شەن و کەو

״کات״ فریادڕەسی پاراستنی پڕۆسەی سیاسی عیراقە

10:26 - 2022-07-20
مستەفا محەمەد
706 خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی تائێستا هیچ ناوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عیراق یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی م چەند رۆژەی دادێ  لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە بگەنە رێکەوتن و کەسێک بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لەنێو ماڵی شیعەدا دەستنیشان بکرێ.
نازانرێ بازەکە لەسەر شانی کێ دەنیشێتەوە، بەڵام ئەوەی دیارە کە پێدەچێ « مستەفا کازمی» سەرۆک وەزیر چانسی دووبارە کاندیدکردنەوەی لەدەست دابێ، بەوپێیەی سەرکردە شیعەکان سوورن لەسەر کاندیدکردنی کەسێک لە ریزی یەکەم دا، بەو مانایەی یەکێک ئەو پۆستەی پێدەدرێ کە لەنێو ماڵی شیعەدا پاڵپشتێکی سیاسیی بەهێزی هەبێ و لەنێو حزب و قەوارە شیعەکاندا خاوەن نفوزێکی کاریگەربێ، ئەم مواسەفاتانەش بێگومان بۆ کازمی دەستەبەر نییە!
چەند رۆژی رابردوو ئەو لیژنە «حەوت کەسی»یەی کە لەنێو چوارچێوەکەدا پێکهێنرابوو، هەنگاوی باشی بڕیبوو کە یەکێک لەو «10» کەسەی پێشنیازکرابوون هەڵبژێرن و دواجار بکرێتە کاندیدی دڵخوازی هەمووان، بەڵام پێداگریی هەندێ لایەنی شیعی بە تایبەت حزبی دەعوە و خودی «نوری مالیکی « بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە و داخوزیان بۆ گۆڕینی شێوازی دەنگدان لەنێو چوارچێوەکەدا لە لیژنە حەوت کەسیەکەوە بۆ پێکهاتەی گشتی، هەوڵی لیژنە بچوککراوەکەی پوچەڵکردەوە.
ڤیتۆی سەدریش بۆ مالیکی بەتایبەت لەدوای دزەپێکردنی زنجیرە تۆمارێکی دەنگی «نوری مالیکی»، کە تیایدا  هێرشی توند دەکاتە سەر سەدر و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، ناکۆکی هەردوولای گەیاندۆتەوە ترۆپک، ئەگەرچی حزبی دەعوە راستی ئەم تۆمارانەی رەتکردۆتەوە، بەڵام فۆکەسی سەدر بۆ دوورخستنەوەی مالیکی چڕتربۆتەوە ، پلان و بیرۆکەی سەدر هەر بەوە ناوەستێ کە مالیکی لەنێو کاندیدەکان بهێنێتە دەرێ، بەڵکو دەیەوێ لەپێگەی بڕیاری ناوچوارچێوەکەش پەراوێزبخرێت و بەتەواوی لەپڕۆسەی سیاسی دوربخرێتەوە! 
پەراوێزخستن و دورخستنەوەی مالیکیش، دیسانەوە خولقاندنی کێشەیەکی گەورەترە لەنێو چوارچێوەکەدا، بەوپێیەی لیستی دەوڵەتی یاسا کە مالیکی سەرۆکەکەیەتی خاوەنی «40» کورسی پەرلەمانیدە و بەچونە دەرەوەی لە رێکەوتنەکان ، هیچ بوارێک بۆ پێکهێنانی کابینەکە نامێنێ و بەناچاریی دەبێت پەنا بۆ هەڵبژاردنێکی تری پێشوەختە ببرێ، ئەوەش رێک ئەو ئەنجامەیە کە سەدر دەیەوێت ! 
لەهەموو بارێکدا سەرکردە شیعەکانی ناوچوارچێوەکە گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە چیتر ناکرێ پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ دوابخرێ، بەوپێیەی رۆژ لەدوای رۆژ ناکۆکییەکان گەورەتر دەبن و هەندێ لایەنیش دەیانەوێ بە دروستکردنی قەیران و پێشهاتی مەترسیدار، تەنگژەی سیاسی بخوڵقێنن بۆیە دوایین فرسەت رۆیشتنە بۆ دانیشتنێکی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی کورد، کە چ بە رێکەوتنی پێشوەختەی کورد خۆی بێ، یا بەدەنگدان لەنێو پەرلەماندا یەکلایی بکرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر