سەدرییەكان و حكومەت و ئەوانی تر

11:47 - 2022-07-19
ئیدریس جەبار
397 خوێندراوەتەوە

دەستلەكاركێشانەوەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران نەبووە مایەی پاشەكشەكردن لە پرۆسەی سیاسی، ئێستاش سەدرییەكان سوورن لەسەر جێبەجێكردنی ئەو خواست و ویستە سیاسیانەی لەپێش هەڵبژاردن و لە دوای هەڵبژاردن بانگەشەیان بۆ دەكرد. 
«حكومەتێكی خزمەتگوزار، دوورخستنەوەی گەندەڵكاران لە ناوەندەكانی بڕیار، تاقینەكردنەوەی ئەوانەی تاقیكراونەتەوە، رێگرتن لە هاتنەپێشەوەی بەرپرسان لە كوشتارگەكانی سپایكەر و سەقڵاویە، دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی لە ململانێ‌ حزبی و سیاسییەكان و دەستوەردانی دەرەكی، هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان»، و چەندان داواكاریی و داخوازیی تر كە تێكڕایان مەرامی سیاسییان لە پشتەوەیە و رووبەڕووی لایەنی بەرامبەر دەكرێنەوە لەكاتی هەنگاونان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌. 
هاوپەیمانی سێقۆڵی كە لە دوای هەڵبژاردنەوە لەسەر دەستی سەدرییەكان دامەزرا بۆ پێكهێنانی «حكومەتی زۆرینە»، لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە ئەنجومەنی نوێنەران، هەندێك لایەنی هاوپەیمانیان، هێندە پراگماتیانە مامەڵەیان كرد كە بووە  مایەی سەرسوڕمانی نێوەندە سیاسییەكان و بە بۆچوونی هەندێكیش»هەڵوێستەكە بەدوور بووە لە ئاكارە سیاسییەكان». 
سەدرییەكان لە گەمە سیاسییەكان تێگەیشتوون و دەزانن چۆن سیاسەت دەكەن، لەگەڵ ئەمەشدا خوێندنەوەیان بۆ هەڵوێستە ساسییەكان هەیە و لێوەی مامەڵەكردن و پەیوەندییەكانیان بەدوور لە دەمارگیریی دادەڕێژن، لە هەمان كاتدا هەڵوێستنی جوامێرانە و چەند واتایەكی تری دوور لە جیهانی سییاسەت لەبیرناكەن و لە میمۆری سیاسی خۆیاندا دەیهێڵهنەوە. 
هەرچەندە لە روانگەی هەندێكەوە وەك چەمكێكی سیاسی كلاسیكی تەماشا دەكرێت، سەدرییەكان پێیانوایە دەبێت حكومەت بۆ خزمەتكردن بە گەل بێت، نەك بۆ مەبەستی دەستەبەركردنی دەستكەوت وپۆستە باڵاكان، ئەمەش لەگەڵ پێوانەی ئەوانی تردا ناگونجێت و یەكناگرێتەوە.
لەگەڵ راگەیاندنی پاشەكشەكردنیان لە پرۆسەی سیاسی، هەندێك لە دۆستەكانیان بە ئەندازەی 180 پلە پشتییان تێكردن و لە هەڵپەكردن بۆ بەشداریی لە خوانی پێكهێنانی حكومەتدا بۆ ساتێك رانەوەستان و ئاراستەكانیان پێچەوانە كردەوە. 
لەڕێی نوێژی هەینی یەكگرتووەوە، سەدرییەكان پەیامی دوای پاشەكشەیان گەیاند، پەیامێك كە هیچی وای كەمتر نەبوو لە بەشدارییەكی بەهێز لە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت، پێكهێنانی ئەو حكومەتەی ئەوان رەتیدەكەنەوە داماڵراو بێت لە مەرجەكانیان، بە پێچەوانەوە شەقام بەكاردەهێنن و سیناریۆی رووخانی حكومەت و لەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی دەخەنە بەرچاوی نەیارەكانیان.

وتارەکانی نوسەر