فلاش فیکشن

10:41 - 2022-07-05
محەمەد كەریم
323 خوێندراوەتەوە

69 

ناسراو

ژنێكی پەنجا بەهاری خان و مانی گۆشتنە، بەڵام دەڵێی سی و پێنج ساڵە. لەچكێكی تەنكی داوە بەسەریدا، وەك ئەوەی كەركوكی بە شەڕەتفەنگ رزگار كردبێت، بێباك لە هەموو شتێك و لە دنیاش، بە لەنجەولار دەڕوات و منەت بەسەر خاكدا دەكات. كچۆڵەیەكی جوانی باریكەلە ئاماژەیەك بۆ كامێرامانەكەی دەكات و بە مایكەكەیەوە دەچێتە بەردەمی. بە هەناسە بڕكێوە:
«بە یارمەتی، پوورێ پرسیارێكم هەیە،»
«دایكت پوورێیە لاچۆ لەبەرچاوم، یارمەتی نییە،»
«یانی ناتەوێت دەركەویت، هەموو كەسێ حەزدەكات دەركەوێ!»
«ئەو مایكە لانەبەیت لە سەرتا دەیشكێنم، نەخێر نامەوێت دەركەوم، نامەوێ كەس بمناسێت.»
كیژۆڵە داماوەكە تووشی شۆك دەبێت و لەرزی لێدێت، خۆشی نازانێت چۆن لێی دوور دەكەوێتەوە.
ئەوەندەی تر بە لەنجەولار دەڕوات و زیاتر بەدەنە گۆشتن و نەرم و شلەكەی دەلەرێتەوە، دیارە ژوانێكی گرنگی هەیە، دەیەوێت بگاتە لای ئوتومبیلەكەی و لە كاتی خۆیدا بگاتە شوێنی مەبەست.  
 لە دوورەوە بە كۆنترۆڵ ئوتومبیلەكەی دەكاتەوە، سەردەكەوێت، سلفێك لێدەدات، یەكسەر مۆبایلەكەی دەنێت بە گوێیەوە. 
«هەلەو گیانی گیان، من چارەكێكی تر لەلاتم،»
دەكەوێتەڕێ، پەنجەیەك دەنێت بە ریكۆردەرەكەدا، حەسەن زیرەك یەكسەر تێهەڵدەكات: «یاڵڵا شۆفێر یاڵڵا زوو بگە یارم ...»
ئەم ژنە، كە منیش نازانم ناوی چییە؟ نەك لە هەموو ژنەكانی ئەم وڵاتە لە هەموو ژنەكانی دنیاش ناچێت. دڵێكی ئەوەندە گەورەی هەیە، جێگای هەموو كەسێكی تێدا دەبێتەوە، نا، هەموو كەسێك نا، هەموو پیاوێك.
نەرم نەرم ئوتومبیلەكەی لێدەخوڕێت و لەگەڵ حەسەن زیرەكدا گۆرانییەكە دەڵێتەوە. بیرلەوە دەكاتەوە كاتێ دەگاتە لای پیاوە تەڕپیرەكە و باوەشی پێدا دەكات، چی دەڵێت: «شاسواری خەونەكانم؟ پاڵەوانی سەر سیسەم؟ تریفەی مانگی چواردە؟ ئەسپەشێی ماینە خۆشبەزە تامەزرۆكە؟ پیاوە بە ویقارەكەی وڵات؟ پاشای ناو كەژاوەی شاجوان؟ ...»
ئەم دەستەواژانە بۆ هەموو پیاوێك دووبارە دەكاتەوە، گوایە هەموو پیاوێكی خۆشدەوێت، ئەگەر سەعاتێكیش پێكەوەبن، ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە پیاوەكانیش باوەڕ بە عەشقەكەی دەكەن.
ئێستێك لە وتنەوەی گۆرانییەكە دەكات، بزەیەك دەكەوێتە لێوە ئەستوورەكانی. لەبەرخۆیەوە:
«بۆچی خەڵك بمناسێت؟ ئەوەندە بەس نییە كە هەموو پیاوە ژنبازەكانی ئەم شارە دەمناسن؟»

وتارەکانی نوسەر