وردتر

بەرلەوەی كار لە كار بترازێت!

11:02 - 2022-07-19
لەشکر حەمە ساڵح
410 خوێندراوەتەوە

دۆسێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق وەك خۆی ماوەتەوە. پێدەچێت هەردوولا چاوەڕوانی پێشهاتە نوێیەكان و مەسەلەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بن لە بەغدا، بەڵام رێوشوێنە یاساییەكانی بەغدا، بەتایبەتی لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە، دژی هەرێم بەردەوامە.
تائێستا هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر چارەسەری سیاسی، پشتبەستوو بە رێوشوێنە دەستوورییەكان دەكاتەوە بۆ چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆسێی نەوتدا نەك رێوشوێنە یاساییە رووت و موجەڕەدەكان، بەبڕیارەكەی دادگای فیدرالیشەوە.
لە بەرامبەردا، عیراق دەیەوێت ناكۆكییەكانی لە بارەی دۆسێی نەوتی هەرێم وەك مەسەلەیەكی یاسایی و تەكنیكی نیشان بدات تا ئەوەی مەسەلەیەكی سیاسی بێت و پەیوەست بێت بە چارەنووس و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانەوە. 
ئەو دوو روئیا جیاوازە، لانیكەم ئەم دۆخەی ئێستای هێناوەتە ئاراوە. 
چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسی لە عیراقدا لە چەند مانگی رابروودا ئەوەندەی تر رێگەخۆشكەر بووە بۆ درێژەكێشانی بارودۆخەكە و مانەوەی دۆسێكان بە هەڵواسراوی، بەڵام دەكرێت دۆخەكە هەر بەمجۆرە بەردەوام بێت؟ چۆن دەكرێت بەرلەوەی كار لە كار بترازێت و پێشهاتی نوێ بێتە ئاراوە، دۆسێی نەوت و دۆسێی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا بەشێوەیەكی گشتی، مامەڵەیەكی گونجاوتری لەگەڵدا بكرێت؟
ئەم مشتومڕە لە كاتێكدایە كە چەند رۆژێكە گفتوگۆكانی پەیوەست بە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی نوێنەران گەرموگوڕیی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ و دواجاریش پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەغدا. هەروەك مشتومڕەكە هاوكاتە لەگەڵ هەندێك بۆچوونی كوردستانی لەبارەی پێویستیی زوو چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییەكان لەگەڵ بەغدا، بەو پێیەی لەم بارودۆخە و تەنانەت لە بارودۆخی چاوەڕوانكراوی چەند مانگی داهاتووشدا زەمینەی لەبار هەیە بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە رێكەوتن، ئەگەرنا دۆخەكە بەشێوەیەكی گشتی لە بەرژەوەندیی كوردستاندا نییە.
بۆچوونەكە زیاتر وا خۆی دەنوێنێت كە پێویستە بەرلەوەی كار لە كار بترازێت هەرێمی كوردستان هەنگاوی یەكلاكەرەوە و جددی بنێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەتایبەتی لە دۆسێی نەوتدا، بەو بیانووەی وەزارەتی نەوت و ئاراستەی سیاسی پشت كاركردنی وەزارەتەكە بەرەو ئەوە دەڕوات كە بارودۆخ و پێشهاتەكان لە بەرژەوەندیی دۆسێی نەوتی هەرێمدا نەبن.
لە راستیدا، ئەوەی روودەدات هەنگاوی یەكلاكەرەوە و وەرچەرخان بەخۆیەوە نابینێت تا بەفیعلی گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بەغدا و داڕشتنی بەرنامە و كارنامە سیاسییەكەی دەستپێدەكات! لەوێ روون دەبێتەوە ئەوەی بەغدا كردوویەتی بەرامبەر دۆسێی نەوتی هەرێم، پرسێكی جدییە یان بەشێك بووە لە گوشار و كارتی سیاسی. 
دەبێت لەوەشدا هەرێمی كوردستان چارەسەر و رێگەچارەی گونجاوی لەبەردەست بێت بۆ مامەڵەكردن و هەڵسەنگاندن.
ئەم بارودۆخەی ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەدۆسێی نەوتەوە، راستییەكی مێژوویی و سیاسیی گەورەی خستۆتەڕوو كە پێویست ناكات ئیتر دۆسێی نەوتی هەرێم بەو جۆرە و بەو سیاسەتە بەردەوام بێت. بەرلەوەی ببێتە مایەی تووڕەكردنی بەغدا و هەڕەشەی وەرگرتنەوەی دۆسێكە تا دەگاتە بڕیارەكەی دادگای فیداڵی، بۆتە مایەی زیانێكی زۆر بۆ هەرێمی كوردستان!

وتارەکانی نوسەر