حزبێک بۆ هێنانە پێشەوەی ژنان، سپۆنسەری کچە مۆدێلێک بکات تا ناو پەرلەمان، بۆ پەرتەوازەیی و زاڵبوونی وتاری ترسنۆکانە و شێواندنی پەیوەندییە جوانەکان و پەراوێزخستنی ژنانە
لە رۆژی (26-7-2025) لە بەغدا کۆنگرەی ژنان بەسترا، لەم کۆنگرەیەدا هەرسێ سەرۆکایەتی کۆمار و وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەی بوون، کە یەکەمجارە لە مێژووی کارکردنی ژناندا هەرسێ سەرۆکایەتییەکە بە سەرۆکی رەوتی حیکمە-شەوە ئامادەی کۆنگرەیەکی ژنان بن.
بۆ ئەو کەسانەی رووداوەکان بە رووکەش دەبینن، ئەمە بە رووداوێکی گەورە بۆ ژنان دەبینن تا رادەی دەسکەوت، بەڵام بۆ ئەوانەی بە وردی لە بارودۆخی عیراق شارەزان، دەزانن کە چۆن (188) بۆتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیان و شکۆی ژنان کە شەڵتەرەکانی ژنان لە ژێر ناوی جیاوازەوە لە بەغدا دەسوتێندرێن، لەبری ئەوەی بە شێوازی جیا هاوکاری و پشتیوانیکردنی ژنان بکرێت، بەڵکو لەژێر ناوی جیادا دەکوژرێن، زیندانی دەکرێن، ناچار بە خۆکوشتن دەکرێن، سوکایەتی و لێدان لە ماڵەوە، لە بنکەکانی پۆلیس، لەسەر شەقامەکان شکۆیان دەشکێندرێت، بێگومان ئەمانە کەس باسیان ناکات، کۆمەڵێک وشەی رازاوە و واجیهەی بیرکردنەوەی کۆمەڵێکی ژەهراوی پێ رووپۆش کراوە.
کۆتایی بە کۆنگرەکە هات، هەموو ئەوانەی لەوێ ئامادەبوون، وشەیەکیان لەوێ باس نەکرد، ئامادەکاران و نوێنەرایەتی ئەو سێ سەرۆکایەتییە کەسێکیان نەبوو پەیپەرێک ئامادە بکات، کەسێک نەبوو بڵێت رۆژانە ژنان لە دادگاکاندا دڵیان دەشکێت، کەسێک نەبوو بڵێت (188) سوکایەتییە بە کۆمەڵی عیراقی و هەڕەشەیە بۆ شکۆمەندیی گشتی کۆمەڵ، ئەگەری ئەوە دادەنێت کە ژنان ناڕازی دەبن، لە کۆی ئەو وتارانەی لەو کۆنگرەیەدا باسکران، بەڵام کام وتار و چ جۆرێک لە ناڕەزایەتی؟!
میکانیزمە سواوەکان بەردەوام بەکاردێنەوە، حزبێک بۆ هێنانە پێشەوەی ژنان، سپۆنسەری کچە مۆدێلێک بکات تا ناو پەرلەمان، تەنها بۆ ئەوەیە شکۆی ئەم کۆمەڵگەیە بشکێنێت، بۆ پەرتەوازەیی و زاڵبوونی وتاری ترسنۆکانە و شێواندنی پەیوەندییە جوانەکان و پەراوێزخستنی ژنانە، هاوتەریبی هەموو ئەمانە، کەسانێکی ئازا و لێهاتوو هەن کە لە خەمی شکۆی کۆمەڵگە و ئایندەدان بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، خەباتی ژنان ئەوندە مێژوویەکی جوانی هەیە، بە دڵنیاییەوە ئێستا و ئایندە دەبێتە لێپرسراوێتییەکی گەورە، کە دەبێت شانی بدەینەبەر.