گەڕێکی دیکەی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت

09:55 - 2022-07-05
مه‌ریوان عه‌لی‌ محه‌مه‌د
443 خوێندراوەتەوە

پێشبینیی دەكرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا گەڕێكی دیكەی گفتوگۆكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەست پێبكات، ئەركی لەمەودوای لایەنەكان زۆر دژوارتر دەبێت لەو ئەركەی كە پێشتر موقتەدا سەدر لەئەستۆی گرت.
كشانەوەی سەدرییەكان
سەدرییەكانیش هەرچەندە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پرۆسەی سیاسیی كشاونەتەوە، بەڵام هیچ لایەنێك لە نێو ماڵی شیعەدا ناتوانێت دەست بۆ هەر كەسایەتییەك بەرێت بۆ گرتنە دەستی پۆستی سەرۆك وەزیران گەر پێشتر ڤیتۆی  سەدری  لەسەربووبێت،  لەبەر دوو  هۆ، یەكەمیان  سەدر دەتوانێت لە دەرەوەی پەرلەمانیش دا داوا لە هاپەیمانەكانی و لیستە سەربەخۆكان  بكات هەمان چەكی (یەك لەسەر سێی پەكخەر) بەكاربهێنن، كە پێشتر لایەنەكانی چوارچێوەی هەمەهانگیی لە بەرامبەری بە كاریان هێنا، بۆ پەكخستنی كۆكردنەوەی رێژەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان،  كە بریتییە لە 220 پەرلەمانتار، بۆ تەواوكردنی نیسابی یاسایی دانیشتنی پەرلەمان، دووەمیشیان موقتەدا سەدر یەكێكە لەو سەركردانەی كە دەتوانێت بە ئیعاز بۆ هەوادارانی ملیۆنێك خۆپێشاندەر برژێنێتە سەرشەقامەكان و پێشینەشی  لەوەدا دیارە  وەكو چۆن  لە ساڵی  2016 دا  هەزاران خۆپیشاندەری خستە ئەودیو پشتێنەی ئەمنی ناوچەی سەوز و چونە نێو حەرەمی پەرلەمان و شكۆی پەرلەمانیان شكاند هەر بە ئیعازی خۆشی خۆپیشاندەرەكان كشانەوە.
لەبەر هەلومەرجی وادا كۆمەڵێك دیدگا بە ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە دەرفەتێیان بۆ دەڕەخسێت بەوەی سیناریۆی خۆیان بە كۆمەڵێك مەرجی پێشوەختەوە بخەنە ڕوو، لایەنی براوەش یاخود لیستی زۆرینە پەرلەمانتار بۆ كۆكردنەوەی ژمارەی پەرلەمانتاری پێویست ناچارە، گویان بۆ بگرێت و لەسەر خەت ڕایان بگرێت،  كە  بەدڵنیاییەوە یەكێكیش لەو سیناریۆیانە لەوەدا خۆی  نمایش دەكات كە مەشهەدە سیاسییەكە بە جۆرێك دابرێژن  لایەنەكانی چوارچێوەی هەمەهانگیی خۆیان تاقی بكەنەوە بەبێ رەوتی سەدر حكومەت پێكبهێنن.

ئەنجومەنی نوێنەران لە چاوەڕوانی چارەسەری بنبەستی سیاسیدا

 پرس و دۆخی سیاسیی لەو جۆرە دەرخەری ئەوەن كە عیراق لە رووی سەقامگیریی سیاسیی، ئەمنیی  لە لاوازترین ئاستیدایە،  گەلەكەشی لە ناوەراست و باشووردا زۆر توڕەو بێزارن لەبەر بێ كارەبایی، بێ ئاویی، بێ خزمەتگوزاریی، بە پێی مەنتیقیش لەحاڵەتی وەهادا، حكومەت و بریاربەدەست كار بۆ لابردنی كێشەو گرفتە سیاسییەكان دەكات و خۆی لەكێشە بەدوور دەگرێت،  كەچی لەگەڵ كۆی ئەو هەموو كێشە ناوخۆیی و تورەبوونی شەقامەیدا، حكومەتی عیراق هەرچەندە كاتیشە لەهەر پرسێكیدا كە تایبەت  بێ بە هەرێمی كوردستان، خۆی وەك دەوڵەت و حكومەتێكی تۆكمە و توندوتۆڵ دەخاتەڕوو،  هەڕەشەی داگیركردنی كێڵگەی نەوتیی و برینی بەشە بوودجە لە هەرێم دەكات.
هەڕەشەكانی بەغدا
بەغدا تا ئەم ساتەش بۆی چۆتە سەر و هەڕەشەكانیشی كاریگەریی بەسەر فەزای سیاسیی، ئابووریی جگە لە حكومەت،  بەسەر دەرونیی  گەلیشدا  جێهیشتووە، بۆیە پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، مەشهەدەكە وەكو خۆی ببینن، بەوەی ئێستا هەرێمی كوردستان پێویستیی بە یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی هەیە لەگفتوگۆكانیدا لەگەڵ ئەو وەفدەی كە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە بەغداوە سەردانی هەولێر بكات، موناوەرەی سیاسیی لە گۆرەپانی وەفدی میوان بەرتەسك بكاتەوە، كە بێگومان بەرتەسككردنەوەی موناوەرەی سیاسیی لە وەفدەكەی بەغدا بەوە دەكرێت، كە پێشوەختە بە گوێیاندا بدرێت، كاندیدی هاوبەشی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق ئامادەیە و كەسایەتییەكەش ل ەلایەن یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە دیاری كراوە، ئەو هەنگاوە لەم كاتانەدا زۆر پێویستەو بۆ میللەتیش پرسێكی حەیاتییە، پارتی بەو هەنگاوەی ئەگەر بینێ، خاڵێكی باش بۆ خۆی تۆماردەكات، بەپێچەوانەوە زیان بە خۆی و ناوماڵی كوردیش دەگەیەنێت، چونكە لە عیرقدا  لە دوای 2003 ەوە دابەشكردنی پۆستەكان بەر لە ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردن، ئیستیحقاقی نەتەوەیی و مەزەهەبییش جێگای كراوەتەوە،.
یەكێتی و پۆستی سەرۆك كۆمار
كوردیش پۆستی سەرۆك كۆماری بۆ دیاری كراوە و دیاریكردنی ئەو پۆستەش لەبەر دوو هۆكار بۆ یەكێتیی دەبێت و  بۆ پارتی نابێت، یەكەمیان پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراقی بەركەوتووە و كاندیدەكەشیان چەندین مانگە دەستبەكارە، دووەمیشیان وەفدی دانوستانكار كە لە»چوارچێوەی هەماهەنگی» پێك دێن، ئەم هێزەن كە بەهۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە یەك لەسەر سێی پەكخەریان دروستكرد  و هەر  بەهۆی یەكێتیشەوە لە دوای سەدر جانسی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان بۆ ڕەخساوە.

وتارەکانی نوسەر