینگلیز، پاشا روونیكرده‌وه كه رژێمی رووسه‌كان ته‌نانه‌ت له هی توركه‌كان بێ به‌زه‌یی تره، دانیشتوان له وڵاتی ئێران هه‌رگیز ئه‌وه‌نده ده‌ستدرێژییان نه‌كراوه‌ته سه‌ر، به‌ڵام كوردی توركیا وه‌ك دو‌ژمنێك ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ كراوه و هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵیش به بێ جیاوازی تاڵان كراون، ناوبراو خۆی سه‌ره‌ڕای هه‌ڵوێستی هه‌میشه دۆستانه‌ی بۆ سیاسه‌تی به‌ریتانییه‌كان، هه‌ڕه‌شه‌ی لێكرابوو، به قامچی لێدان، به تاڵانبردنی جلوبه‌رگ و ئه‌سپ و شتومه‌كی خواردن).
له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ به‌غدا، كه رووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئینگلیز دانیشت، مسته‌فا پاشا، چه‌ند خاڵێكی به نووسراو خوێنده‌وه له‌باره‌ی ئه‌و زوڵم و زۆره‌ی رووسه‌كان له سه‌ره‌تای هاتنیان له خه‌ڵكی خانه‌قین و ده‌وروبه‌ریان كردووه، خۆی له (9) خاڵدا ده‌بینییه‌وه، كه به كورتییه‌كه‌ی ئه‌مانه بوون:
1- رووسه‌كان، هه‌ر به گه‌یشتنیان، نیوه‌ی نرخی كه‌لوپه‌لی داواكراویان ده‌دا به قڕانی زیو، به زۆری زۆرداری له‌ناو شاری خانه‌قین خه‌ڵک ناچار كرابوون پاره به زیو بده‌ن به نرخی 3.25 قڕان، نرخی دراوی قڕانی بازاڕیش 1.5 بوو.
2- گونده‌كان له مێگه‌ل و گاگه‌ل، رووت كرابوونه‌وه.
3- نانی گه‌نم ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، جگه له ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان خه‌ڵك هه‌موو بێ ده‌رامه‌ت و ده‌ستكورت بوون.
4- هیچ رێبوارێک له ده‌ره‌وه‌ی شار نه‌ده‌بیندرا (واته كه‌س نه‌یده‌وێرا له‌به‌ر رووتكردنه‌وه بێته خانه‌قینه‌وه).
5- خۆراكی دانراو بۆ فرۆشتن ده‌ستی به‌سه‌ردادەگیرا و ئه‌فسه‌ره‌كان ماڵ به ماڵ ده‌گه‌ڕان بۆ داواكاركردنی خواردنی زیاتر، ئه‌گه‌ر نه‌بوایه خاوه‌ن ماڵیان ناچار ده‌كرد میواندارییان بكات.
6- گه‌شه‌پێدانی باخ كه سامانی سه‌ره‌كیی ناوچه‌كه بوو، وه‌ستێندرا.
7- ژماره‌ی زۆری دانیشتووانی خانه‌قین و ده‌وروبه‌ری په‌نایان ده‌برده به‌ر توركه‌كان له كفری بۆ داڵده‌دان.
8- خێڵه‌كانی سه‌ڵاحییه كه یه‌كه‌مجار ره‌تیان كرده‌وه خۆراك بۆ توركه‌كان دابین بكه‌ن، ئێستا ئازووقه به‌رهه‌م دێنن بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌یان پێبدرێ له ناوچه‌كه‌دا بمێننه‌وه.
9- زیاتر له 400 پیاوی (سه‌ردار مووحی) كه سه‌ركرده‌یه‌كی یاخیی شاهه‌كانی به‌مۆ بوو، به‌ته‌مابوون خۆیان ته‌سلیم به ئێمه بكه‌نه‌وه (مه‌به‌ست ئینگلیزه‌كانه)، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه و له‌به‌ر كرده‌وه ناپه‌سه‌نده‌كانی رووسه‌كان، وایان لێ‌كردن بیر له كرده‌وه‌یه‌كی عه‌سكه‌ریی كاریگه‌ر دژ به ئێمه بكه‌نه‌وه.
له پێشه‌كی ئه‌م (9) خاڵه‌ی مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان بۆ ئینگلیزه‌كانی خوێنده‌وه و له راپۆرته‌كه‌ی ئینگلیزه‌كاندا تۆماركراوه، نووسراوه: (مسته‌فا پاشا هه‌ر (9) خاڵه‌كه‌ی به به‌ڵگه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئینگلیز سه‌لماند).
دواجار، ئینگلیزه‌كان، هه‌ر هیچیان به‌رانبه‌ر رووسه‌كان نه‌كرد، تا له مانگی حوزه‌یران، واته دوای زیاتر له دوو مانگ ماڵوێرانی، رووسه‌كان خانه‌قینیان جێهێشت و كشانه‌وه بۆ ئێران و هێزه‌كانی توركیش جارێكی دیكه به‌بێ دواكه‌وتن (خانه‌قین)یان به (جه‌بل حه‌مرین)یشه‌وه داگیركرده‌وه.
له‌به‌ر بوێرییه‌كه‌ی و ئەو خۆشه‌ویستییه‌ی مسته‌فا پاشای باجه‌ڵان له‌نێو خه‌ڵكی خانه‌قین و مه‌نده‌لی و به‌دره هه‌یبوو، هه‌میشه عوسمانییه‌كان رووبه‌ڕووی كێشه‌یان ده‌كرده‌وه
*بۆ ئه‌م بابه‌ته سوودم له كتێبی (پوخته‌ی كاروباری كاتی جه‌نگی جیهانی له كوردستانی جنوبی) نووسینی: ئی.جه‌ی.ئاڕ، وه‌رگێڕانی بۆ كوردی مه‌هاباد ساڵح ئه‌حمه‌د، وه‌رگرتووه.