شەن و کەو

چارەسەری ئاڵۆزیی سیاسی لای کوردە یان شیعە؟

10:22 - 2022-07-06
مستەفا محەمەد
684 خوێندراوەتەوە

دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی رۆژی دووشەممەی رابردووبوو  دواتریش بە بەیاننامەیەک تەوەرەکانی روون کرانەوە جارێکی تر ئەوەی دوپاتکردەوە کە لەپێناو دەرفەتدانی زیاتر و خێراترکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، داوای رێکەوتنی کورد دەکا و پێیوایە کە سەرەتای کردنەوەی گرێ کوێرەکە دەبێ لەنێوماڵی کوردەوە بێ و کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار یەکلابکەنەوە.
ئەم داوایەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ چەندین جارە ئاراستەی قەوارە کوردیەکان دوبارە دەکرێتەوە کە بۆ بەمەبەستی کار رایی پرسی ناوهێنانی حکومەت و دیاریکردنی کارنامەی حکومیش دەرهاویشتەی دەستووریی هەیە و بەلای ئەوانەوە رێگە راستەکەیە. 
ئەم جەختکردنەوەیە، سەرنجی تەواوی ئەو لایەنانەیە لەوەی کە پێویستە هەرچی زووە «یەکێتی و پارتی» و لایەنەکانی تریش کە خاوەنی کورسی پەرلەمانین بەیەکەوە دانوستان بکەن و ئەوەی بەشی کوردە لە رێکەوتنەکە جێبەجێ بکرێ، چونکە دواکەوتنی زیاتر لەبەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و دوور نییە جوڵە و نیەتی سەرۆکی رەوتی سەدر بۆ وروژاندنەوەی شەقام کارتەکانی دانوستان دوابخاتەوە و رێکەوتنی شیعەش بۆ پێکهێنانی حکومەت بە بنبەست بگەیەنێ.
ئەم تێڕوانینە بۆ سەنگ و پێگەی کورد لە کابینەکە گرنگی خۆی هەیە و دەبێ هەمووان باش بزانن رێکنەکەوتن و هێواشکردنەوەی هەنگاوەکان لەبارەی دانانی خاڵبەندیی هاوبەشی وەرەقەی کوردیی و یەکلایی نەکردنەوەی پرسی سەرکۆمار بەڕێکەوتنی پێشوەختە، بێگومان لێکەوتەی باشی بۆ ئاییندەی هەرێمیش نابێ!
«یەکێتی» وەک بەشێک لە رێکەوتنی بنەڕەتی ناو چوارچێوەکە هەر لەسەرەتاوە هەموو ئالیەتێکی بەشداریی فیعلی ئامادەیە و نایەوێ هیچ لایەنێک «بەکوردیشەوە» پەراوێزبخرێ ، بۆیە تۆپەکەی هەڵداوەتەوە گۆڕەپانی «پارتی» و لایەنە کوردیەکانی تر و دەرگای بەڕووی گفتوگۆدا بەکراوەیی هێشتۆتەوە، لەهەموو ئەگەرێکیشدا دەبێ ئەولایەنانەش لەوە گەیشتبن کە رێکەوتنی تەواوەتی پەیوەست کراوە بە دۆخی سیاسی و پرسە نێوخوییەکانی هەرێمەوە بەهیچ پێوەرێک ناکرێ بەدوو ئاراستەی جیا هەڵسوکەوتیان لەتەکدا بکرێ.
کەواتە دەکرێ بڵێین لایەنی کوردیی لەبەردەم تاقیکردنەوە و چانسێکی تری گەڕی دانوستانە بەجۆرێک خواست و ویستی هەمووان بە کاری هاوبەش و بەبنەمای سازان رەچاوبکرێ کە هەوێنەکەی  هاوسەنگی دابەشبوونی راستەقینەیە لە نێوان پۆستە باڵاکانی هەرێم و عیراقیدا، ئەگەر ئەمە بەدیهێنرا بێگومان بەیەک تیم دەکرێ بەزوویی وڵامی لایەنی شیعە و چوارچێوەی هەماهەنگیش بدرێتەوە، دواجاریش کورد ببێتە فریادڕەسی کرانەوەی گرێکوێرەی سیاسی و لەدایکبوونی حکومەتێکی نوێ لە عیراقدا.

وتارەکانی نوسەر