״رۆحه عه‌زیزه‌كه‌م، برا به ته‌میزه‌كه‌م، كاكه ئه‌حمه‌د گیان، له خودای ته‌باره‌ک و ته‌عالەلا به دڵ ئه‌پارێمه‌وه كه وجووده به قیمه‌ت و نه‌فیسه‌كه‌ت وه‌كوو گه‌وهه‌ری نایاب له سه‌رفی حیمایه‌ت و پاراستن و حافیزی حه‌قیقیدا مه‌حفوز بێ״
دڵنیام ئه‌گه‌ر كورد چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌بێت بۆ هه‌تا هه‌تایه شانازییان پێوه بكات، یه‌كێك له‌وانه مامۆستا و عه‌للامه‌ی گه‌وره (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس)ه.
له بابه‌تی ئه‌مجاره‌ی گۆشه‌كه‌مدا، جیا له نووسینه‌كانی دیكه، كه له‌سه‌ر (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم) نووسراوه، من چه‌ند نامه‌یه‌كی تایبه‌تی ئه‌م زاته موباره‌كه شرۆڤه ده‌كه‌م، کە بۆ یه‌كێك له هاوڕێ نزیكه‌كانی خۆی نووسیوه، ئه‌ویش مامۆستا (شێخ ئه‌حمه‌د شاكه‌لی)یه، كه بێگومان ئه‌ویش یه‌كێكه له عه‌للامه گه‌وره‌كانی كورد و کوردستان.
ئه‌وه‌نده‌ی من به‌دواداچوونم بۆ كردووه، (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) خاوه‌نی زۆرترین نامه و ده‌ستنووسه، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی له شاری به‌غدا ژیاوه، به شێوه‌یه‌ك هه‌واڵی مردن یان نه‌خۆشكه‌وتنی هه‌ر ئازیزێک یان كه‌سایه‌تییه‌ك یان هاووڵاتییه‌كی كوردستانی زانیبێت، نامه‌ی هه‌واڵپرسین و سه‌ره‌خۆشی بۆ نووسیوه و داوێتی به كه‌سێكی نزیكی خۆی و بۆی هێناوه‌ته‌وه بۆ كوردستان، له‌مباره‌یه‌وه مامۆستا (محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی)، كه یه‌كێكه له كه‌سه نزیكه‌كانی (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس)، ده‌ڵێت: (یه‌كێكی تر له ره‌وشته به‌رزه‌كانی مامۆستا، وه‌فای بوو بۆ هاوه‌ڵان و دۆستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی له كوردستاندا به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ناسیونی، ئه‌مه‌یش له‌وه‌دا ره‌نگ ده‌داته‌وه كه مامۆستا ئه‌و ماوه دوورودرێژه‌ی له به‌غدا بوو، ئه‌و هاوه‌ڵ و دۆستانه‌ی له بیرنه‌چوو بوو، كوردستانی فه‌رامۆش نه‌كردبوو. زۆرجار له خزمه‌تیدا بووم یه‌كێكی خه‌ڵكی سلێمانی ئه‌هاته خزمه‌تی، هه‌واڵی دۆست و مامۆستا و ناسراوانی لێده‌پرسی، وا ده‌بوو ئه‌و كه‌سه عه‌رزی ده‌كرد، فڵانه كه‌س كۆچی دوایی كرد، ئیتر مامۆستا دوای خه‌فه‌تخواردن و خوێندنی (انا لله و انا الیه را‌جعون) ده‌ستی ده‌دایه نووچه‌كه‌ی و په‌ڕه‌یه‌ك كاغه‌زی به له‌پی ده‌ستی و په‌نجه‌كانی ده‌گرت و هه‌ر به‌ده‌م قسه‌كردنیشه‌وه له‌گه‌ڵ میوانه‌كانیدا، كه كه‌م وا ده‌بوو ژووره‌كه‌ی بێ میوان بێت، پرسەنامه‌یه‌كی زۆر جوانی بۆ كه‌سوكاری ئه‌و كۆچكردووه ده‌نووسی).
مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس
هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی!
یه‌كێك له‌و هاوڕێ و دۆستانه‌ی كه مامۆستا موده‌ڕیس به‌رده‌وام نامه‌ی بۆ نووسیوه، مامۆستا (شێخ ئه‌حمه‌د شاكه‌لی) بووه، جگه له هه‌واڵپرسینی یه‌كتری كه به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز نامه‌یان بۆ یه‌كتری ناردووه، زۆرجار له‌سه‌ر پرسێكی شه‌رعی یان ئایینی بۆچوونیان گۆڕیوه‌ته‌وه.
یه‌كێك له‌و نامانه‌ی كه من هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌م، له 14ی ره‌مه‌زانی 1368ی كۆچی، كه ده‌كاته ساڵی 1949ی میلادی (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم) بۆ مامۆستا (شێخ ئه‌حمه‌د شاكه‌لی) نووسیوه، زیاتر وه‌كو هه‌واڵپرسین وایه، به‌ڵام ئێوه دیقه‌تی ئه‌م شێوازی نووسین و هه‌واڵپرسینه بده‌ن، كه به راستی بۆنی گوڵاوی لێدێت، سه‌ره‌تا مامۆستا موده‌ڕیس ده‌نووسێت: ((بۆ خزمه‌ت زۆر موحته‌ره‌م، سه‌رچاوه‌ی وه‌فا، له عه‌هدی جه‌فادا، موجه‌ددی موحیبه‌ت له ده‌وره‌ی بێ موجته‌بادا سه‌عاده‌ت ئه‌ركان، جه‌نابی كاكه شێخ ئه‌حمه‌د، دامە عومره...)).
مامۆستا (موده‌ڕیس) له وه‌سفی هاوڕێكه‌ی و ئه‌و هه‌موو هه‌واڵپرسینه ناوه‌ستێت و له بڕگه‌ی دووه‌می نامه‌كه‌یدا، كه به خاڵ بۆ مامۆستا (ئه‌حمه‌د شاكه‌لی) نووسیوه، ده‌ڵێت:
((اولا: به قه‌ده‌ر مه‌وجه‌ی هه‌وای گه‌رمی گه‌رمیان و نه‌شئه‌ی نه‌سیمی سوبحی كۆساران، عه‌رزی سه‌لام و ئیحترام، وه ته‌مه‌ننای ته‌رقیات و عیزه‌ت و ته‌وفیقتان عه‌رز ئه‌كه‌م، وه ئومێده‌وارم شه‌وانت له سرورا وه‌كوو رۆژی پڕ نوور بێ.
ثانیا: له‌وه‌ختێكا مونته‌زری نوێ وه موژده‌ی سیحه‌تی وجوودتان بووم، ناكاو وه‌كوو به‌شیری به‌هه‌شت به‌شاره‌تی عافیتتان ده‌رگای دڵی كردمه‌وه، وه له ئه‌حواڵتان خه‌به‌رداری كردم، ئه‌م وه‌زعه زۆر دڵخۆشی كردم)).
شه‌رع و فره‌ژنی!
(شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌لی)، كه له ساڵی 1902 له دایكبووه و له 1982 له ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووه، به‌و پێیه‌ی له حوجره‌وه ده‌ستی به خوێندن كردووه، به شێوه‌یه‌ك به‌رده‌وام بووه تا ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی وه‌رگرتووه و وه‌كو ده‌ڵێن سه‌وداسه‌ری (شێخ عوسمانی دووه‌م)ی بیارە بووه. پاشان، له بواری سیاسیش‌دا كاری كردووه و ئه‌ندامی حزبی (هیوا) بووه، به‌ڵام له‌وانه‌ش گرنگتر یه‌كێك بووه له شاعیره هه‌ره به تواناكانی سه‌رده‌می خۆی، كه چه‌ندین شیعری له گۆڤاره‌كانی: گه‌لاوێژ، ده‌نگی گێتی تازه و هه‌تاو، بڵاوكردۆته‌وه، بۆیه نامه شه‌خسییه‌كانی نێوان (شاكه‌لی) و (موده‌ڕیس)یش هه‌ر به زمانێكی شاعیرانه و ناسك نووسراوه و چه‌ندین گوزارشتی جوان و كوردانه و سه‌رنجڕاكیشی تێدایه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر موناقه‌شه‌یان له‌سه‌ر بابه‌تێكی ئایینی و شه‌رعیش بوایه، هه‌ر به‌م زمانه نامه‌یان بۆ یه‌كتری نووسیوه، ئه‌وه‌تا گفتوگۆیه‌كی گه‌رم له نێوانیان رووده‌دات، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه (شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌لی) ده‌یه‌وێت ژنی دووه‌م بێنێت، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له رووی شه‌رعه‌وه رێگه‌ی پێبدرێت، بۆ ئه‌مه‌ش نامه‌ی نووسیوه بۆ (مه‌لا عه‌بدولكه‌رم موده‌ڕیس) تا بۆچوونی شێخ عه‌لائه‌دینی بیاره‌ی بۆ وه‌ربگرێت، چونكه مامۆستا موده‌ڕیس له‌و سه‌رده‌مەدا له خزمه‌ت شێخی بیاره دابووه، به‌ڵام دیاره نامه‌ی یه‌كه‌م نه‌گه‌یشتووه به ده‌ستی (شاكه‌لی) و نامه‌ی دووه‌می (موده‌ڕیس) بۆ (شاكه‌لی) ده‌نووسێت له مانگی هه‌شتی 1950 و ده‌ڵێت: ((بۆ خزمه‌ت برای شیرین كه‌لام، ساحێبی مه‌قام، جه‌نابی سه‌یید ئه‌حمه‌د شاكه‌لی موحته‌ره‌م....
له پاش ته‌قدیمی سه‌لام و ئیحترام و دوعای ده‌وامی عومر و سه‌عاده‌ت و ئیقبالتان، موحیبه‌تنامه‌تان هات، به زیاره‌تی نائیل بووم، وه له سیحه‌تتان مه‌سروور بووم، ئه‌حواڵی ئێمه‌تان پرسی بوو، لله الحمد سیحه‌تمان باشه، له شه‌ریک بن.
برا گیان، له خصوصی مه‌سه‌له‌كه‌وه ئیزهارت فه‌رموو بوو، ته‌عه‌جوبم كرد، چونكه بیست رۆژ زیاتره جوابه‌كه‌م بۆ نووسیون، ئه‌بێ بۆچی نه‌گه‌یشتبێ؟ حاصیلی مه‌زموونه‌كه‌ی ئه‌مه بوو: شێخ موافه‌قه‌ی نه‌فه‌رموو، وه‌به‌باشی نه‌ئه‌زانی، ته‌بعه‌ن منیش حه‌ز ناكه‌م ئه‌سبابی مه‌له بۆ تۆ په‌یدا بێت لاسیما ته‌عه‌دودی ئه‌زواج، ئه‌عدا العدا لصحه المزاج !»)).
ئه‌گه‌ر دیقه‌ت له‌و نامه‌یه‌ی موده‌ڕیس بده‌ن، كه بۆ نزیكترین هاوڕێی خۆی نووسیوه، چونكه وه‌ڵامه‌كه به دڵی (شاكه‌لی) نییه، بۆیه ده‌یه‌وێت به زمانێكی خۆش و نه‌رم وه‌ڵامه‌كه‌ی بۆ بنووسێت، چونكه شێخی بیاره لە وەڵامەکەیدا ره‌زامه‌ند نییه مامۆستا (شاكه‌لی) ژنی دووه‌م بێنێت.
له‌نامه‌یه‌كی تردا، كه له ناوه‌ڕاستی ساڵی 1951 (مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس) جارێكی دیكه بۆ هاوڕێكه‌ی مامۆستا (ئه‌حمه‌د شاكه‌لی) نووسیوە، ده‌رباره‌ی ژنهێنانی دووه‌م، به تایبه‌ت كه مامۆستا (شاكه‌لی) سوور بووه له‌سه‌ر خواسته‌كه‌ی خۆی بۆ ژنهێنانی دووه‌م، له‌م نامه‌یه‌دا، مامۆستا (موده‌ڕیس) ره‌زامه‌ندی خۆی ده‌رده‌بڕێت كه (شاكه‌لی) ژنی دووه‌م بێنێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا بۆچوونی نه‌گۆڕی (شێخ عه‌لادینی بیاره)شی بۆ دووپاتده‌كاته‌وه كه بۆچوونه‌كه‌ی نه‌گۆڕه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی رێگە نادات مامۆستا (شاكه‌لی) ژنی دووه‌م بهێنێت، به‌پێی ئه‌و ده‌ستووره‌ی ئه‌و وتوویه‌تی.
سه‌ره‌تای نامه‌كه، مامۆستا (موده‌ڕیس) گوڵاوپڕژێنی ده‌كات، به شیعرێك له‌سه‌ر مامۆستا (شاكه‌لی) و ده‌ڵێت:
شاكه‌لی وه‌شانی گشت زینده دڵان
وه شنۆی سه‌حه‌ر جه‌باخچه‌ی گوڵان
دڵ چون په‌ڕه‌ی گوڵ غه‌مزه‌ده‌ی خه‌زان
جه ده‌ردی دووری وه‌حسره‌ت رێزان
به‌مشێوه‌یه شیعره‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت و دوایی دێته سه‌ر هه‌واڵپرسین و ده‌نووسێت:
((رۆحه عه‌زیزه‌كه‌م، برا به ته‌میزه‌كه‌م، كاكه ئه‌حمه‌د گیان، له‌خودای ته‌باره‌ك وه‌ته‌عالەلا به دڵ ئه‌پارێمه‌وه كه وجووده به قیمه‌ت و نه‌فیسه‌كه‌ت وه‌كوو گه‌وهه‌ری نایاب له سه‌رفی حیمایه‌ت و پاراستن حافیزی حه‌قیقیدا مه‌حفوز بێ، وه به‌هه‌موو ده‌ره‌جه پایه‌یه‌كی لوتف و ئیحسان به‌شدار و مه‌حزووز بێ ״بمنه״)).
پاشان، مامۆستا (موده‌ڕیس) دێته سه‌ر ئه‌سڵی مه‌خسه‌د و بۆ مامۆستا (شاكه‌لی) ده‌نووسێت: ((بۆ مه‌وزوعه‌كه، سابق جوابه‌كه‌م ته‌قدیم كردن، وه ئێسته‌ش زاهیره‌ن جواب وه‌كوو سابیقه، فه‌قه‌ت ئه‌گه‌ر ڕه‌غبه‌ت و مه‌یلتان له‌سه‌ری ماوه، غه‌یری ته‌وه‌كول به‌خودای ته‌باره‌ك وه‌ته‌عالەڵا، هه‌موو شتێ ته‌وه‌كوله (بسم الله) مادام وه‌خت و وه‌زع موناسیب ئه‌بینی «فإذا عزمت فتوكل علی الله إن الله یحب المتوكلین».
ئێمه له دوعای موفه‌قییەت قسوور ناكه‌ین، هه‌رچی له‌لای خوداوه بێت خۆشه، له‌م چه‌ند دێڕا مه‌قسوودم موماشات و موافه‌قه‌یه له‌گه‌ڵ ره‌غبه‌تی ئێوه‌دا نه‌كوو له سه‌لب و نه‌هییا دڵئازارده بین)).
بێگومان له كۆتایی نامه‌كه‌دا، دیاره مامۆستا (عه‌بدولكه‌ریم)، زۆر مه‌به‌ستی بووه كه دڵی مامۆستا (ئه‌حمه‌د شاكه‌لی) نه‌ڕه‌نجێت، بۆیه ده‌نووسێت:
(( یاخوا هه‌رگیز دڵت نه‌یه‌شێ لێمان، شاكه‌لی گیان، برازاكانت، محه‌مه‌د فاتیح وه محه‌مه‌د ده‌ستتان زیاره‌ت ئه‌كه‌ن، ئیتر هه‌ر له بیاره تا لای ئه‌و یاره سه‌لام و دوعای حیفز و ئیعتصام ته‌قدیم ئه‌كه‌م.
برات له‌بیاره: عه‌بدولكه‌ریم)).
بۆیه كاتێك ئه‌و هه‌موو نامه پڕ له شیرین كه‌لامه‌ی مامۆستا موده‌ڕیس ده‌خوێنیته‌وه، تێده‌گه‌یت ئه‌و زاته چه‌نده مه‌زن بووه، چونكه هه‌میشه دیوه‌خانه‌كه‌ی پڕ بووه له خه‌ڵك، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و رێز و زانا و داناییه بووه كه هه‌یبووه، چونكه هه‌ر مه‌جلیسێك ئه‌وی تێیدا بوایه هه‌مووی ده‌بووه گوێگر و ئه‌و قسه‌كه‌ر.
گۆڕتان پڕ نوور بێت مامۆستایان (موده‌ڕیس) و (شاكه‌لی)، كه به‌رده‌وام كرداری چاكه‌تان به‌سه‌ر هه‌مووانه‌وه ده‌بارێت.
*تێبینی: بۆ ئه‌م بابه‌ته، سوودم له كتێبی (بیبلۆگرافیای نامه‌كانی مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریم موده‌ڕیس) وه‌رگرتووه، كه له كۆكردنه‌وه و ساغكردنه‌وه‌ی (پ.ی.د. عه‌دنان عه‌بدولقادر هه‌ورامانی)یه.
شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌لی