لەناو رووداوەکاندا

رووداوەكەی پەرەخ و وتاری كورد و شیعە و سوننە

09:42 - 2022-07-25
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
427 خوێندراوەتەوە

دەمێك ساڵە دەوترێت شیعە و سوننە چەندە ناكۆكییەكانیان قووڵ و توند بێت، بەڵام لەبەرامبەر نەیارەكانیاندا یەك دەنگ و یەك وتارن، لە راستیدا لە رووداوەكەی گوندی پەرخێی زاخۆوە كە بەبۆنەی تۆپبارانەكانی دەوڵەتی توركیاوە 33 كەسی تێدا بووە قوربانی «9» شەهید و «24» بریندار»، راستی ئەم بۆچوونە تاكو ئەندازەیەك بۆ هەموومان سەلمێنرا. 
لەم رووداوەدا هەردوو لایەنی شیعە و سوننە، بە ئەو هێزە سوننیانەشەوە كە لە بەرەی توركیادان، رووداوەكەیان سەركۆنە كرد و دژی وەستانەوە و راستەوخۆ رووداوەكە بە دەستی توركیا دەزانن. تەنانەت بڕیار وایە سبەینێ «سێ شەممە» لەسەر داوای عیراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆببێتەوە.
كاتێك لە وتاری ئەم دوو هێزە دەڕوانین، تێدەگەین رۆحی ناسیۆنالیستی عەرەبی و خۆشەویستی نیشتمان لە سەرووی تەواوی پێكدادانە مەزهەبییەكەی نێوانیانەوەیە و قەبارەی هەر پێكدادانێكی نێوانیان بچووكترە لە قەبارەی نیشتمان و رۆحی ناسیۆنالیستی عەرەبی، ئەم دوو هێزە لە پەیامەكانیاندا بۆ توركیا دەیانەوێت ئەوە بگەیەنن كە ناكۆكییە ناوخۆییەكانی عیراق نابێتە بەڵگەی ئەوەی كە سنوورەكانی عیراق بێ پەرژین و بێ بەرگری بێت، ئەم وتارانە چەندە كاتی و راستیش نەبن، بەڵام دواجار یەكخستنی وتاری هێزە عیراقییەكان بوو بەرامبەر توركیا و شیعە و سوننە لەپێناوی عیراقێكی بەهێزدا ناكۆكییەكانیان بەلاوە ناوە دژی توركیا.
ئەوەی لەم وێنەیەی شیعە و سوننەوە پێمان دەگات، پێگەی وتاری كوردییە دژی ئەو هەموو لەشكركێشی و تۆپبارانەی رۆژانە دەكرێتەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، دابەشبوونێكی روون و ئاشكرا لە وتارەكەیدا دەبینرێت. تەنانەت وتاری كوردی جاڕی نەتەوەیی تێدا نابینرێت و هێزی كوردی هەیە هێزێكی كوردی دیكە تاوانبار دەكات بە هۆكاری ئەو بۆردومانانەی توركیا، لەكاتێكدا ئەوەی بینیمان لە وتاری عەرەبیشدا هیچ هێزێكی كوردی تۆمەتبار ناكرێت كە بیانوو بدات بە توركیا بۆ ئەو بۆردومانانە.
مایەی كەموكورتی گەورەیە كە بەلایەنی كەمەوە داگیركردنی بەشێكی خاكی باشووری كوردستان، مەرگی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی كورد بەهۆی بۆردومانەكانی توركیاوە، بڕینەوەی سێ ملیۆن درەخت لە دۆڵی شەشداران و بەتاڵانبردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی كوردستان، نەیتوانیوە وتاری كورد یەك بخات، بەپێچەوانەوە هەڵوێستی كورد دابەشبووە بەرامبەر بێڕێزی و سنوور بەزاندنی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن هەر وڵاتێكەوە بێت و سەروەریمان پێشێل بكات.
بە گشتی لە هەڵسەنگاندن و بەراوردكردنی وتاری كوردی بە ئەو وتارە عەربییە عیراقییە، دوو وتاری زۆر جودا دەبینین، مەرگی «9» هاوڵاتی بە رەگەز عەرەب! توانی تەواوی شەقامی عیراقی بجوڵێنێت و ئاڵای توركیا لەسەر باڵیۆزخانەكەیان بهێننە خوارەوە، كەچی ئەم رۆحە باڵایەی نەتەوەیی لای كورد نییە. ئەم وتارە عیراقییە پەیامێكیشە بۆ ئێمەی كورد سەرەڕای بچووكی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی كورد بەبەراورد بە ناكۆكییە ناوخۆییەكەی شیعە و سوننە، هێشتا بەقەدەر ئەوانمان پێناكرێت لە كاتە پێویستەكاندا وتاری نەتەوەیی و نیشتمانیمان یەكبخەین.

وتارەکانی نوسەر