پەراوێزێك بۆ دیوانی نالی

01:28 - 2025-08-14
مامۆستا جەعفەر
88 خوێندراوەتەوە

(4)
أصبح أثراً بعد عين
 أصبح أثراً بعد عين: ئیدیۆمێكی عەرەبییە، هەرچەند ئەوان لە خانەی پەند (الحكم و الأمثال) دایانناوە. واتای ئەوەیە: پێشتر، ناوێك، هێزێك، دەسەڵاتێك هەبووە، لەبەر چاو بووە، ئێستا شوێنەواریشی بە جارێک سڕاوەتەوە. ئەم ئیدیۆمە كاتێك بەكاردەهێنرێ، هەلێكی زێڕینت لەبەردەستدا بووبێت، ئێستا ئەو هەلە نایابە لە دەست چووبێت. كرماشانی و كەڵهوڕەكان دەڵێن: (داشتم داشتم حساو نییە، دیرم دیرم حساوە)، سۆرانی و گەرمیانیش دەڵێن: (ئەو نانە نانە، ئەمڕۆ لە خوانە!)
نالی، بە زیرەكیی خۆی ئەم ئیدیۆمە عەرەبییەی بۆ ناو بەیتێک لە شیعرەكانی گواستۆتەوە:
دیدەم هەموو شۆراوە
بە شۆراوی سوروشکم
لەم لەوحە نیگارینە
نە عەین و نە ئەثەر ما 

دیارە مانای ئەم بەیتە زۆر قووڵە: ئاماژەیەكی بروسكئاسا بۆ فەلسەفەی بوون و نەبوون دەكات. بوونێك، كە چەقی كێشمە كێشە، هەر لایەك بەرەو، لایەك راتدەكێشێت: كاتێك تەمەن بۆ ژوورتر هەڵدەكشێت، پانۆرامای رابردوو، وەكو گرتەی فیلمێكی درامی بە بەرچاوتەوە دێن و دەڕۆن. ئەم چركەیە مرۆڤ هەست بە لە دەستدانی (هەلە زێڕینەكان) دەكات: بۆ ئەمەم كرد و بۆ ئەوەم نەكرد؟ 
نالی، خۆی بیری هاوڕێ كۆنەكانی دەكەوێتەوە (هەی كەرێكم بوو...)، ئەو كاتە هاوڕێ و دۆستی نزیكی بوون، بە تێپەڕبوونی كات، دڵنیا دەبێت، ئەوانە سەدیان بەهای كەرێكیان نەبووە، (سەد وێڵداش)ی گێژ و وێژ، لە پڕ بیری دەكەوێتەوە چی بۆ (مەستوورە) نووسیوە:
مەستوورە کە حەسنا و
ئەدیبە بە حیسابێ
هاتە خەوم ئەمشەو
بە چ نازێک و عیتابێ
***
ئایینە بە مایینە دەبێ رەنگ نوما بێ
مەستوورە بە مەستوورە
دەبێ موهرەگوشا بێ

هەر من خۆم دەزانم بۆ نووسیویە (مەستوورە بە مستوورە....)، ئەگەر ئەم یارییكردنە بە مۆمی وشە و فەنتازیا (بە مستوورە)، كرایە دوو بڕگە ( بەم ئەستوورە)، مەستوورەی ئەردەڵانی تێدەگەێنێت، كامیان باڵا دەستن، لەگەڵ رێزی بێپایانم بۆ مەستوورە خانم، كە لەناو بورجی بلورینی دەرباری میرانی ئەردەڵانەوە، نەیویستووە وەڵامی شاعیری خۆ بە (رەندزان) بداتەوە.
فرمێسكی سوێر (دیدە)ی شاعیری وەكو لافاو تابلۆی رەنگاورەنگەکانی بەهاری لاوی سڕیوەتەوە، هیچی تێدا نەماوە. هەلە زێڕینەكانی لە دەستی چوون، ئیدی لەسەر تابلۆ رەنگاوڕەنگەكانی ژیان نە چاو (عین) و نە شوێن دەست و نە شوێنەوار (أثر) ماء .
*ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی جیهان   PEN

نالی

مەستوورەی ئەردەڵانی

وتارەکانی نوسەر