چۆن بتوانم بە کوردییەکی باش بنووسم؟ کوردیی باش چییە؟ (دکتۆر جەعفەر شەیخولئیسلامی)، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ (VOA) دەڵێ: (زمانی کوردی کەڵکەزمان، یان گەورەزمانێکە، کە لە چەندین شێوەزاری جیاجیا پێکهاتووە). لێرەدا دانانی چەپکەوشەی (کەڵەزمان) بۆ زمانی کوردی، زۆر لە جێی خۆیدایە. کوردێک لە هەر بەشێکی کوردستان بژیی و بۆ یەک چرکە بیر لە شێوەزارەکانی دیکەی زمانی کوردیی بکاتەوە، کێشەی (وێنای روون)ی بۆ دروست دەبێت، یانی ناتوانێ بە روونی قەبارە و توانای زمانی کوردیی وەک گەورەزمانێک وێنا بکات. لێرەوە بۆی دەردەکەوێت لەگەڵ کەڵەزمان و بابەتێکی ئاڵۆز سەروکاری هەیە. ئەو بابەتە رێک لە تیۆری زەین و (هەست) و (نەست)ی فرۆید دەچێت: (کە زەین لە هەست «خودئاگا» و لە نەست «ناخودئاگا» پێکهاتووە و لە کێوێک دەچێ لوتکەکەی دیارە و ئەوەیتری هەمووی شاراوەیە). ئەوەی لەم تیۆرەدا زۆر جێگەی تێڕامانە، هەرگیز ئاشکرا ناتوانێ وێنایەکی روونیی تەنانەت رێژەیی لە نائاشکرا هەبێت، مەگەر ئەوەیکە لە درزێکەوە دزە بکاتە ناو هەرێمی نائاشکراوە. کەواتە هەر کوردێک، لە هەر بوارێکەوە دزە بکاتە ناو شێوەزارێکی دیکەی کەڵەزمانی کوردییەوە، دەتوانێ وێنای قەبارە و توانای ئەم زمانە بە شێوەیەکی رێژەیی بکات.
بە ئیلهام وەرگرتن لە تێۆرەکەی فرۆید، زمانی کوردی لە چیایەکی بەرز دەچێت لەناو زەریایەکی بێبندا، چیایەک کە تەنیا کەمێک لە لوتکەکەی دیارە، یانی دامێن، لاجان، قەدپاڵ، پڕژە، کەپک، زاخڕ، خەرەند، قەیران، کەژ، بنار، بەندەن، رەوەز، سەخت و ماە، بێرم و کێوەکەی دیار نییە. لەو بڕە لوتکەیەش کە دیارە، هەر یەکەمان چەند گاشەبەرد و شینکە و لاوێچێ لە خۆڵەکەیمان بەدەستەوەیە و رۆژانەی خۆمانی پێ بەڕێ دەکەین. لە چەند ساڵی رابردوودا، لەبواری نووسین و وەرگێڕاندا ئەو راستییە سەلما، لەو ماوەیەدا هەندێ لە ئاڵۆزترین دەقە فەلسەفی و زانستییەکان، وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردیی و زۆریش سەرکەوتوو بوون، بۆ نموونە، کاتێ مێژووی فەلسەفەی کاپلستۆن لە وەرگێڕانی (مەسعود بابایی) دەخوێنیتەوە، یان کاتێ وەرگێڕانە زانستییەکانی (حسێن رابی) لە بواری فیزیادا دەخوێنیتەوە، قەبارە و توانای زمانی کوردیت تا رادەیەک بۆ دەردەکەوێت. لە بواری ئەدەبی و سیاسیشدا هێمن، هەژار، برایم ئەحمەد، مەسعود محەممەد، شوکر مستەفا، شێرکۆ بێکەس و جەمال نەبەز لە بەرهەمەکانیاندا، سەڵاح پایانیانی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریاندا و چەند کەڵەنووسەرێکی دیکە، قەبارە و توانای کەڵە زمانی کوردییان، تەنانەت لە یەک شێوەزاریشدا سەلماندووە. لە راستیدا دەبێ هەموو نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسییەک، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە بوارێکدا بکەرن و کۆمەڵگە، یان چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی بەرکاریانە، خۆیان فێری کوردییەکی باش بکەن.
کوردیی باش دوو شتە، یەکەم: وەک کوردێک و بە تایبەتی وەک نووسەر و رۆژنامەنووسێکی کورد، پێویستە هەندێ وشەی کوردیی سەر بە شێوەزاری خۆمان و شێوەزارەکانی دیکە بزانین، یانی ئەگەر شێوەزارەکانی دیکەی زمانی کوردیش بە باشی نەزانین، هەندێ وشەیان لێ بزانین و رۆژانە لە قسەکردن و نووسیندا ئەگەر پێویست بوو بەکاریان بێنین، بە تایبەت ئەگەر بۆ بابەتێک لە شێوەزاری خۆماندا، وشەمان نەبوو، بەڵام لە شێوەزارێکی دیکەدا هەمان بوو، ئەو بەکار بێنین، ئەمە زمانەکەمان زۆر باش دەکات.
زمانی کوردی لە چیایەکی بەرز دەچێت لەناو زەریایەکی بێبندا، چیایەک کە تەنیا کەمێک لە لوتکەکەی دیارە، یانی دامێن، لاجان، قەدپاڵ، پڕژە، کەپک، زاخڕ، خەرەند، قەیران، کەژ، بنار، بەندەن، رەوەز، سەخت و ماە، بێرم و کێوەکەی دیار نییە
ساڵی 2001 تا کۆتایی 2005 ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی (کوردستان – ئۆرگانی کۆمیتە ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بووم، ئەندامانی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی کوردستان زیاتر لە موکریانی و ئەردەڵانی و هەورامی و کورمانجی پێکهاتبووین، کاتێ بابەتێکمان دەنووسی و بۆ وشەیەک دادەماین، پرسیارمان لە یەکتریی دەکرد و وشەکەمان دەست دەکەوت، بەمشێوەیە زمانی کوردیی رۆژنامەکە بووبوو بە کوردییەکی زۆر باش، واتە کوردییەکی کوردستانی کە هەم خوێنەر چێژی لە خوێندنەوەی دەبینی، هەم هانی خوێنەری دەدا دەست بۆ فەرهەنگە کوردییەکان بەرێت. هەندێ وشە هەن ئێستا لەسەر زار و لە نووسینی زۆر کەسدا دەیانبیستین و دەیانبینین وەکو: کەتوار (واقیع)، باندۆر(هەژموون) و...هتد، لەو کاتەوە داکەوتن. کەواتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نووسینێکی کوردیی باش ئەوەیە لەلایەکەوە بتگرێت و نەتوانی دەست لە خوێندنەوەی هەڵبگریت، ناچارت بکات، جار و بار دەست بۆ فەرهەنگ و وشەدانەکان بەریت، لەلایەکی دیکەشەوە نووسینەکەت ئاوێنەی کەڵەزمانی کوردی بێت، وەک ئەوەی هەژار لە وەرگێڕانی قورئاندا کردوویەتی و هەروەها لە پێشەکیی (شەرەفنامە)شدا هەمان کاری دووپات کردۆتەوە. دیارە (شێرکۆ بێکەس)یش بە باشترین شێوە ئەو کارەی کردووە، شێرکۆ هەم هەنبانەی وشەی کوردیی دەوڵەمەند بوو، هەم دەربڕینی کوردیی بوو.
دوای دەوڵەمەندکردنی وشەدان، دەبێ دەربڕین و رستەکانمان کوردیی بن، واتە رستەکانمان کوردییەکی سەروبن دیار بن، یانی خوێنەر بە ئاسانی مانا و مەبەستی دەستبکەوێت و بزانێ نووسەر چی دەڵێت و باسی چی دەکات. کەواتە ئەگەر وشەکان و رستەکانمان کوردیی بن، ئەوا کوردییەکی باش دەزانیین، بەڵام ئەگەر بمانەوێ کوردیی زانینەکەمان زۆر باشتر بێت، دەبێ کوردییناسیش بین، بە تایبەت ئەگەر نووسەر یان وەرگێڕ یان زمانەوان بین، بێ ئەملا و ئەولا دەبێ وشەناس و رستەناس و بە گشتی کوردییناس بین.
دەبێ هەموو نووسەر و رۆژنامەنووس و سیاسییەک، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە بوارێکدا بکەرن و کۆمەڵگە، یان چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی بەرکاریانە، خۆیان فێری کوردییەکی باش بکەن
وەک گوتمان کوردیی باش دوو شتە، دووەمیان ئەوەیە وشەکان و شێوازی دەربڕین و رستە بناسین، یانی نەک هەر بیانزانین، بەڵکو بیانناسین، بۆ نموونە بزانین ئەم وشەیە لە چییەوە هاتووە و بە چ مەبەستێک و لە کوێ بەکار دێت، واتە رێک لە کات و شوێنی خۆیدا بەکاری بێنین. ئێستا لە راگەیاندنی کوردیدا رۆژانە دەیان وشە دەبینین لە جێی خۆیدا بەکار نەهێنراوە و رستەکەش کوردیی نییە و مانا و مەبەست بە دەستەوە نادات. کەواتە دوای ناسینی وشە، پێویستە شێوازی دەربڕین و هۆنینەوەی وشەکان و دروستکردنی رستە بزانین و بناسین، واتە بزانین بیرکردنەوە و وێناکانمان بە کوردییەکی دروست دەرببڕین. ساڵی 2003 (فەتاح کاویان) یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی جەنابی (مام جەلال) باسی وەرگێڕانی بۆ دەکردین، رستەیەکی وت هەرگیز لە بیرم نەچوویەوە، وتی: (ئەگەر ویستت بابەتێک، بۆ نموونە لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی بگۆڕیت، بە خۆت بڵێ، کەسێکی ئینگلیز، ئەو باس و بابەتەی بەمشێوە دەربڕیوە، ئەدی کوردێک هەمان باس و بابەت بە چ شێوەیەک دەردەبڕێت و دەیڵێت؟) ئەم قسەیەی (فەتاح کاویان) دوو شتە، یەکەمیان: وەرگێڕانی وشە بە وشە مەکە، بەڵکو مانا و مەبەست بگوازەوە، دووەم: پێکهاتەی رستەی کوردیی بزانە و بناسە. ئەوەی کە زۆر جێی داخە، ئێمە لە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، جار و بار بابەتی هەندێ کەسمان دێتە بەردەست کە خۆی بە پسپۆڕی زمانی کوردی دەزانێت و بابەتەکەشی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسیوە، بەڵام دەبێ بە سێ کەس هەڵە و پەڵەی بۆ راستبکەینەوە.
رەنگە پێویست نەکا هەموو کەس کوردییەکی باش بزانێ و کوردییناس بێت، بەڵام نووسەر و رۆژنامەنووس، بە تایبەت ئەو کەسانەی لە بواری زمان و زمانەوانیی کوردیدا چالاکن، ناکرێ کوردییەکەیان خراپ بێت.